'تا ئەوکاتەی دیدار ساز دەکرێت چالاکییەکەی ئێمەش بەردەوام دەبێت'

چالاکی پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دژی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. نوران ئیمری هەدەپەیی رایگەیاند، تا ئەو کاتەی دیدار ئەنجام دەدرێت چالاکییەکەی ئەوانیش بەردەوام دەبێت.

پەرلەمانتاری هەدەپە لە دژی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە لەبەردەم وەزارەتی داد چالاکی ئەنجام دەدەن. پەرلەمانتاری شڕنەخی هەدەپە نوران ئیمر بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات (ANF) چالاکییەکەی هەڵسەنگاند و باسی لەوەکرد تا دیدار ئەنجام دەدرێت چالاکی ئەوانیش بەردەوام دەبێت.

ئیمر ئاماژەی بەوەکرد کە گۆشەگیری رەها کە دوو ساڵە بەردەوامە، درێژەی کۆنسێپتی ساڵی ١٩٩٩یە و بەم جۆرە دوا: " زیاتر لە دوو ساڵە کە هیچ هەواڵێکی عەبدوڵا ئۆجالان نازانرێت. هەڵبەتە ئەمە دەگاتە قۆناغی ١٩٩٩. لە ئیمراڵی کە بە گۆشەگیری یاخود سیستمی یاسایی تایبەت گۆشەگیر کراوە، لە قۆناغی چارسەریدا دیدار ئەنجامدرا، بەڵام کاتێک جگە لەو قۆناغە لێی دەڕوانین، ماوەیەکی درێژە کە بە پاساوی جیاجیا ئەو سیستمە کاری پێدەکرێت. پێشتر بە پاساوی ئەوەی بەلەمەکە تێکچووە رێگریی لە دیدارەکان دەکران، بەڵام ئێستا لە ژێر ناوی سزای دیسپلینەوە کردەوەی نایاسایی رەها ئەنجام دەدرێت.

کاتێک لە ١١ ساڵی رابردوو دەڕوانین پارێزەران تەنیا ٥ جار توانیویانە بچنە دوورگەی ئیمراڵی و دیدار ئەنجام بدەن. ئەوانەش دوای چالاکی و هەستیاری رای گشتی ئەنجامدران. کاتێک لە ٨ ساڵی رابردوو ورد دەبینەوە، بنەماڵەکان تەنیا ٥ جار توانیویانە بچنە دوورگەی ئیمراڵی و دیدار ئەنجام بدەن. بەڵام ماوەی دوو ساڵە بێ پسانەوە رێگریی لەبەردەم رۆیشتن بۆ ئیمراڵی هەیە و بەهۆی گوشاری گەلەوە هەندێک جار هەوڵ دەدەن ئەوە وەک سزای دیسپلین نیشان بدەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەر جارە و سزای نوێ لەسەر ئەو سزایانە زیاد دەکرێن و بە شێوەیەکی گشتی رێگریی لە دیدار دەکەن".

دەوڵەتیش چاوی بەسەردا نوقاندووە                      

پەرلەمانتاری شڕنەخ نوران ئیمر باسی لەوەکرد کە بەر لە ئێشکگری بەمەبەستی رۆیشتن بۆ ئیمراڵی داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتی داد کردبوو، بەڵام ئەو داواکارییەشیان چاوی بەسەردا نوقێنرا و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "هەم ئێمە و هەمیش ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە دیموکراتیکە جەماوەرییەکان زۆر چالاکیمان ئەنجامدا بۆ ئەوەی سەرنج بۆ سەر کردەوەی نایاسایی تایبەت لە دژی رێزدار ئۆجالان. دەستنیشانمان کرد کە ئەو یاسا تایبەتە بنەماکانی یاسای کارپێکراو پێشێل دەکات. بەڵام دەوڵەت خۆی لە گێلی دەدات.

لە ماوەی٢٠ مانگی رابردوودا پارێزەران زیاتر لە ٣٠٠ داواکارییان پێشکەش کردووە. بەڵام ئەو داواکارییانە نە بە ئەرێنی و نە بە نەرێنی وەڵام نەدراونەتەوە. ئێمە وەک پەرلەمانتارانی گەل بەهۆی نیگەرانییەکانی گەل و بۆ ئەوەی سەرنج بۆ سەر ئەو کردەوە نایاساییەی دەگوزەرێت رابکێشین، داوامان کرد کە بە زووترین کات گروپێک سەربەخۆ بچنە ئیمراڵی و جگە لەو بانگەوازییە دەستمان بە چالاکییەک کرد. بەڵام پێش چالاکییەکەش هەیە. بە پێشەنگایەتی هاوسەرۆکانی گشتیمان شاندێک ئامادەکرا. بۆ رۆیشتن بۆ ئیمراڵی داواکاریمان بۆ وەزارەت بەرزکردەوە، بەڵام وەڵامیان نەداینەوە. هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان ساڵیحە ئایدەنیزیش داواکاری پێشکەش کرد. منیش داواکاریم بەرزکردەوە".

ئێمە درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین

ئیمر سەرنجی راکێشا بۆ سەر دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتەکە و وتی، " ئەم گۆشەگیرییە رەهایە رێگە بۆ نیگەرانی قووڵی گەل و دۆخی نەرێنی خۆش دەکات. لەبەر ئەوەی کەسایەتی، هەبوون و هەڵوێستی بەڕێز ئۆجالان لەلای هەموو کەس روون و ئاشکرایە.

ئەوان دەزانن کە بە هەڵسەنگاندنێک لە ئیمراڵییەوە دۆخی چەقبەستوو و بە بنبەست گەیشتووی وڵات چارەسەر دەبێت. بەڵام ئەوانەی خۆیان لە سەر شەڕ و ئاڵۆزی بونیادناوە، رێگری لەوە دەکەن. دەبێت ئەوە تەنیا وەک سیاسەتی ئاکەپە نەبینرێت، لەو بڕوایەداین کە لایەنی نێونەتەوەییشی هەیە. لەبەر ئەوەی هێزە نێونەتەوەییەکان نایانەوێت لە تورکیا ئارامی بێتە ئاراوە. سود لە ئاڵۆزی نێوان گەلان وەردەگرن.

ئێمە لە ٢١ی کانونی یەکەم بە دواوە دەمانەوێت پارێزەران دیدار لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدەن. ئێمە لەسەر ئەو بنەمای ئەو داواکریە چالاکییەکەمان ئەنجام دەدەین. ئێمە وەک پەرلەمانتارانی هەدەپە تا ئەو داواکارییە جێبەجێ دەکرێت درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین".

هـ . ب