شەبنەم کۆرۆر فینجانی ئازاد نەکرا

ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی شەبنەم کۆرۆر فینجانجی بەڕێوەچوو و جارێکی دیکە فینجانجی ئازاد نەکرا و دانیشتنەکە بۆ ١١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ دواخرا.

شەبنەم کۆرۆر فینجانی بەهۆی ئەوەی رایگەیاندبوو، پێویستە لێکۆلینەوە لە چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک بکرێت کە لە باشوری کوردستان لەدژی گەریلاکانی هەپەگە بەکاری دەهێنێت و بەو هۆیەوە بە تۆمەتی ' بانگەشەکردن بۆ تیرۆر' دەستگیرکرا. ئەمڕۆ دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی فینجانجی لە دادگای چاغلایانی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو. هاوپیشەکانی فینجانجی، نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنیەکان، سیاسەتمەداران و نوێنەری دەزگا و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بەشداریان لە دانیشتنی دادگادا کرد.

پارێزەرانی فینجانجی بەرگریان لە موەکیلەکەیان کرد و رایانگەیاند کە شەبنەم کۆرۆر فینجانی هیچ تاوانێکی نەکردووە و داوایان کرد ئازاد بکرێت.

دوای پارێزەران، لیژنەی دادگا بۆ ئەوەی داواکاری فینجانجی و پارێزەرانی بۆ ئازادکردنیی هەڵبسەنگێنێت، ناوبڕیدا.

دوای  ناوبڕەکە، لیژنەی دادگا بریارەکەی ئاشکرا کرد و داواکاری ئازادکردنی فینجانجی رەت کردەوە و دانیشتنەکە بۆ ١١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ دواخست.

ف.ق