لە شاری مارسیلیاى فەرەنسا لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بۆ خاوەنداریکردن لە چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە، رێپێوانێک و میتینگێک ئەنجامدرا.
جەماوەری گەل لە گۆڕپانی کانەبیرییە کۆبوونەوە و بە وتنەوەى دروشمەکانى "بکوژ ئەردۆغان" ، "ئازادی بۆ ئۆجالان" و "ئێمە هەموومان ئۆجالانین" و بە بەرزکردنەوەى وێنەیەکى گەورەى ئۆجالان و لەیلا گیوڤەن دەستیان بە رێپێوان کرد.
لە چالاکییەکەدا سڵاو بۆ بەرخودێرانى چالاکیى مانگرتن لە خواردن نێردرا و داوا لە کۆمیتەى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە کرا بە خێرایى سەردانى ئیمراڵی بکات.
لە چالاکییەکەدا هەزاران راگەیاندراو بڵاوکرانەوە و بە هاووڵاتییانى دەورووبەری چالاکییەکە، رێگاى چالاکییەکە و شوێنی گردبوونەوەکە راگەیاندرا، کە دەوڵەتى تورک دەیەوێت کوردان بکوژێت.
لە کۆتایى رێپێوانەکەدا لە گۆڕەپانی ڤیوکس پۆرت میتینگێک رێکخرا.
ئەو کەسانەى لە میتینگەکەدا وتەیان پێشکەشکرد، سەرنجیان خستە سەر هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی رۆژئاواى کوردستان و رایانگەیاند، کوردانی ئەوروپا بەرامبەر بە کۆمەڵکوژییەکانى رۆژئاوا و باکووری کوردستان بێدەنگ نابن و لە هەموو شوێنێکدا بەرخودان گەورەتر دەکەن.
ر.م