ژنان بۆ ئیپەک (ئە) لە شەقام و گۆڕەپانەکان بوون

بە مەبەستی رسواکردنی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی کورد لە شاری ئێلح بە ناوی ئیپەک (ئە) لە لایەن سەربازێکی فاشیستی تورک بە ناوی موسا ئورهانەوە کە دواتر ئەو ژنە بەو هۆیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ژنان رژانە سەر شەقامەکان و پەیامی تێکۆشانیان بەرز کردەوە.

ئەندامانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد و ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لە چەندین شار و شارۆچکەی تورکیا و باکوری کوردستان بە مەبەستی رسواکردنی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی کورد لە ئێڵح لە لایەن سەربازێکی فاشیستی تورکەوە، کە دواجار بەو هۆیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، رژانە سەر شەقامەکان و چالاکیان ئەنجامدا و پەیامی "ئێمە رێگە نادەین تاوانباران، بێتاوان پیشان بدرێن، لە هەموو شوێنێک تێکۆشان دەکەین"یان دا بە گوێی رژێمە فاشیستەکەی ئاکەپە و دارودەستەکەی.

شرنەخ

لە ناوچەی جزیری شرنەخ بە بەشداری سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیمۆکراتەکان-دەبەپە، نوران ئیمیری پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری شرنەخ، ژنان ویستیان لێدوانێک بۆ رای گشتی بڵاو بکەنەوە. هێزە ئەمنیەکان و هێزەکانی پۆلیس بە بیانووی بوونی بڕیاری قەدەغە بۆ هەر جۆرە چالاکیەک، رێگریان لەو چالاکیە کرد. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس، نوران ئیمیر پەرلەمانتاری هەدەپە جەختی کردەوە کە ئەوان بڕیاری قەدەغەی پارێزگار قبوڵ ناکەن و لە شەقامەکان دەمێننەوە. لەسەر پێشنیاری هێزەکانی پۆلیس کە "٤ ژن و ٤ پۆلیس لە شوێنی چالاکیەکە بمێننەوە" ئەندامانی هەدەپە ناڕەزایەتیان دەربڕی.

دوای گۆتۆبێژ لەگەڵ پۆلیسەکان، گولەر تونج هاوسەرۆکی هەدەپەی ناوچەی جزیر رایگەیاند، سیاسەتە قێزەوەنەکانی دەوڵەت نەک رۆژیک، بەڵکو چەندین ساڵە بەردەوامن و وتی:"ئەوان رێگە بە سیاسەتی پاککردنەوەی بەرپرسیارانی دەستدرێژیەکە نادەن."

دوای تونج سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە قسەی کرد و رایگەیاند، تا ئەو رۆژەی کۆتایی بەو هۆشمەندیە قێزەوەنە نەیەت، تێکۆشانیان بەردەوام دەبێت.

مێرسین

ئەنجومەنی ژنانی هەدەپەی شاری مێرسین و بزوتنەوەی ژنانی ئازاد لە بەردەم ناوەندی هەدەپە لێدوانێکیان بڵاو کردەوە. گولای شەن وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپەی شاری مێرسین تیشکی خستە پەیمانی ئەستەنبول.

هاتای

پلاتفۆمی رەنج و دیمۆکراسیی ئەسکەندەروون بە هەمان مەبەست لە باڵەخانەی رێخستنی هەدەپەی ناوچەی ئەسکەندەروون، راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە. لە وتەیەکدا کە لەسەر ناوی رێکخستنی هەدەپە بڵاو کرایەوە، جەخت لەوە کرایەوە کە ئەوان رێگە بە سیاسەتە قێزەوەنەکانی دژی جەستەی ژنان، نادەن.

مێردین

بزوتنەوەی ئازادی ژنان و ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لە مێردین بۆ هەمان مەبەست چالاکیەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکیەشدا پەیامێک ئاڕاستەی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست کرا و پێی وتن:"ئێوە بۆچی دەستدرێژیکەران دەپارێزن؟ ئێمەی ژن لە دژی کلتوری دەستدرێژی تێکۆشان دەکەین."

رحا

ئەنجومەنی ژنانی هەدەپەی شاری روحا و بزوتنەوەی ژنانی ئازادیش بە هەمان شێوە بە مەبەستی رسواکردنی دەستدرێژیکردنە سەر ئەو ژنە کوردەی شاری ئێلح، گردبوونەیەوەیکیان ئەنجامدا.

لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی ژنانی شارەکە پەیامێک بڵاو کرایەوە. ئەمینە چەتینەر هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری روحا پەیامەکەی پێشکەش کرد و رایگەیاند، خودی دەسەڵات هێندەی ئەو سەربازە، (موسا ئورهان) تاوانبارە و وتیشی:"دەڵێن گوایا لەم وڵاتە داد و یەکسانی هەیە، تەماشای چاوی مرۆڤ دەکەن و درۆیان لەگەڵدا دەکەن. بکوژ و دز و لاقەکەران لە دەرگایەکەوە دەبەن و لە دەرگای ترەوە ئازادیان دەکەن. ئێمەی ژنان، بۆ ئەوەی کۆتایی بە ژیانی ژنێکی تر نەیەت، تێدەکۆشین."

ز.ش