سزای نوێی دیسیپلین بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا سەپێنراوە

پارێزەر رێزان ساریجا رایگەیاند، سزایەکی نوێی دیسیپلین بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دا سەپێنراوە.

رێزان ساریجا یەکێک لە پارێزەرانی نووسینگەى مافەکانی سەدە و یەکێک لە پارێزەرەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رایگەیاند، مانگی کانوونی دووەم سزایەکی نوێی دیسیپلین بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دا سەپێنراوە و لە مانگی ئادارەوە ئاگاداری ئەو سزایەن.

ساریجا لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیای راگەیاند:

"دەبێت ئێمە هەم پارێزەران و هەم کۆمەڵگە لە دژی ئەو گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی بوەستینەوە. بۆ ئەوەى ئێمە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین. لە ١٥ی ئادارەوە ئێمە هەموو رۆژێک داوای چاوپێکەوتن دەکەین و دەمانەوێت چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین. تاوەکو ئێستا هەموو داواکانمان بێ ئەنجام بوون.

لەبەر ئەوەش هەموو رۆژێک مافی موەکیلەکەمان پێشێل دەکرێت و تاوانی لە دژ ئەنجام دەدرێت. ئێمە لە داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا سکاڵامان تۆمار کرد، بەڵام داواکاری گشتی هیچ وەڵامێکی نەدایەوە. ئێمە سەردانی بەشی سزاکانی بورسامان کرد، بەڵام دوای ماوەیەکی دوور و درێژ ئێمە رووبەڕووی بڕیارێکی دژ بە هەموو مافەکان بووینەوە. هەموو مافەکانی راگەیاندن، بنەماڵە، پارێزەران، بەرگری، سەردان، ئازادیی بیر و را و هەموو مافە بنەڕەتییەکان بە کۆمەڵ رەتکرانەوە. لە وەڵامەکەدا ئێمە لەوە تێگەیشتین، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە سزایەکی تری دیسیپلینیان بەسەر موەکیلەکەماندا سەپاندووە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ئەیلولی ٢٠٢٠دا ئێمە رووبەڕووی قەدەغەکارییەکی نوێ بووینەوە. ئەو بڕیارە و سەپاندنی ئەو سزایە لە دژی هەموو مافەکانە. هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. کار بە پاساوی دژ بە جێبەجێکردنی مافەکان دەکەن و لەو چوارچێوەیەدا سزای دیسیپلین دەسەپێنن. کاتێک ئەوەش دەکەن هیچ زانیارییەک نادەن بە پارێزەران. سەرباری ئەوەى سزای دیسیپلین لە ١ بۆ ٣ مانگن، بەڵام سەرباری ئەوەش ماوەی سزاکە کۆتایی پێهاتووە، بەڵام دیسانەوە درێژە بە سزای دیسیپلین دەدەن و بەبێ سنوور و کات، کاری پێدەکەن و جێبەجێی دەکەن. بەو پاساوە رێگری لە مافی چاوپێکەوتنی پارێزران دەکەن".

پارێزەر رێزان ساریجا باسی ئەوەیکرد، ئێستا هیچ یەک لە داواکانیان قبوڵ نەکراوە و هەموو قەدەغەکارییەکانیش بە کۆمەڵ دەسەپێنن و وتی، "گۆشەگیریی ئیمراڵی تەنها بە ئازادیی ئۆجالان دەتوانرێت کۆتایی پێ بهێنرێت. بۆ ئەوەى ئەو قۆناغ و پرۆسەى گۆشەگیرییە کۆتایی پێ بێت، ئێمە سەردانی هەموو رێکخراوە بەردەنگ و پەیوەندیدارەکانی سیستممان کرد. یەکێک لەو لایەنانە وەزارەتی دادە. بەڵام هەموو سەردان و داواکانمان بێ ئەنجام بوون. هەروەها لە پرۆسەى ئەمدواییەدا ئێمە ٢ جار سەردانی سی پی تی-مان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا سی پی تی هیچ وەڵامێکی نەداوینەتەوە. سی پی تی پێشتر وتبوی، کار دەکەن بۆ ئەوەى کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت، بەڵام تاوەکو ئیستا هیچ یەک لە داواکانی ئێمە لە بەرچاو نەگیراون".

ساریجا سەرنجی خستەسەر هەڵوێستی دادگا لە دژی پارێزەرانی ئۆجالان و وتی، "بە تایبەتی دۆخی دادگاکان سەرنجڕاکێشە. هەموو زیندانییەک بەپێی دەستوور و یاسا دەتوانێت چاوی بە پارێزەرەکانی بکەوێت. دەتوانن سەردانی بکەن و بەرگری لە خۆی بکات. زیندانی کاتێک مافەکانی پێشێل کرا دەتوانێت لە رێگەی پارێزەرەکانیەوە داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات. کاتێک سزای دیسیپلین سەپێنرا، دەبێت لەگەڵ پارێزەرەکاندا باس بکرێت و پارێزەرەکانی لێ ئاگادار بکرێتەوە. بەڵام هیچ زانیاریەکیان بە پارێزەران نەداوە، چونکە نایانەوێت ئێمە لەوبارەیەوە تێکۆشانی حقوقی و مافدارانە ئەنجام بدەین، چونکە هیچ مافێک لە گۆڕێدا نییە. نایانەوێت ئێمەی پارێزەران ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆمان ئەنجام بدەین. دەیانەوێت ئەو سزایانە بشارنەوە، کە دژی بەڕێز ئۆجالان دەریدەکەن. لەبەر ئەوەی بەڕێز ئۆجالان لە حەوشەی زیندانەکەدا و لە کاتی هەواگۆڕکێدا پیاسە دەکات، دەڕۆن لەسەر ئەوەى لە حەوشەکەدا پیاسەى کردووە سزای لە دژ دەردەکەن. بەڕێز ئۆجالان پێی وتین، لەبەر ئەوەى لە حەوشەدا پیاسەى کردووە سزای دیسیپلینی بەسەردا سەپێنراوە. لە کاتی خۆیدا لە دژی ئەوە ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە و تانەى لە بڕیارەکە داوە، مافی گەڕان و پیاسەکردن و جوڵەکردن مافێکی گەردوونییە. ئەوەش نیشانی دەدات، کە سزاکان میزاجین و هیچ پەیوەندییان بە مافەکان و یاساکانەوە نییە.

رێزان ساریجا پارێزەری عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رایگەیاند، لەگەڵ پارێزەرانی تردا ناڕەزایەتییان نیشانداوە و تانەیان لەو دۆخە داوە و لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "دوای ئەوەى زانیمان سزایان دەرکردووە، ئێمە داوای نمونەى دۆسیەکەمان کرد، بەڵام  داواکەیان بۆ بینینی دۆسیەکە رەتکردینەوە، تاوەکو ئێستا وەڵامی تانەکەمان لە سزاکە نەدراوەتەوە. کاتێک وەڵامەکەمان بۆ بگەڕێتەوە ئێمە دەڕۆین بۆ دادگای دەستووریی تورک و لەوێ سکاڵا تۆمار دەکەین. وەڵامی هەندێک لە تانەکانمان دراونەتەوە. هەندێک لە تانەکانیشمان رەتکراونەتەوە. بەڵام دیسانەوە ئێمە تانەیان لێدەدەینەوە. بۆ زۆرێک لەو بڕیارانەى کە دەریدەکەن، ئێمە ئاگادار ناکانەوە و زانیاریمان پێنادەن. لەبەر ئەوەش ئێمە نازانین، کە سزای دیسیپلین بەپێی چی و بۆ چی دەسەپێنرێت".  

پارێزەر رێزان ساریجا لە کۆتایی وتەکانیدا رایگەیاند، تاوەکو بە دەستهێنانی ئەنجامێک داکۆکی لە هەموو مافەکانیان دەکەن و هەموو رێگا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان دەگرنەبەر و وتی، "ئێمە نامانەوێت مافەکانی موەکیلەکەمان، مافەکان و یاساکانی بە هیچ شێوەیەک رێگرییان لێ بکرێت و پێشێل بکرێن. هەر خۆی دەیانەوێت مافەکانی موەکیلەکەمان پێشێل بکەن و رێگری لە مافەکانی بکەن، بەڵام لە دژی ئەو بێ مافییە تێکۆشانی مافدارانە و یاساییانەى ئێمە درێژەى دەبێت. تاوەکو ئەنجام بە دەست بهێنین ئێمە داکۆکی لە هەموو مافەکانی موەکیلەکەمان دەکەین. هەموو رێگا  نەتەوەی و نێونەتەوەییەکان دەگرینەبەر. کات کاتی تێکۆشانی ماف و حقوق و یاسایی و دیموکراتیکە. دەبێت ئێمە هۆشمەندیی دیموکراتیک بە زیندووی رابگرین. بە سەیرکردن و چاوەڕێکردن کێشەکان چارەسەر نابن. ئەمڕۆ سەرچاوەی هەموو کێشەکانی تورکیا و خوڵقاندنی کێشەکان بۆ گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان و هەڵوێستەکانی دژ بە گەلی  کورد دەگەڕێتەوە، ئەوانە گەورەترین کێشەکانن و کێشەى ئازادین".

ژ.ت