شاندێکی شەنگال لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە

شاندێکی پارت و رێکخراوەکانی شەنگال لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. راگەیەندرا کە حەلبوسی پشتیوانی خۆی بۆ کۆمەڵگای ئیزدی دەربڕیووە.

نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە کە محەمەد حەلبوسی لەگەڵ شاندێکی شەنگال کۆبووەتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا حەلبوسی گوێ بۆ پێشنیارەکانی شاندەکە گرتووە لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پێداویستییەکانی ناوچەکە. هەر لەو چوارچێوەدا پرسی بەڕێوەبردن، ئاسایش و دۆخی پەبانەران گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی خۆی بۆ کۆمەڵگای ئێزدی دەربڕیوە و ئاماژەی بەو تاوانە نامرۆڤانەیە کردووە کە داعش بەرامبەر بە ئێزدییەکان ئەنجامیداوە".

لە کۆتاییشادا هاتووە کە محەمەد حەلبوسی رایگەیاندووە، کە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەنگاو دەنێن.

شاندی پێکهاتەکانی شەنگال کە حسێن حەجی هاوسەرۆکی پادێشی تێدابوو، بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری و گەیاندنی دۆخی شەنگال رۆژی یەکشەممە سەردانی بەغدای کرد. شاندەکە تائێستا لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای حکومەت لەوانە لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق و هەروەها هێزە سیاسییەکان دیداری ئەنجامداوە.

هـ . ب