سەربازانی تورک لەسەر سنور بەرهەڵستکارانی ئێران ئەشکەنجە دەدەن
چالاکوانان و بەرهەڵستکارانی دەسەڵاتی ئێران کە هەڵدێن، لەسەر سنووری وان دەکرێنە ئامانجی سەربازانی تورک و ئەشکەنجە دەدرێن.
چالاکوانان و بەرهەڵستکارانی دەسەڵاتی ئێران کە هەڵدێن، لەسەر سنووری وان دەکرێنە ئامانجی سەربازانی تورک و ئەشکەنجە دەدرێن.
ئەو کۆچبەرانەی لە سەر سنووری وان- ئێران دەستگیر دەکرێن لەلایەن سەربازانی تورکەوە رووت دەکرێنەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژ لەناو بەفردا رادەگیرێن.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە سێ مانگە چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەچێت. بە سەدان کەس کوژراون، بە هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.
ئەو کەسانەی لە ژێر دەسەڵاتی ئێرانەوە هەڵدێن هەوڵ دەدەن خۆیان بگەیەننە شاری وان لەسەر سنوور. بەرهەڵستکار و چالاکوانانی ئێران کە هەڵدێن لەسەر سنووری وان- ئێران لەلایەن سەربازانی تورکەوە دەستگر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. ئەو سنوورەی بە زستان سەرما و سۆڵەی زۆرە، بۆ پەنابەران دەبێتە رێگەی ئەشکەنجە و مەرگ. ژمارەیەکی زۆر پەنابەر کە هەوڵ دەدەن لە سنوورەوە بپەڕنەوە، لەلایەن سەربازانی تورکەوە دەستگیر دەکرێن. سەربازان ئەشکەنجەی پەنابەران دەدەن. مانگی کانونی یەکەم گروپێک لە پەنابەرانی ئێرانی هەوڵیاندا خۆیان بگەیەننە وان، دوای ئەوەی لەلایەن سەربازانی تورکەوە دەستگیرکران، رووتکرانەوە و بە شێوەی رووت لەسەر بەفر راکشێنران. گروپێک کە لە نێووان ١٥-٣٠ ساڵدا بووبۆ چەند سەعات بە رووتی هێڵرانەوە و بەم جۆرە سەربازانی تورک ئەشکەنجەیان دان.
ئەو ئێرانیانەی کە سەربازانی تورک ئەشکەنجەیان دەدەن، دواتر بە شێوەی رووت ئاودیوی رەوانەی دیوی سنووری ئێران دەکرێنەوە. ئەو مرۆڤانە کە لە ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەدان کە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بکوژرێن، سەرلەنوێ هەوڵ دەدەن لە سنوورەوە بپەڕنەوە و خۆیان بگەیەننە وان. چالاکوانێکی فارس کە تەمەنی ٣٥ ساڵە و سەربازانی تورک ئەشکەنجەیان داوە، باسی رووداوەکەی کرد و وتی، "من خەڵکی تارانم، دوای ئەوەی ژینا ئەمینی کوژرا، من دژی دەسەڵات وەستامەوە. هەرگیز هەنگاومان بۆ دواوە نەنا. پێیان زانی کە بەشداری خۆپیشاندانەکانم کردووە.لەبەر ئەوەش هەموو رۆژێک هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵەکەم. زۆر جار ئەندامانی خێزانەکەمیان برد و ئەشکەنجەیان دان. بنەماڵەکەشم لەبەر ئەوەی نایانەوێت بکوژرێم منیان رەوانەی تورکیا کرد. هەرچەندە بۆخۆم نەمدەویست بێم، من دەمویست درێژە بە بەرخودان بدەم، بەڵام هەڕەشەی کوشتنیان لە بنەماڵەکەم کرد. لەبەر ئەوەش ناچار بووم ئێران جێبهێڵم. دوای ئەوەی لە ئێرانەوە هاتم بۆ وان سەربازانی تورک من و ٥ کەسی دیکەیان گرت، کە لەگەڵمدابوون. بۆ چەند رۆژ ئەشکەنجەیان داین. لە سەرمای ژێر سفری سەدیدا لەسەر بەفر بۆ چەند کاتژمێر هێشتیانینەوە و ئەشکەنجەیان کردین. هەموو شوێنێکیان بریندارکردین. سەربازان دواتر ئێمەیان لە دیوی ئێران دانا. بۆ ئەوەی نەکەوینە دەست رژێمی مەلاکان من سەر لەنوێ تێپەڕی دیوی تورکیا بوومەوە".
هـ . ب