یاساناسانی ئەڵمانی: قەدەغەکردنی سیاسەت لە کورد قبوڵ ناکرێت

یاساناسانی ئەڵمانیا لە فرۆمی 'قەدەغەی سەر پەکەکە' ڕایانگەیاند، دەیانەوێت بە قەدەغەی سەر پەکەکە کورد واز لە سیاسەت بهێنێت و ڕاشیانگەیاند: "ئەم دۆخە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت".

نوێنەرانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، یاساناسان، پارێزەران و قوربانیانی قەدەغەی سەر پەکەکە لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە فرۆمێکدا (کۆڕێکدا) بە ناونیشانی " ٢٨ ساڵ قەدەغەی سەر پەکەکە" کۆبوونەوە. کۆڕەکە لە هۆڵی کۆنفرانسی بینای پێشووی ئەنجوومەنی ڕۆزا لوکسەمبۆرگ بەڕێوەچوو.

کۆڕەکە لەلایەن یەکێتیی مافی مرۆڤ و پارێزەرانی دیموکراسی لە ئەوروپا  (ELDH)، یەکێتیی یاساناسانی دیموکراتیک  (VDJ)، کۆمەڵەی دیموکراسی و مافە بنەڕەتییەکان، کۆمەڵەی ئازادی و کۆمەڵەی یاسا و دیموکراسیی نێونەتەوەی (MAF-DAD)ەوە ڕێکخراوە.

کۆڕەکە لە ١٨ی حوزەیرانەوە بە چەندین شێوە باس لەسەر قەدەغەی سەر پەکەکە و تاوانبارانکردنی کورد لە ئەڵمانیا کردووە. لە ڕۆژی دووەم و لە بەشی دووەم دا پارێزەران یاسای قەدەغەکردنیان تاوتوێکرد.

ئەو پارێزەرانەی ساڵانێکە بەرگری لە سیاسەتمەداران و چالاکوانانی کوردستان لە کەیسەکانی سەر بە پەکەکە دەکەن، دکتۆر ڕۆلف گۆسنەر، دکتۆر لۆکاس تیونی، ستیفان کوهن و فاتمە ساین ئەزموون و بەسەرهاتەکانی خۆیان لەو دۆسیانەدا بۆ ئامادەبوان بڵاو کردەوە.

"هەموو مافە ڕەواکانی کورد پێشێلکراوە"

سەرەتا دکتۆر ڕۆلف گۆسنەر مافی قسەکردنی وەرگرت  و وتی: "دیالۆگ لە جیاتی تاوانبارکردن" و تیشکی خستە سەر زیانەکانی قەدەغەی ساڵی ١٩٩٣ی سەر پەکەکە لە دژی کوردانی دانیشتووی وڵات و ئەڵمانیا.

پارێزەری ستێفان کوهن باسی ئەوەیکرد، هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە قەدەغەکردنەکە کەمکراوەتەوە، بەڵام بەردەوام مەودای قەدەغەکردنەکە فراوانتر بووە.

 کوهن تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی ئەو دۆسیانە، کە لەم ساڵانەی دواییدا کراونەتەوە و پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە و وتی: "ئەو فیشەکانە خراونەتە دۆسیەکانەوە، کە جەنگاوەران لە هەزاران کیلۆمەتر لە دوری ئێمەوە دەیهاوێژن. ئەگەر وەها بێت ئەوا دەبێت بەپێی یاسای نێونەتەوەیی لە دژی دەوڵەتی تورک سکاڵا تۆمار بکرێت. لەم بوارەدا بڕیاری دادگای بەلجیکی، کە پەکەکە لایەنێکی شەڕەکەیە، بڕیارێکی زۆر گرنگە".

"ئەڵمانیا لە شەڕی دژ بە کورداندا بەشدارە"

کوهن ڕایگەیاند، قەدەغەی پەکەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر کوردێک هەبووە، کە دەیویست بە شێوەیەکی سیاسی خۆی دەرببڕێت و و باس لە خۆی بکات و وتیشی: "لە ساڵانی ١٩٩٠دەکاندا پەکەکە تاوانبار کرا و گوشارەکان لە دژی دەستیان پێکرد. سەرەڕای تاوانبارنیشاندان و تاوانبارکردنیان گوشاریشیان خرایە سەر. شەڕی دژ بە کورد لە تورکیا قوڵتر بوویەوە و ئەڵمانیاش لەوەدا بەشدار بوو. ئەو شەڕەی تورکیا دەستیپێکردووە ڕەوایەتی و شەرعیەتی پێ دراوە، بەڵام ئێستاش عەقڵیەتی قەدەغەکردنی خەباتی سیاسی کورد لە ئەڵمانیا بەردەوامە، چونکە دەوڵەتی ئەڵمانیا بەشێکە لەو ململانێیە و لەو شەڕە چەکدارییە، بۆیە تەنانەت خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی کوردانیش سزا دەکات".

"خاڵی ١٢٩بی ،  هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو ئەو کوردانەی لە ئەوروپا دەژین"

دکتۆر لوکاس تیونێس لە دادگاییکردنەکاندا، کە بە "کەیسی پەکەکە) ناسراوە، زۆر جار وردەکاریی لەسەر چۆنیەتیی ئەوە، کە چۆن یاسا دەکەوێتە خزمەت سیاسەت بە وردەکاریی زۆرەوە بۆ ئامادەبوانی شیکردەوە.

پارێزەر فاتمە ساین بە هێنانەوەی نمونەی ئەو پێشێلکارییانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە وتی: "موەکیلەکانمان نەک تەنها لە ئەڵمانیا، بەڵکو لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی ئەڵمانیا دەکرێن, خاڵی ١٢٩بی هەڕەشەیەکە نەک تەنها بۆ کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کوردانەی لە ئەوروپا دەژین".

لە بەشی دووەمی کۆڕەکەدا، ڤیکی سێنتاس مامۆستای زانکۆی نیو ساوس وێڵز لە سیدنیی ئوسترالیا و نووسەر و ڕۆژنامەنووس ڕاسموس کانباک مافی قسەکردنیان وەرگرت.

سێنتاس لە سیدنیەوە ڕاستەوخۆی لە رێگەى ڤیدیۆ ئۆنلاینەوە بەشدار بوو و باسی ئەوەی کرد، کە چۆن پەکەکە لە "لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان"ی ئوسترالیادایە. سێنتاس وتی، ساڵانێکی زۆر بۆ دەرهێنانی پەکەکە لەو لیستەدا تێدەکۆشێت. زانا ڤیکی سێنتاس بەبیری هێنایەوە، کە پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە لیستەکەدایە و هەموو ٣ ساڵ جارێک لیستەکە نوێکراوەتەوە و وتی: "بە پێچەوانەی لیستی یەکێتیی ئەوروپا پێویستە حکومەتی ئوسترالیا نەک تەنها لە ڕووی یاساییەوە، بەڵکو دەبێت قەناعەتیشی پێ بهێنرێت".

هەروەها ڕۆژنامەوان و نووسەر ڕاسموس کانباک سیاسەتی تاوانبارکردنی حکومەتی سویدی لە دژی پەکەکە و کورد بە وردی شیکردووە و تیشکی خستە سەر گفتوگۆ و مشتومڕەکانی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ و ئەو زانیارییانەی بۆ بەشداربووان بڵاوکردەوە و وتی: "دەوڵەتی تورک لیستێکی ٣٠ کەسیی پێداوان و داوای ڕادەستکردنیان دەکات. من قسەم لەگەڵ ئەو کەسانە، کە داوای ڕادەستکردنیان کراوە قسەم کردووە، بەڵام من دەمەوێت سەرنج ڕابکێشمە سەر دۆز و کەیسی یەکێک لەوان. هەرچەندە ئەو کوردە هەموو مەرجەکانیش جێبەجێ دەکات، بەڵام مانەوەکەى بۆ درێژ ناکەنەوە. دواتر دەرکەوت پۆلیسی سوید بڕیاری داوە و وتویەتی، "ئەو کەسە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی سوید". هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە ئەو بەشداری لە شەوە ئاهنگێکدا کردووە، کە لە لایەن کۆمەڵەی کوردەوە ڕێکخرابوو. ئەو وڵاتانەش، کە لانکەى دیموکراسین دەتوانن ئەم جۆرە کارانەش بکەن".

ئەندامی کەنەکە ئادەم ئوزون، گۆکبای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پەرلەمانی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، تامارا بوروما پارێزەری هۆڵەندی و جان فێرمۆن پارێزەری بەلجیکی لە بەشی پاش نیوەڕۆدا قسە دەکەن.

ژ.ت