ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی کۆمیتەى دیپلۆماسیی هاوبەش بڵاوکرایەوە

لە ئەنجامنامەى کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشدا هاتووە: " لەسەر کارو چالاکی بە بۆنەی ٩٩ و ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزانەوە وتووێژ و کراو پلانی کار دانرا".

کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان ئەنجامی ٢١هەمین کۆبوونەوەی خۆی بڵاوکردەوە، کە لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە برۆکسلی بەلجیکا بەڕێوەچوو.

دەقی ئەنجامنامەکە:

ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی 21 ی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان

بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ماوەیەک بوو کۆبوونەوە راستەوخۆکانی کۆمیتە بەڕێوە نەئەچوون. ئیدی بڕیارە کۆمیتە دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکانی ئەندام لە کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش، رۆژی 18.06.2022 کۆمیتە لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برۆکسل کۆبووەوە.

 بەپێی رۆژەڤی کۆبوونەوە، دۆخی سیاسیی کوردستان، بەتایبەتیش هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوور و رۆژاوای کوردستان، هەروەها دوایین رووداوو گۆڕانکاریەکان لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوێست و کاریگەریی هێزە جیهانییەکان لە ناوچەکەدا، شەڕی روسیاو ئۆکرانیا و فراوانکردنی ناتۆ و هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا، بە بەرفراوانی باسکران. لە تەوەرێکی تردا پلانسازی بۆ کارو خەبات، بە تایبەتی سەبارەت بە سەدسالەی پەیمانی لۆزان، کرا.

لە ئەنجامی وتوێژەکاندا ئەم خاڵانای خوارەوە وەک ئەنجامنامە پەسەند کران:

1. دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکی گەلی کوردستانە. لەسەرانسەری کوردستاندا لەدژی خەڵکی کوردستان لە هێرشکردندایە. لە ناوچەکەشدا جڵەوکێشی دەولەتانی داگیرکەری کوردستانەو لە جیهانیشدا لەدژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە کارو چالاکیدایە. ئەو دەولەتە رۆژ بە رۆژ سنووری داگیرکارییەکانی لە باشووری کوردستان زێدەتر ئەکات. ئەو هێرش و داگیرکارییانە هەر لە دەڤەرەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشیندا نین، بەڵکو درێژبوونەتەوە بۆ باشیکە، شەنگاڵ، کەرکوک و مەخمورو هەتا چەمچەماڵ و کفری و کەلاری گرتۆتەوە. لەهەمان کاتدا رۆژانە پەلاماری رۆژاوای کوردستان ئەدات و خۆی بۆ داگیرکاریی زیاتر ئامادە ئەکات. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانە.

2. رۆژێک پێش کۆبوونەوەی ئێمە، واتا لە 17.06.2022 دا هێزەکانی تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە کەلار هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمۆبێلێک و جێگری هااوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری رۆژاوا، بەڕێز فەرهاد شبلی و ٤ کەسی دیکەیان شەهید کرد. کۆبوونەوە بە توندی ئەو پەلامارە شەرمەزار ئەکات و سەرەخۆشی لە گەلی کوردستان و خانەوادەی ئەو پۆلە شەهیدە دەکات.

3. دەوڵەتی تورکیا لەشەڕی دژی گەریلادا هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکرا و لە ناویشیاندا چەکی کیمیایی بەکاردێنێت. کۆبوونەوە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی دژی بەکارهێنانی چەکی کیمایی و هەموو دەزگا نێودەولەتییە پەیوەندیدارەکان دەکات، بێدەنگ نەبن و لەدژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەڵوێست بنوێنن. هەروەها داوا لە هەموو هێز و دینامیکە کوردستانییەکان دەکات لەدژی ئەو هێرشانە لە ناوخۆ و دەرەوەی ولات هەڵوێست و کاردانەوەی توندتر پیشانبدەن.

4. عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت. 9 مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردراوەو حکومەت دانەمەزراوە. پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک پێویست نین و ئاڵؤزن. دەستدرێژیەکانی تورکیا و ئێران ئاسیشی ناوچەکەیان خستۆتە مەترسییەوە. ناوچەدابڕوەکانی باشووری کوردستان لەژێر گوشار و هەڕەشەدان. لە زۆر ناوچە دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕدرێت. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوەو بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان یەکڕیز و تەبا بن.

5. شەنگاڵ لە زۆر رووەوە لەژێر هەڕەشەدایە. پێوستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان خاوەندارێتی لەشەنگاڵ بکەن و بیپارێزن. پێویستە ناسنامەی ئێزدیاتی شەنگاڵ بپارێزریت. دیمۆگرافیا شەنگاڵ نەگۆڕدرێت و گەلی ناوچەکە خۆیان خۆیان بەڕیوەبەرن.

6. گوشار و هێرشە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن. رۆژانە کۆڵبەر دەکوژرێن و خەڵکانی سیاسی زیندانی دەکرێن. سیاسەتی بێدەنگکردنی خەڵک و تواندنەوە بەردەوامە. لەم ماوەیەدا لە ئەنجامی ناڕازەیەتی دەربڕیندا، لە کوردستان و سەرانسەری ئێراندا بە دەیان کەس گیراون. هەتا ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان 44 مامۆستا و 17 چالاکوانی مەدەنی گیراون و ئەم هەڵمەتی دەستگیرکردنەش هەر بەردەوامە. ئێمە ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی ئێران شەرمەزار دەکەین و پشتگیری لە خەباتی گەلی کوردستان و هێزە کوردستانییەکان دەکەین.

7. پێویستە رۆژاوای کوردستان و هەموو باکورو رۆژەڵاتی سوریا بپارێزرێت و چەترێکی پاراستنی نێونەتەوەیی بۆ رۆژاوای کوردستان دەستەبەر بکرێت. بۆئەوەی رۆژاوای کوردستان لە دەستدرێژیەکانی تورکیا بپارێزرێت و ناوچەکە ئارام بێت، بۆئەوەی هەرێمێکی دژە فڕین بۆ رۆژاوای کوردستان جێبەجێ بکرێت، پێویست بە خەبات و تێکۆشانێکی جدیی هەیە. هەروەها دەبێ هەموو هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی رۆژاو بچنە دەرەوە. کۆچبەران بگەڕینەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و چەترێکی پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سنوور درووستبکرێت. پێویستە ئەم بابەتە لە هەموو چاوپێکەوتنە دیپلۆماسییەکاندا بابەتێکی سەرەکی بێت.

8. دەوڵەتی تورکیا لە باکوری کوردستان بە هەموو شێوازێک هێرش دەکاتە سەر خەڵکی کوردستان. لەلایەک بە هەموو جۆرە چەکێک هێرش بۆ سەر گەریلاکانی ئازادی دەکات، لە لایەکی ترەوە رۆژانە و دەستە دەستە سیاسەتوان و چالاکانی کورد دەگرێت و زیندانی دەکات. لەم رۆژای دواییدا بە تاوانبارکردنی بێ بنەما 16 رۆژنامەوانی کوردی لە شاری ئامەد دەستگیر کرد. بۆئەوەی ئەم دۆخە بە دنیا بناسێنرێت و لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەی تورکیادا هەڵوێست پیشانبدرێت، کۆبوونەوە چەند ئەرکێکی بە خۆی سپارد.

9. ئێمە وەک کۆمیتە داوا لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان دەکەین بەشداری کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش ببن هەتا پێکەوە کاری دیپلۆماسیی کوردستانیی بکەین.

لە تەوەری کۆتایی کۆبوونەوەدا زانیاری لەسەر ئەو کارو چالاکیانەی لە وەرزی رابردوودا کرابوون دران و هەڵسەنگێندارن. دواتر لەسەر کارو خەباتی وەرزی داهاتوو پێشنیاز و پلانسازیی کرا. هەمانکات لەسەر کارو چالاکی بە بۆنەی 99 و 100 ساڵەی پەیمانی لۆزانەوە وتووێژ و کراو پلانی کار دانرا.

ژ.ت