سزای ٢ ساڵ و ٨ مانگ زیندان بەسەر شەبنەم کۆرور فینجانجیدا سەپێندرا
سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورک شەبنەم کۆرور فینجانجی سزای ٢ ساڵ و ٨ مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بە شێوەی هەڵپەسێردراو بەسەردا سەپێندرا و ئازاد کرا.
سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورک شەبنەم کۆرور فینجانجی سزای ٢ ساڵ و ٨ مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بە شێوەی هەڵپەسێردراو بەسەردا سەپێندرا و ئازاد کرا.
سەرۆکی دەستەی ناوەندی یەکێتی پزیشکانی تورک (تەتەبە) پرۆفیسۆر. د. شەبنەم کۆرور فینجانجی بە هۆی هەڵسەنگاندنەکانی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشینی باشوری کوردستان بە بانگەشەی "پرۆپاگەندەی رێکخستنی کردووە" دەستگیرکرابوو. ٣هەمین دانیشتنی دۆسیەی فینجانجی لە ٢٤ەمین دادگای سزا قورسەکانی ئیستەنبوڵ لە چاغلایان بەڕێوەچوو.
دوای قسەکانی فینجانجی هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ئۆزتورک تورکدۆغان قسەی کرد و وتی کە دادگایی کردنی فینجانجی بە شێوەی دەستبەسەری نایاسایی و ناڕەوایە. تورکدۆغان باسی لەوەکرد، کە تۆمەتبارکردن، گرتن و داواکردنی سەپاندنی سزای قورس بەسەر فینجانجیدا هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. لە درێژەدا تورک دۆغان ئەوەی وت: "ئایا دادوەرانی کۆمار هەرگیز جێگەی پرسیار نییە بەلایانەوە کە لە سەر سنوور چ شتێک روودەدات؟ باکرێت کە بەرگریکارێکی مافەکانی مرۆڤ تەنیا لەبەر داواکارییەکانیان دادگایی بکرێن".
دواتریش پارێزەر مەریچ ئەیوبئوغڵو مافی قسەکردنی وەرگرت و وتی، کە هەوڵێک لە ئارادایە کە دۆسیەکە بە زووترین کات یەکلایی بکرێتەوە. ئەیوبئوغڵو هەروەها وتی، " مرۆڤ ئەو شتە نایاساییانەی کراون چەندەش بیاننوسێتەوە تەواو نابن. هەر چی بڵێین بێ سودە. دەستەی دادگا هەوڵ دەدات دەستبەجێ دۆسیەکە کۆتایی پێبهێنێت. زۆر دۆخی نایاساییمان دەستنیشان و پێشکەش کرد بەڵام نە دەستەی دادگا و نە دادوەر گوێیان لێنەگرت. سکاڵامان لەسەر داواکاری گشتی تۆمار کرد. داواکاری گشتی بەر لەوەی کە بێتە ناو دانیشتنەوە راپۆرتی خۆی ئامادە کردبوو. بە بێ ئەوەی کە لە سەر بنەمای بەڵگەکان گفتوگۆ بکات و ئەو راپۆرتەی ئامادە بکات، ئەمەش دەریدەخات کە بێلایەن نییە. دوای قسەکانی فینجانی لە میدیا هابەر قیامەت هەڵسا. بەڵام کەس لە بەر "پڕۆپاگەندە" زیندانی ناکرێت. بەڵام ئەگەر بابەتی هەواڵەکە شەبنەم کۆرور فینجانجی بێت دۆخەکە دەگۆڕێت. گوشار خراوەتە سەر دادگا و سەربەخۆ نییە. دادوەران ناتوانن گوێ لە دەنگی ویژدانی خۆیان بگرن و بەم جۆرە بڕیار دەدەن. بێگومان دەبێت بڕیاری بێتاوانی بدرێت. لەبەر ئەوەی هیچ تاوانێک لە ئارادا نییە".
پارێزەر ئۆزکان یوجەلیش باسی لەوەکرد کە لایەنە سیاسییەکان لە رێگەی دادگاوە هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا لە قاڵب بدەن و دیزاینی بکەن و ئەوەی خستەڕوو: "ئەوەی دەکرێتە ئامانج تەنیا فینجانجی نییە پەنجەی هەڕەشە لە هەموو کۆمەڵگا رادەوەشێنن. هەروەها ئەو بێدەنگیەی دەستەی دادگا دەریدەخات کە ئێوە چۆکتان داداوە و خۆتان بەدەستەوە داوە. ئەگەر ئێوە بڕیار زیندانی کرن بدەن، یاسا بریندار دەکەن. دەبێت بڕیاری بەردان بدەن".
دەستەی دادگا رایگەیاند، کە کۆتایی بە دانیشتنەکە دەهێنێت و دوا وتەی فینجانجی وەرگرت. هەربۆیە فینجانجی مافی قسەکردنی وەرگرت و بە وتەیەکی باکۆنین کە دەڵێت " یاسا لەشفرۆشی دەسەڵاتە"ی بە بیرهێنایەوە و وتی: "گوشارەکانی ئێستا، لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاراستە دەکرێن. هەربۆیەش دۆسیەیەکی یاسایی نییە بەڵکوو سیاسیە. دەیانەوێت تەتەبە لەناو ببەن. لە راستیدا دەیانەوێت مافی بەدواداچوون بۆ مافە کۆمەڵایەتییەکانیشیان زەوت بکەن. فینجانجی دواتر شیعری "تا سەر زەوی دەبێتە روخساری خۆشەویستی"ی عەدنان یوجەلی خوێندەوە.
دادگاش بۆ ئاشکراکردنی بڕیارەکە ماوەی کاتژمێرێک وچان و ناوبڕیدا. دوای ناوبڕەکەش بە بانگەشەی "پرۆپاگەندەی رێکخستن" سزای ٢ سال و ٨ مانگ و ١٥ رۆژ سزای زیندانی بەشێوەی هەڵپەسێردراو بەسەر فینجانجیدا سەپاند و ئازادی کرد.
هـ . ب