سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' ١١٠ رۆژە بەردەوامە

دەوڵەتی ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' سەرکوت بکات، بەڵام سەرهەڵدانەکە بێ پسانەوە بەردەوامە. بە گوێرەی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ١٦ ئەیلولەوە تائێستا لانیکەم ٥١٦ کەس کوژراون.

دوای ئەوەی لە ١٦ی ئەیلولەوە ژینا ئەمینی لە تاران لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە کوژرا، بێهاوتاترین بزوتنەوەی جەماوەری لە مێژووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەستیپێکرد.

سەرهەڵدانی گەل پێی نایە رۆژی ١١٠یەمینەوە. بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانەکان بەردەوامن.

رۆژی دووشەممە مەراسیمی چلەی شەماڵ خەدیریپور لەمەهاباد بەڕێوەچوو کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا گیانی بەختکردبوو. لە مەراسیمەکەدا دروشمی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەرانی جوانڕۆ وترانەوە.

بەمەبەستی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی گەل هێزی سەربازی نوێ لە شەقامەکانی جوانرۆ جێگیر کراون.

مەراسیمێکی دیکە لە شاری میاندواو سازکرا. مێهران شکاری کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە شاری کەرەج لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژرابوو، رۆژی دووشەممە لە سەر گۆڕەکەی لە میاندواو بە بیرهێنرایەوە.

ئەمڕۆش چالاکی یادکردنەوەی گیانبەختکردووان لە چەند شارێک بەڕێوەدەچن.

بە گوێرەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران (هەرانا) لە نێوان ١٦ی ئەیلول و ٢ی کانونی دووەم لانیکەم ٥١٦ کەس کە ٧٠ کەسیان تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵەوە بووە کوژراون و ١٩ هەزار و ٢٠٤ کەسیش دەستگیرکراون.

بەگویرەی هەرانا خۆپیشاندانەکان لە ١٦١ شار بەڕێوەچووە. سەرچاوەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن باس لەوە دەکەن کە ئامارەکە زۆر زیاترە. بەگوێرەی هەندێک کەس لانیکەم ٧٥٠ کەس کوژراون. لەسەر ماڵپەڕێکی بەرهەڵستکاران ناوی ٦٠١ کەس راگەیەندراوە.

رێکخراوی مافەکانی مرڤی ئێرانیش رایگەیاندووە کە تا ٢٧ی کانونی یەکەم لانیکەم ٤٧٦ خۆپیشاندەر کە ٦٤ کەسیان منداڵن و ٣٤ کەسیان ژنن کوژراون و ١٠٠ چالاکوانیش مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

هـ . ب