سەردانی سی پی تی کرا و داوا کرا ڕاپۆرتەکەیان لەسەر دوایین سەردانیان بۆ ئیمراڵی بڵاو بکەنەوە

پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی سی پی تی-یان کرد و داوایان کرد، سی پی تی ڕاپۆرتی خۆی لەسەر سەردانەکەی بۆ ئیمرالی بڵاوبکاتەوە.

ماوەی ٢١ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە، کە ماوەی ٢٤ ساڵە لە زیندانی جۆری ئێفی ئاسایشی باڵای ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیریدایە، هەروەها هەواڵی زیندانییەکانی دیکە عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم نییە. پارێزەرانی نوسینگەی یاسای ئاسرین سەبارەت بە موەکیلەکانیان دووبارە سەردانی کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی)یان کرد. لە سەردانەکەدا، داوا لە سی پی تی کراوە، کە ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی سەردانی ٢٠ - ٢٩ی ئەیلول بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە.

لە سەردانەکەدا باسی ئەوەشکراوە، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکان و پارێزەران، نامە و ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان پێشێل کراوە. هەر لەو سەردانەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە ڕێگری لە مافی پاراستن و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە دەکرێت. ئەو مافانە لەلایەن پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپاوە مسۆگەرکراون و ڕاشیانگەیاندووە: "دۆخی ئینکۆمۆنیکادۆ (دابڕاندن) خراپتر بووە. لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن سەردانی داواکاری گشتی بورسا و بەڕێوبەرایەتی زیندانی جۆری ئێفی ئاسایشی باڵای ئیمرالی کراوە. پارێزەران ٣٢ جار و بنەماڵەکانیش ١٤ جار داوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنیان لە هەردوو دەزگاکە کردووە، بەڵام وەڵامی داوەکانیان نەدراونەتەوە".

ئاماژە بەوەشکاروە، "پێش هەموو شتێک رێکخراوەکان و دام و  دەزگاکانی ئەوروپا، لە ٢٢ وڵاتی جۆراجۆرەوە ٣٥٠ پارێزەر لە ١٤ی ئەیلول و ٧٥٦ پارێزەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ چاوپێکەوتن سەردانی وەزارەتی دادیان کردووە، بەڵام وەڵامی ئەو داواکارییانە نەدراونەتەوە. چارەنووسی ئەو نامانەی، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا بۆ ئیمرالی نێردراون دیار نییە. هەروەها نازانرێت، ئەو نامە نوێیە، کە لە ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا و لە کاتی ئەو ڕاپۆرتەدا نێردراوە، گەیشتووە یان نا".

'دادگا تانە و ناڕەزایەتیەکان قبوڵ ناکات'

باسی ئەوەشکراوە، بە بەردەوامی لە مانگەکانی ئایار و ئەیلول و کانوونی دووەمدا سزای دیسیپلین سەپێنراوە و ئەوەشیان ڕاگەیاندووە، "هۆکاری قەدەغەکارییەکان بە ئێمە ڕانەگەیەندرا. دوای ئەوەی ماوەی تانەلێدان کۆتایی هات، وەڵامی پارێزەرەکان درایەوە. بەم شێوەیە پارێزەرەکان بە ئەنقەست لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و بڕیاردان دوورخراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕایانگەیاند، بە سزای دیسپلین سزدراون، لە ماددەی ٥٩ی بڕگەی بەندی زیندانەکانی ئەوروپادا هاتووە، 'پێویستە زیندانییەکان بتوانن لە ڕێگەی جێگرە یاساییەکانیانەوە بەرگری لە خۆیان بکەن'، بەڵام ئەو بڕگەیە بە شێوەیەکی کرداری و کاریگەرانە لەکارخراوە".

لە بەردەوامی سەردانەکەدا هاتووە: "دادگاکان بە بێ ئەوەی هۆکارێک و پاساوێک نیشان بدەن، تانەکانی دژ بە سزای دیسپلین بە خێرایی ڕەتدەکەنەوە، لە ڕاپۆرتی کۆمیتەکەدا لە ساڵی ٢٠٢٠دا سەبارەت بەوەی بە پاساوی سزای دیسپلین چاوپێکەوتنی بنەماڵەکان قەدەغە دەکرێت، ئەوە هاتووە، کە ئەو قەدەغەکارییانە "نایاسایین". بڕیارەکانی دادگای سزاکانی دادگای سزا قورسەکان ئیدی بە شێوەیەکی میکانیکی و ئۆتۆماتیکی ناگۆڕدرێن. بەوەئ ئاشکرایە، ئەم بڕیارانە بڕیاری سیاسین، نایاسایین و بەبێ ئەوەی بنەمایەکان لەبەرچاو بگیرێن پێشوەختە دەرکراون. بەبێ ئەوەی هەلومەرجی یاسایی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان لە کاتی چاوپێکەوتنەکان و بەبێ ئەوەی ئەوانە ڕوویاندابێت، بڕیاری قەدەغەکردن دراوە. ئەو بڕیارانەی قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن بەرامبەر بە پارێزەران هیچ بنەمایەکی ماددی و یاساییان نییە و هەر ٦ مانگ جارێک نوێ دەکرێنەوە، ئەوە سەپاندنێکی نایاسایی و هەڕەمەکی و میزاجییە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، لە ڕاپۆرتەکەی کۆمیتەکەتان لە ساڵی ٢٠١٣دا تیایدا هاتووە، ڕێگریکردن لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران، کە لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ەوە بەردەوامن، هەم دژی یاسای ناوخۆ و هەم لەدژی یاسا نێونەتەوەییەکانن. هەروەها ئەوەی تیادا دەستنیشانکراوە، کە ئەوە بڕیارێکی سیاسییە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە ئەم دۆخە قبوڵنەکراوە و پێشنیاری کردووە، کە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران بخرێتە بەرنامەی کار و سەردانەکانەوە، بەڵام لەو کاتەوە هیچ گۆڕانکارییەک لەهەڵوێستی بەرپرسان و دادگاکاندا نەکراوە.

'کۆمیتەکە لەبارەی سەردانەکەیەوە هیچ ڕاگەیاندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە'

کۆمیتەکەتان سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی هیچ ڕاگەیاندراو و راپۆرتێکی بڵاونەکردووەتەوە. هەروەها سەرباری ئەو پەیوەندییانەی کران، هیچ شتێکیان نەگوت. پێویستە کۆمیتەکەتان دەستبەجێ ڕاپۆرتی خۆی لە بارەی دوایین سەردانییەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە. ئەمە هەم پێویستییە و هەم  کات و دۆخی ئینکۆمۆنیکادۆ (دابڕاندن) تیادا ڕوو دەبێتەوە، بۆیە بڵاوکردنەوەی بابەتێکی ناچارییە. وەک لە ڕاپۆرتەکانی کۆمیتەکەتاندا دەستنیشان کراوە، دۆخی " ئینکۆمۆنیکادۆ" واتەئەوە کەسانی زیندانیکراو بە هیچ شێوەیەک ناتوانن لەگەڵ دەرەوە پەیوەندی دروست بکەن و لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان کۆببنەوە و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. ئەوەی ئێستا هەیە، دەرخەری ئەو دۆخەیە. ئەوە ڕوون نییە، کە بۆچی کۆمیتەکەتان مادەی ١٠/٢ی  سی پی تی جێبەجێ ناکات و کاری پێ ناکات، کە بەکاردێت بۆ ڕێگریکردن لە دۆخی 'ئینکۆمۆنیکادۆ'. ئەمە گومانێکی گەورەی لەسەر هەڵوێستی کۆمیتەکەی ئێوە دروست دەکات. سەردانی ئەم دواییەتان بارودۆخێکی دروستکردووە، کە دەوڵەتی تورکیا، حکومەت، دەسەڵاتدارانی گشتی و دادگاکان بە جدی وەرناگیرێن و سەردانەکان تەنیا ڕووکەشین.

بە دوایین سەردانتان، دەوڵەت و بەرپرسانی حکومەت و دادگاکان سەیری ناو چاوی ئێوەیان کردووە و و ئەم پەیامەیان پێداون، 'سەردانە ڕۆتینیەکانتان، ڕاپۆرتەکان، دەستنیاشنکردنەکان و پێشنیارەکانتان هیچ بەهایەکی بۆ ئێمە نییە. ئێمە چۆمان بوێت بەو شێوەیە دەجوڵێینەوە'. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، وەڵامێکی توند بەو هەڵوێستە نایاسای، نامرۆڤانە، ناجدی و میزاجی و هەڕەمەکییانە بدرێتەوە".

 داواکان

لە سەردانەکەدا ئەم داواکاریانەی خوارەوە کراون:

" * پێویستە کۆمیتەکەتان 'دەستبەجێ' ڕاپۆرت و دەستنیشانکردنەکانی سەبارەت بە دوایین سەردانی بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە.

*  بۆ ئەوەی پارێزەران بتوانن چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن و چاوپێکەوتنەکان بەردەوام بن، پێویستە ئێوە ڕێگە لە بڕیاری نایاساییەکانی دادگاکان بگرن.

*  بۆ ئەوەی بنەماڵە و وەسیی موەکیلەکانمن بتوانن چاوپێکەوتنی بەردەوام ئەنجام بدەن، پێویست ئێوە کاری پێویست ئەنجام بدەن و و رێگە لە سزای دیسپلینی نایاسایی بگرن.

*  جگە لە جێبەجێکردنی مافی سەردان، دەبێت سەردانکاران بتوانن مافی خۆیان بۆ چاوپێکەوتن و پەیوەندی لە رێگەی تەلەفۆنیشەوە جێبەجێ بکەن و ئێوە بنەماکانی ئەمە ئامادە بکەن.

*  بۆ ئەوەی زیندانیکراوەکان بتوانن بە نامە و تلگرام و فاکس پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە و پارێزەرەکانیان ئەنجام بدەن، پێویستە ئێوە  هەموو بەربەستەکان لاببەن.

 *  پێویستە داسەپاندنە نایاساییەکان بۆ قەدەغەکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب کۆتاییان پێبێت.

 *  دەبێت ڕێوشوێنی توند بگیرێتەبەر بۆ نەهێشتنی بارودۆخی ئەشکەنجە، مامەڵەی نامرۆڤانە و ناشایست و ئینکۆمۆنیکادۆ و ڕێکارەکان لەچوارچێوەی مادەی ١٠/٢ی پەیماننامەکەدا بێت".

ژ.ت