یەپەگە: درێژە بە تێکۆشانی ئازادیی دەدەین

فەرماندەیی یەپەگە لە ١٣ـیەمین ساڵوەگەڕیی شۆڕشی ١٩ـی تەممووز ڕایگەیاند، درێژە بە تێکۆشانی ئازادیی و دادپەوەریی دەدەین.

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، بە بۆنەی ١٣ـیەمین ساڵوەگەڕیی شۆڕشی ١٩ـی تەممووز، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

بەیاننامەکەی یەپەگە بەمشێوەیەیە:

"بەناوی فەرماندەیی گشتیی یەپەگەوە بە جۆش و سەرفرازییەوە پیرۆزبایی ١٣ـیەمین ساڵوەگەڕیی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خانەوادەی شەهیدان و تەواوی جیهان دەکەین، ١٩ـی تەمووز سیمبولی بەرخۆدان و ئازادیی گەلەکەمانە کە ڕێگەی بۆ قۆناغێکی نوێ لەمێژووی کوردستان، سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.

بە شکۆوە یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە پاراستنی شۆڕش گیانی خۆیان بەختکردووە. بەرخۆدانی گەلەکەمان، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە لە دژی داعش و هێزە داگیرکەرەکان بووەتە نموونەی قارەمانێتییەک کە نەک تەنها ناوچەی پاراست بەڵکو کاریگەریی لەسەر ئاسایشی جیهانییش هەبوو.

شۆڕشی ڕۆژئاوا، لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە، بە ڕەنجی دەیان هەزار شۆڕشگێڕ لە هەموو بەشەکانی کوردستان و گەلانی سووریا و شۆڕشگێڕانی هەموو جیهان، خەسڵەتێکی ئینتەرناسیۆنالیستی بەدەستهێناوە و نیشانی داوە کە ئیرادەی گەل بەسەر ستەمدا سەردەکەوێت. ئەم شۆڕشە بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بووەتە تروسکەی هیوا بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە. ئەمڕۆ ڕۆژئاوا لە سەرانسەری جیهاندا وەک مۆدێلێکی دیموکراسی ناسراوە کە لەسەر یەکسانی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بنیات نراوە. ئێمە سەلماندمان پێکەوەژیانی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مومکینە. لە ساڵوەگەڕیی شۆڕشەکەماندا، هەموو ناوچەکەمان و سووریا بە تایبەتی بە دۆخێکی سەخت و پڕ لە ململانێدا تێدەپەڕێت. دووپاتی دەکەینەوە کە هیچ هەوڵێکی ئیداری یان بزووتنەوەیەکی سیاسی کە ڕێز لە فرەچەشنی و فرە کولتووریی ناوچەکە نەگرێت ئەوا ناتوانێت بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە شەڕی ١٤ ساڵەی ناوخۆیی بهێنێت. سەرچاوەی قەیرانی ١٤ ساڵەی سووریا، ئەو عەقڵییەتە پاوانخوازە بوو کە تاک ڕەنگی و تاک دەنگی بەسەر گەلی سووریادا سەپاند. ئەمڕۆش هەمان هەڵە قەیرانێکی گەورەتری بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە یادی ١٣ ساڵەی شۆڕشەکەماندا، بەڵێن دەدەین لە تێکۆشان بۆ ئازادی و دادپەروەری بەردەوام بین و ڕایدەگەیەنین کە هێزەکانمان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان دژی هەموو هەڕەشە و مەترسییەکان لە دژی گەل و شۆڕشەکەمان."