ئۆهەدە: پێویستە دەڤرین ئایک زیندانی نەخۆش ئازاد بکرێت

نوسینگەی نوێنەرایەتی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەدە) لە بەردەم زیندانی ئانتالیا بۆ دەڤرین ئایک زیندانی نەخۆش بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و داوای ئازادکردناوبراویان کرد.

نوسینگەی نوێنەرایەتی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەدە)ی ئانتالیا لە بەردەم زیندان بەبۆنەی دەڤریم ئایک زیندانی نەخۆش کە لەزیندانی ئانتاڵیا لە دۆخێکی نەگونجاودایە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا لە گەڵ سەمرا چاگلار گۆکاڵپ پەرلەمانتاری دەم پارتی بەدلیس و هولیا ئایک دایکی دەڤریم ئایک و زۆر کەسی دیکە بەشدارییان کرد.

پارێزەر شوهەدا ڕۆناهی چیفتچی، کە بەیاننامەکەی خوێندەوە، ڕایگەیاند، ژیانی ئایک لە مەترسیدایە و بارودۆخی زیندان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی گونجاو نییە. شوهەدا ڕۆناهی لە بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی ئازادکردنی دەڤریم ئایک کاردانەوەی نیشاندا و وتی: "چارەسەری ئایک بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن کۆمیتەی تەندروستیەوە ڕێگری لێکراوە، ئەمە بڕیارێکی نائەخلاقی و نایاساییە وئەم بڕیارە 'پێشێلکردنی مافی ژیان'ـە لە دەرەوەی دەستووری بنەڕەتیە."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا بانگەوازی لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد و ڕاگەیەندرا: "لە دۆسیەی ئایکدا ئەم کارە کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە بە شێوەیەکی سیستماتیکی ڕەوایەتی پێدەدرێت، بۆیە داواتان لێدەکەین هاوبەشی ئەم تاوانە نەبن و ئەم دۆخە قبوڵ نەکەن، گیانی بەهەزاران زیندانی و سزادراوانی نەخۆش لە مەترسیدایە، دەبێت ئایک دەستبەجێ ئازاد بکرێت و بەبێ هیچ ئاستەنگیەک مافی چارەسەری پزیشکی خۆی بەدەست بێنێت."