تورکدۆغان: ئەگەر کوشتنی ساکینە جانسز ڕوون بکرایاتەوە ئەم کۆمەڵکوژییە ڕووی نەدەدا!

ئۆزتورک تورکدۆغان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) ڕایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بکرێت و وتی: "ئەگەر کوشتنی ساکینە جانسز ڕوون بکرایاەوە ئەم کۆمەڵکوژییەی تر ڕووی نەدەدا".

ئۆزتورک تورکدۆغان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لەبارەی ڕووداوەکانی دوای کۆمەڵکوژییەکەی پاریسەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و ڕایگەیاند، ئەم جۆرە هێرشانە هەمیشە لەژێر ئامانجی جیاجیادا پەردەپۆش دەکرێن. لەم هێرشەشدا بە چڕی بانگەشەی هێرشی نەژادپەرستانە دەکرێت. تورکدۆغان ڕاشیگەیاند، هێرشبەرەکە پێشتر تاوانی ئەنجام دابوو و لە ١٢ی کانوونی یەکەم ئازادکراوە و دەبوایە لە ژێر کۆنترۆڵی پۆلیسدا بوایە، بەڵام کۆنترۆڵ نەکرابوو، هێرشی کردە سەر ناوەندی  ڕۆشنبیریی کوردیی ئەحمەد کایا، بۆیە ناکرێت ئەم هێرشە بە پاساوە ئاساییەکان ڕوونبکرێتەوە.

'دەبێت لێکۆڵینەوە لە پشت پەردەی هێرشەکە بکرێت'

تورکدۆغان ئەوەشی ڕاگەیاند، کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ هێرشە هاوشێوەکانی تورکیا بکرێت، ئاشکرا دەبێت، کە پێویستە لە پشت پەردەی هێرشەکە بکۆڵرێتەوە و وتی: "هێرشبەرەکە لەلایەن کێوە ئاڕاستە کراوە؟ کێ زانیاریی پێداوە؟ چۆن چەکەکەی بەدەستهێناوە؟ کێ و بۆچی کردنێیە ئامانج؟ پێویستە هەموو ئەم پرسیارانە بپرسرێت و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت".

'ئەگەر ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن هەموو گروپە نەتەوەییەکان باشتر دەپارێزرێن'

تورکدۆغان ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ڕووداوی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پاریس ١٠ ساڵ پێش ئێستا ڕوونبکرایایەتەوە، ئەم کۆمەڵکوژییەی ئەم دواییە ڕووی نەدەدا. بۆیە پێویستە پێکەوە لە هەر دوو هێرشەکە لێکۆڵینەوە بکرێت. لە ناو ئەو ڕووداوانەدا چەندین پەیامی سیاسیی جدی هەیە. وتیشی، "کەواتە دەبێت ئەو پرسە لە ڕووی سیاسییەوە بە جدی هەڵسەنگێنرێت. لەو بڕوایەدام سیاسەتمەدارانی فەڕەنسی ئەمجارە گرنگی زیاتریان بە بابەتەکە داوە. سەرەخۆشییان لە گەلی کورد کرد. داوایانکردووە لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بکرێت. بەڵام دەبێت بەرپرسانی دەوڵەتی فەرەنسا لەهەموو ڕوویەکەوە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکەن. کاتێک لێکۆڵینەوە بکرێت ڕاستیەکان ئاشکرا دەبن. ڕاستییەکانیش ئاشکرا ببن نەک تەنیا کورد لە فەرەنسا، بەڵکو گرووپە ئەتنیکی و ڕەگەزیەکانیی تریش باشتر دەپارێزرێن".

'لە کات و سەردەمێکداین، کە دەبێت زیاتر وریا بین'

تورکدۆغان باسی لەوەشکرد، هەر کاتێک هەڵبژاردن لە تورکیا نزیک دەبێتەوە، حکومەت ڕووی لە کێشەی کورد دەکات تاوەکو ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانە ئەنجام بدات. بۆ نمونە پێش ئەم هەڵبژاردنە، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەى داخستنی هەدەپە ئۆپەراسیۆنی هەڵکوتان و دەستگیرکردنیان دژی دەبەپەش ئەنجام دا. تورکدۆغان وتیشی: "پرۆسەیەکی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، لە ئاستێکی مێژووییدا بۆ تورکیا گرنگە. بۆ ئەوەیە هەوڵ دەدرێت گوشار بخرێتە سەر سیاسەتی کوردی، کە هێزی سێیەمە. لە کات و سەردەمێکی وەهاداین، کە دەبێت زیاتر وریا بن".

ژ.ت