لە بارەی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و کۆکردنەوەی دەنگە ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئەو هێرشانە بەرەی ژنانی باشووری کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای هەڵوێست وەرگرتنی بەهێزی کرد و دەڵێت: "لە لایەن ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپەوە ڕۆژانە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان بە ئامانج دەگرێت و هەڵوێستی جددی لە دژی ئەو لەشکرکێشی و هێرشانە بوونی نەبووە، بۆیە پێویستە دەنگە ناڕەزایەتییەکان کۆبکرێنەوە و هەمووان هەڵوێستیان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان هەبێت و سنوورێک بۆ دەوڵەتی تورک دابنرێت."
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە ڕۆژانە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان بە ئامانج دەگرێت، بە هەموو شێوەیەک سنووری وڵاتانی عێراق و سووریایی بەزاندووە، تا ئێستا سەدان هاوڵاتیی مەدەنیی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوانان و ئازادییخوازان بە تایبەتیش ژنانی بە ئامانج گرتووە، لە دژی ئەوەش هەڵوێستێکی جددی بۆ سنووردانانێک بۆ ئەو پیشێلکارییەکانەی دەوڵەتی تورک بوونی نەبووە و نییە، لێرە و لەوێ دەنگی ناڕەزایەتیی دەبیسترێت."
لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە گرنگیبوونی ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی پراکتیک کراوە و دەڵێت: "پێویستە هەموو چین و تویژێک خۆی لە بەرەی داکۆکیکردن لە دەستکەوت و سەروەری خاکی وڵاتدا ببینێتەوە، سەرەڕای ئەم داواکارییانەی سەرەوەمان لە هەموو لایەنێکی پەیوەندیدار لە هەر پارت و لایەنێکی ئایدۆلۆژیا جیاواز، داواکارین هۆشداری بەپەلە بدرێت و ڕێکخراوە مرۆیی و ژینگەییەکان لە ئاستی دەرەکیدا لە مەترسیی و لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو تیرۆرانەی دەوڵەتی تورک کە بە هاوکاری خیانەتی نێوخۆیی دەرهەق بە مرۆڤ و ژینگەی کوردستان دەیکات ئاگادار بکرێنەوە."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر مەترسی بێدەنگییەکان دەکات و هاتووە: "پێویستە هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و هەڵوێستی جددی بە ئەرکی خۆی بزانێت، دەرەنجام و لێکەوتە نەرێنییەکانی بهێنێتە بەرچاو، لە پێناو تاریک نەبوونی ئایندەی گەلەکەمان و پێشگرتن لە وێرانبوونی زیاتری ژینگە و سرووشتی وڵاتەکەمان، دەبێت هیچ بەربەستێک نەناسین و هەموو جیاوازییەکی ئاین و ئایدۆلۆژیا و جوگرافیای هەرێمی جیاواز بەلاوە بنرێن."