بە دیمەن

چیدەم دوغۆ: پێویستە ژنان لە پرۆسەی چارەسەری کێشەکاندا ڕۆڵیان هەبێت

چیدم دوغۆ ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەژەکە ڕایگەیاند: جێگیرکردنی ژنان لە ناوەندی پڕۆسە کۆمەڵایەتیەکاندا هەنگاوێکی گرنگە لە بنیاتنانی ئاشتی. پاراستنی ئەم پرۆسەیە لەلایەن ژنانەوە پرسێکی ژیانییە."

چیدم دۆغو بە ئاماژەدان بەوەی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان چارەسەری پرسی کورد و چارەسەری پرسی ژناندا هەیە، وتی: "تا چارەسەری کۆمەڵایەتیتر بێت، زیاتر تەمەندار وبەردەوام دەبێت. ئەگەر ژنان ڕازی بکرێن و مافەکانیان پێشێل نەکرێت، کۆمەڵگاش دەگات بە ئاشتی. هیوا لە ئیرادە و تێکۆشانی ڕێکخستنی ژنانە". ئەماژەی بەوەشکرد کە پێویستە لەگەڵ ژنان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگا کۆببنەوە و ڕوانگەی ژنان پێک بهێنن.

دۆغو بە ئاماژەدان بەوەی کە سەرهەڵدانی تێکۆشان و ئیرادەی ژنان لە سوریا زۆر گرنگە، وتی: "بەو بۆنەوە بزووتنەوەیەکی ژنان کە لە هاوپەیمانیەکان زیاتر بێت و ببێتە هۆی یەکێتی و یەکگرتوویی، شتێکی جەوهەرییە. ژنانی هەر نەتەوە و ئایین و باوەڕێک پێویستە ئەزموونەکانی خۆیان لەگەڵ یەکتردا گفتوگۆ بکەن و خەباتێکی هاوبەش پەرەپێبدەن. هەروەها ژنان دەبێ ئایندەی سووریا دیاری بکەن. مۆدێلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێت لە سەرانسەری سوریادا پەرەی پێ بدرێت و ئەم شۆڕشەی ژنان دەبێت هی هەموو گەلانی سوریا بێت. بۆیە دیموکراتیزەکردنی سوریا تەنیا بەم شێوەیە دەکرێت."

هەڵسەنگاندنەکانی چیدەم دۆغۆ ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و ئەو پرۆسەی چارەسەرەی کە رێبەر ئاپۆ دەیەوێت بەرفراوانتری بکات، بەکورتی بەم شێوەیە:

"دیدارێکی بنەماڵەیی لەگەڵ ڕێبەر ئاپو ئەنجامدرا. دوای ئەوە شاندی دەم پارتی سەردانی ئەنجامدا و چووە لای حیزب و لایەنەکان  و کۆبوونەوەی زۆر گرنگیان ئەنجامدا. دەمەوێت بڵێم هاتنی پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە ئێمە و گەل لەم پرۆسەدا، مانادارترین و گرنگترین پێشکەوتنی لێدەکەوێتەوە. هەروەها گۆڕانکارییەکی زۆر گرنگ ڕوویداوە.

دەمەوێت بۆ ئەم هەنگاوە مێژووییەی کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ پێشخستنی تورکیا بەرەو تورکیایەکی نوێ و دیموکراتیک و ئازاد لەم سەدەیە دەستی پێکردووە لە ڕێبەر ئاپو پیرۆز بکەم. بێگومان ڕەوتێکی پڕ لە مشتومڕ لە ئارادایە و ئەم ڕەوتەش لەلایەن هەمووانەوە باسی لێوە دەکرێت. هەروەها لە بیروڕای گشتی تورکیا، لە ڕاگەیاندنەکان، لە لایەنە سیاسیەکان و لە شەقام و بازاڕدا قسەوباسێکی بەرفراوان ڕوودەدات و بێگومان پارتی ئێمەش بە هەمان شێوە بە وردی لە پرۆسەکە دەکۆڵێتەوە.

بەرێوەبەرانی پارتیمان لەو بارەوە لێدوانی پێویست دەدەن و زیاتریش هەموو شت ڕوون دەکەنەوە. زیاتر لەسەر ئەم پرۆسەیە باس دەکرێت. چونکە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی وەها نییە کە بتوانرێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە. ڕۆانگەیەکی ئاسایی و ساکار نییە کە یەکسەر ئاشتی جێگیر بێت. ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکە کە دەبێت بە تێکۆشانەوە بەرەو پێش بچێت.

دەمەوێت بە تایبەتی ئاماژە بەم خاڵە بکەم. پرسی کورد پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە و بە تایبەتی ڕێڕەوێکی ١٠٠ساڵەی هەیە لە دامەزراندنی کۆماری تورکیەوە هەتا ئێستا. ئێمە ئەم پرۆسەیە کە لە بە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنەوە بەڕێوەچووە، بە جینۆسایدی کورد پێناسە دەکەین. ئەم پرۆسە ١٠٠ساڵەیە چەندین قۆناغی جیاواز و کەڵەکەبووی لەخۆگرتووە. هەروەها ڕێبەرایەتیمان ئەم پرۆسەیە بە چەندین قۆناغ هەڵدەسەنگێنێت. پاشخانی مێژوویی و پێشهاتەکانی ئێستا هەمووی پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و ئەم قۆناغە ڕەنگدانەوەی کێشەیەکە کە قەیرانەکان تێیدا کەڵەکە و قووڵتر بوونەتەوە.

بۆیە هەم پرسی کورد و هەم کێشە گشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر ئاڵۆزن. جگە لەم راستیە مێژوویی و ڕۆژانەیانە، دەبێت راستی جەنگی جیهانی سێیەمیش لەبەرچاو بگیرێت. دەتوانین بڵێین ڕاستیەکی لەو شێوەیە زۆر لە شەڕ قەیراناویترە.

ئەو خاڵەی کە دەمەوێت سەرەتا جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە؛ ئەم پرسە شتێک نییە کە بە وتنی 'چارەسەرم کرد' چارەسەر بکرێت. بەڕاستی پرسێکە کە دەبێت بە وردبینی و جددی و بەرپرسیاریەت و یەکدەنگی هەموو لایەنەکان و لە هەمووی گرنگتر بە پارادایمێکی دیاریکراوەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئێمە دەزانین کە ڕێبەرایەتی لە ساڵانی ١٩٩٠ ـەوە بە هەمان شێوە سەیری ئەم بابەتەی کردووە. لەو کاتەدا ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە بەدوای مۆخاتەبێکدا دەگەڕێت بۆ چارەسەری ئەم پرسە و لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا ڕایگەیاند کە "هێشتا لە سەر ئەو بنەمایەی نەوەدەکانم"، هەم خواست و داواکاری خۆی بۆ چارەسەری پرسەکە و ئاشتی، دەربڕی. هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە موخاتەب هەیە.

بەهۆی ئەم هۆکارەوە لە هەر گۆشەیەکەوە لە پرۆسەکە بکۆڵینەوە، ئەم تێکۆشانە پرۆسەیەکە کە دەبێت بە وردبینی، یەکگرتوویی و جددیەت و دیسیپلینەوە لێی بکۆڵرێتەوە. بێگومان لە ئێستادا کە ئاکەپە لە دەسەڵاتدایە - ئاکەپە بەشێکە لەم پرۆسەیە، بەڵام ناکرێ بە تاکە موخاتەبی پرسی کورد هەژمار بکرێت. پێویستە ئەم پرسە بە جیا هەڵسەنگێندرێت، بەڵام لە ئێستادا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێبازە 'لەبەرچاونەگرتن' کە ئاکەپە بە پێداگرییەوە گرتوویەتیە پێش، مرۆڤ تووشی گومان و بیرکردنەوە دەکات. کاتێک باس لە پرسی کورد دەکەین، ئایا بەساڵانەگەلی کورد نکۆڵی لێنەکراوە؟ ئایا زمانی کوردی نکۆڵی لێنەکراوە؟ ئایا ناسنامەی کورد پشتگوێ نەخراوە؟ بەساڵانە پرۆسەی شەڕ نکۆڵی لێکراوە. ئێستا، بەردەوام بە وتنی 'تیرۆریستان' وێنەیەک دروست دەبێت. بەڵام ئەم ڕاستییە نابێت لەبیر بکرێت. گەلی کورد لە دژی ئەم ستەم و هێرشە کۆمەڵکوژییانە گەورەیە شەڕی بەرخۆدانی بە هێزی بەڕێوە بردووە. ئەم شەڕە شەڕی خۆ پاراستنە. لەوە ڕاستیەکی ڕەوا زیاتر بۆ تێکۆشان بوونی نییە. بەڵام ئەمەش بە ناو لێنانی 'تیرۆریست' کراوەتە ئامانج و تەنانەت پرۆسەی شەڕیش نکۆڵی لێکراوە.

ئێستا ڕێبەرایەتی دەیەوێت پرۆسەیەک پەرەپێبدات. ئەو پێشهاتانەی کە ڕوویانداوە، پیویستی و پێداویستییەکانی دۆخی ئێستا، حەتمییەتی ئەم پرۆسەیە نیشان دەدەن. جگە لەوەش لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ئەم شەڕە دەبێت ئەنجامێکی هەبێت. بۆیە ئەو پێشهاتانەی ڕوویانداوە، ڕەوتەکە دیار دەکەن. بەڵام کاتێک سەیری ڕێبازی ئێستای ئاکەپە دەکەین، چی دەبینین؟ ڕێبازێک نیشان دەدات کە تەنانەت نکۆڵی لە خودی پرۆسەکەش دەکات و لەبەر چاو ناگرێت. هەروەها ئەمە ڕێبازێکی زۆر مەترسیدارە. ئێمە لێرەدا ئەرکێک بۆ پێناسەکردن یان ناولێنانی پروسەکە هیچ ڕەوڵێک ناگرینە ئەستۆ. بەڵام پێویستە جەخت لەسەر ئەم ڕاستییە بکەینەوە. هیچ شتێک لە ژیاندا بە بێ هۆ تێناپەڕێت. کاتێک سەیری هەموو دیاردە فیزیکی، میتافیزیکی، ماددی و مەعنەوییەکان دەکەین، دەبینین هەموو شتێک لە پرۆسەیەکی گەشەکردندان. ئێمە ئەمە پێی دەڵێین 'کات'. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین پرۆسە، هەمان شتە: بۆیە دەتوانین بڵێین پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا، بە تێپەڕبوونی کات پێناسەی خۆی دیار دەکات.

فاکتەرەکانی چارەسەری نابێت تەنها بە ئاکەپەوە سنوردار بکرێن

ئەگەر پێشنەکەوت، شتێکی بچووکە. بەڵام بێگومان دەتوانین وەک هەنگاوێک لە پەرەپێدانی پرۆسەیەکدا باسی لەسەر بکرێن. لەم خاڵەدا دەبێ بگوترێ کە ڕێبەرایەتی هەنگاوێکی زۆر مێژوویی ناوە، نەک تەنیا لە ئاستی تورکیا و کوردستانەوە، بەڵکو لە ڕووی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەوە بە تایبەت. لە ڕاستیدا ڕێبەرایەتی پێشتر ئەم هەوڵدانانەی کردووە و هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆری ئەنجامداوە. ئێستا بەو گەشەسەندنە نوێیانەی کە پێشهاتەکانی ئێستا دروستی کردووە، پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیارتر. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەم هەنگاوانە نوێکراونەتەوە و گرنگییەکی مێژوویی خۆیان بەدەستهێناوە.

بە دانانی ئاکەپە لە ناوەندی هەموو شتەکاندا هەڵسەنگاندنێکی دروست نییە. بێگومان بەهۆی ئەوەی لە دەسەڵاتدایە بە جۆرێک پرسەکە زیاتر بەوە گرێدراو دەبێت. بەڵام ئەگەر باس لە ئاشتی و پێشکەوتن دەکەین، دەبێت قبووڵی بکەین کە ئەمە دەبێت ببێتە پرۆسەیەکی دیموکراتیزەکردن. بۆچی باسی ئەم پرۆسەیە دەکرێت؟ دەیانەوێت چ هەنگاوێک بنێن و بۆچی؟ لەبەر ئەوە پڕۆسەی شەڕ و پرسێکی چارەسەرنەکراوی کورد لە ئارادایە. پێویستە ئەم پرسە چارەسەر بکرێت، ئەمەش پێویستی بە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیزەکردن هەیە. لەبەر ئەوە سروشتی ئەم پرۆسەیە ئەوەی دەوێت. ئەگەر ڕەوتێک گەشە بکات، پێویستە هەموو شتێک لەبەرچاو بگرین. چونکە ئەمڕۆ کێشەی زۆر هاتووتە پێش و بەتایبەتی ئەو کێشانەی بە هۆی ئاکەپەوە سەرهەڵدەدەن، کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە هەیە. بۆیە​​نابێت هۆکارەکانی چارەسەری تەنها بە ئاکەپەەوە سنوردار بکرێن. ڕێباز و ڕۆڵی ئەکتەر و کەسایەتیەکانی دیکە لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە.

کاتێک سەیری پێشهاتەکانی ڕۆژ دەکەین، دەبینین ئاکەپە هەوڵ دەدات هەموو پێشهاتێک بە قازانجی خۆی بگۆازێتەوە و پێشهاتەکانی ناوچەکە وەک سەرکەوتنی خۆی نیشان بدات. لە کاتێکدا ڕاستیەکی بەردەوامی شەڕ لە ئارادایە. ئەم دۆخە زۆر جار لە لایەن هەڤاڵانی پێشەنگمان باسی لەسەر کراوە. هەرچەندە لە ئێستادا گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر ئەم پرۆسەیە هەیە، بەڵام شەڕەکە بە هێزی خۆیەوە بەردەوامە، بەتایبەتی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ‌هێرشەکان چڕتر بووەتەوە و ئاگربەست بە هیچ شێوەیەک لە ئارادا نییە.

ئایا چارەسەرکردنی پرسی کورد هەموو شتێک چارەسەر دەکات؟  لەوانەیە ١٠٠٪ هەموو شتێک چارەسەر نەکات، بەڵام لە ڕووی دروستکردنی ژینگەیەکی دیموکراتیکەوە هەنگاوێکی گەورەیە و تا ڕادەیەکی زۆر کێشەی زۆر چارەسەر دەکات. تورکیە کێشەکانی زۆر قووڵ بووەتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیەوە، ڕاپەڕینەکانی کورد و سیاسەتە پەیوەندیدارەکان وردە وردە پەرەیان سەندووە بۆ سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی سیستماتیکی گەلی کورد. ئەم دۆخە بووەتە سیاسەتێکی بنەڕەتی لە حکومەتی تورکیا و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

ڕاپەڕینەکانی کورد سەریان هەڵدا. شێوازی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان و ڕێبازەکانی دواتر وردە وردە پەرەی سەند و گۆڕا بۆ سیاسەتی نکۆلی و لەناوبردنی سیستماتیک. ئەم پرۆسەیە فۆرمێکی جیاوازی بە حکومەتەکان دا. ئەم سیاسەتە بە شێوەیەکی جێگیر و شاراوە جێبەجێ کرا و بوو بە سیاسەتێکی بەردەوام و هەتا ئەمڕۆش هەمان سیاسەت بەردەوامی هەیە. هەرچەندە ئاکەپە لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵات بانگەشەی گۆڕینی ئەو سیاسەتانەی دەکرد، بەڵام بە پێچەوانەوە قووڵتری کردەوە.

کاتێک سەیری هەموو بەشەکانی تورکیە دەکەین، لە ژنکوژییەوە تا کۆمەڵکوژییە کۆمەڵایەتیەکان، لە هەموو ڕووداوێکدا ڕووبەڕووی هەژمارێکی مەترسیدار دەبینەوە. ئەم ژمارانە هەموو جارێک ڕادەگەیەندرێن، باسیان لەسەر دەکرێت و پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت. ژنکوژی و دەستدرێژی بۆتە ڕووداوێکی ئاسایی. لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ژنان ڕووبەڕووی چەوساندنەوەیەکی گەورە دەبنەوە. ئازادی ڕادەربڕین خەریکە بە تەواوی نەمێنێت؛ کەس ناتوانێت بە ئاشکرا بیروڕای خۆی دەرببڕێت چۆن یەکسەر ڕووبەڕووی زیندان دەبێتەوە. تەنانەت کەسانێکی زۆر بە وەک بەرێوەبەرانی حیزبەکانیش ڕەوانەی زیندان کراون. ڕۆژنامەنووسان سەرەڕای ئەوەی دەبێت بەشێوەیەکی ئازاد بتوانن کارەکانیان بکەن ڕووبەڕووی دەستبەرسەر کردن و زیندان دەبنەوە. ڕۆژنامەنووسانی کورد لەسەر ئەو جۆرە بابەتانەی کە هیچ کێشەیەکی نییە لە کۆمەڵگاکانی دیکەدا ڕووبەڕووی دادگایی کردن دەبنەوە، تەنانەت لە ڕابردووشدا کوژراون. ئەمڕۆش هەمان ڕێباز بەردەوامە و ئەمڕۆ چڕتر بووەتەوە. هونەرمەند و ئەکادیمیسیەن و کەسایەتیەکان هەمان گوشاریان لەسەرە. بەگشتی هەموو چین و توێژەکان تەنانەت بۆ یەک ناڕەزایەتی دەربڕین ڕووبەڕووی زیندان دەبنەوە و ئەشکەنجە دەدرێن.

دەوڵەت تیرۆرێکی گەورە بەڕێوە دەبات، دەبێت ژینگەیەکی  بەدوور لە توندوتیژی بنیات بنرێت

هەمان هەوڵدانە تیرۆرییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیاش بەردەوامن. لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێرشەکانی سەر ڕۆژاوا و باشور کوژراون. هەم لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەی وڵات بە بیانووی 'ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ تیرۆر' کۆمەڵکوژی بەرفراوان ئەنجام دەدرێت. حکومەت بە بیانووی بەردەوام بۆ هێرشەکانی خەڵکی مەدەنی، منداڵان، هونەرمەند و ژنانی کورد دەکاتە ئامانج. بۆ نموونە لە تشرین، بابی تەیار کوژرا. پێشەنگ و بەڕێوەبەرانی ژن بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکرێنە ئامانج. ئەمانە هەموویان وڵاتپارێز بوون، کەسانێک بوون کە دەیانەوێت خاکەکەیان و شوێنی نیشتەجێبوونیان بپارێزن. کەواتە تاوانی ئەم گەلە چییە؟ تاوانی ژن و منداڵان چیه؟

هەروەها دۆخەکە لە باشووری کوردستان جیاوازی نییە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٦هاووڵاتیی مەدەنی لە ناوچەی ڕانیە و بەهدینان کوژران. هەروەها ٢ سەربازی سنووری عێراقی و پێشمەرگەیەک کوژران. هەموو ئەم هێرشانە لەلایەن حکومەتی تورکەوە ئەنجام دراون. دەوڵەتی تورک بە هەمان سیاسەتی کۆمەڵکوژییەوە لە سنوورەکانی خۆی و دەرەوەی وڵات هێڕشەکانی ئەنجام دەدات.

لە لایەک دڕندەیی و کۆمەڵکوژی گەورە ئەنجام دەدەن و لە لایەکی ترەوە وا خۆیان نیشان دەدەن کە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن. بەڵام نە دەڵێن 'چارەسەر دەکەین' و نە پرۆسەکە دیاری دەکەن. بەم سیاسەتە ناڕوونەوە، بەس داوا دەکەن "پەکەکە چەک دابنێ". تەنها دەڵێن 'تورکیەیەکی بێ تیرۆر'، بەڵام لە راستیدا ئامانج تورکیایەکی بێ توندوتیژی نییە. ڕێبەرایەتیمان و ئێمە پێمان وایە کە دەبێت ژینگەیەکی دیموکراتیک و بەدوور لە توندوتیژی بنیات بنرێت. بەڵام ئەمە شتێکی یەکلایەنە نییە. لەم ناوەندەدا توندوتیژی و تیرۆری دەوڵەتی چڕ بووەتەوە.

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، لە ڕوانگەی یاسا جیهانیەکانەوە، تاوانی جەنگە. ئەو سیاسەتە دیکتاتۆریانەی کە حکومەتی ئێستای تورکیە پەیڕەوی دەکات، ڕۆژانە وڵات لە چارەسەری دیموکراتیک زیاتر دوور دەخاتەوە. ئەم ڕەوتە مەترسیدارە نەک تەنیا لە لایەن چین و توێژە خاوەن ویژدانەکانی ناو ئاکەپە، بەڵکوو هەموو چین و توێژەکانی ڕاست و چەپی تورکیە و هەر تاکێکی کۆمەڵگاش دەبێ بیبینن و بە پێیە کاردانەوەیان نیشان بدەن. دۆخەکە زۆر مەترسیدارە. لەم کاتەدا، بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستادا، کە هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە خێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. دۆخی سوریا ڕوونە؛ جەنگی جیهانی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە و  ئەم  دۆخە گەورەتر دەبێت و ڕەنگە وا دەرکەوێت کە دۆخەکە وەستاوە، بەڵام ململانێکان بەردەوامن و پێشهاتی بەدواوە دەبێت.

بۆیە لە پرۆسەیەکی وادا پەرەسەندنی توندوتیژییەکان تا ئەو ڕادەیە، زیادبوونی هێرشە جۆراوجۆرەکان دژی گەل، چڕبوونەوەی فشارەکان بۆ سەر گەلی کورد و گەلی تورکیا، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، کرێکاران، مەترسییەکی گەورەیە بۆ تورکیە. کێشەکە پەکەکە نییە، ئێمە کێشەکە نین. ئێمە ڕێکخستنین و هیزی پاراستنی خۆمانمان هەیە. بێگومان ئێمە بێ بژاردە نین. ئێمە بژاردەی خۆمان لەبەر دەستدایە. بەڵام ئەگەر دەبێت تورکیە بەهێز بێت، داهاتوویەکی ئازادتر و مانادارتری هەبێت، دەبێت سیاسەتێکی دروست لەبەر چاو بگرێت. پێویستە هەنگاوی زیرەکانە بنێت. ئەگەر بەڕاستی ئەگەر تێگەیشتنێک لە حکومەتدا ماوەتەوە، پێویستە بزانێت کە ئەم سیاسەتانە هیچ ئەنجامێکی نابێت.

هەروەها دەبێت کۆمەڵگا لەم ڕاستیە تێبگات. ژنان خاوەنی بیرکردنەوە و تێگەیشتنێکی سەردەمیانەن. دەبێت هۆشیاری و ڕێکخستنی ژنان لەبەرچاو بگیرێت. لەم خاڵەدا نابێت چارەسەری تەنیا بە بڕیارەکانی ئاکەپە گرێدراو بێت. نیگەرانی ئەوە هەیە کە چارەسەری بە ڕێبازەکانی ئێستای ئاکەپە بەدی نایەت؛ بە پێچەوانەوە سیاسەتی دواخستن و فریودان جێبەجێ دەکرێت. بێگومان هەموومان ئەم نیگەرانیانەمان هەیە و ڕاستە. بەڵام هیوا تەنها بە چاوەڕوانی بەدی نایەت. هیوای ڕاستەقینە لە هەنگاونانەوە سەرچاوە دەگرێت. هیوا ئێستا گرێدراوە بەو هەنگاوانەی ئاکەپەوە. ئەگەر ئێمە چارەسەریمان دەوێت، دەبێت بە ڕێکخستن، تێکۆشان و دروستکردنی ژینگەیەکی دیموکراتیک بەدەستی بهێنین. دەبێت ئاگاداری سیاسەتە پراگماتیک و بەرژوەندخوازانەکانی ئاکەپە بین کە لەسەر بنەمای شەڕی تایبەت بەڕێوەی دەبات، ئەڵبەت دەکرێت بگۆڕدرێت ئەگەر هەنگاوی گۆڕانکاری بنرێت. بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە ڕوونەدات، چارەسەری ڕوونادات.

بۆیە نابێت چارەسەری بەدەست لایەنێک بێت و لەلایەنەکانی دیکە لەدەروە بن. دیموکراسی لە دەستی کەسدا نییە. هەروەها ئاشتی نابێت لە دەستی کەسێکدا بێت. ئاشتی بۆ گەلە و گەل پەرەی پێدەدات. ئاشتی بۆ ژنانە و لەلایەن ژنانەوە بنیات دەنرێت. ئەم پرۆسەیە بە ئیرادەی ڕێکخستنی و بە تێکۆشان، گفتوگۆ و بە وەڵامدانەوەی دیموکراتیک بەرەوپێش دەچێت. ئەگەرنا تەنها بەسەیرکردنی حکومەتی ئێستا و هەڵسەنگاندنی ڕەوتەکە بێ هیوایی و ڕەشبینی گەلی لێدەکەوێتەوە. بەڵام بۆ ڕەواندنەوەی ئەم ڕەشبینییە، دەبێت تێکۆشانی ڕێکخستنی پەرەی پێ بدرێت.

پێویستە هەموو ئازارەکان بە هەستیاری یەکسان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت

لەم دۆخەدا ئێمە لە پرۆسەیەکی بێناو و نیشانداین. کردەوە دژە دیموکراسیەکانی حکومەت بەردەوامە، هێرشەکان بەردەوامن. بەڵام ڕێبازی ئۆپۆزسیۆن بۆ پرۆسەی چارەسەریش گرنگە. بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت جەهەپە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە. بێگومان ئەم ناڕەزایەتیانە گرنگن و پێویستە بخرێنە بەر سەرەنجەوە. بەڵام ئەگەر بڕیارە پرۆسەکە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە بخرێبە بەر کارەوە، ئەوا دەبێت چارەسەری ئازارەکانیش بکرێت کە هەموو کەسێک تووشی بووە.

ڕاستە دایکی سەربازەکانیش ئازاری زۆر دەچێژن. هاوکات دایکی گەریلاکانیش هەمان ئازاریان هەیە. دایکانی ڕۆژی شەممە هێشتا بێ ئاگان لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان. ناتوانن ماتەمینی بۆ ڕۆڵەکانیان بگرن کە تەنانەت گۆڕیشیان دیار نییە. ئایا دەکرێت ئازارێکی گەورەتر لەمە هەبێت؟ ئازاری هەموو دایکێک، هەموو بنەماڵەیەک، هەموو باوکێک گەورەیە. ئەم ئازارانە بەراورد ناکرێن بە هیچەوە. بەڵام ئەگەر چارەسەری ڕاستەقینەمان بوێت، دەبێت هەموو ئازارەکان بە هەستیارییەکی یەکسانەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

پێویستە شۆڕشی ژنان هەموو سوریا بگرێتەوە

ڕەوتە جیهادییەکان کە لە سوریاوە بەرەو ئەفغانستان درێژ دەبنەوە، ئامانجیان لەناوبردنی دەسکەوتەکانی ژنانە، دڕندەیی لە ئەفغانستان ئەزموون دەکرێت، لە ئەفریقا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەردەکەوێت. بە هاتنی هەتەشە لە سوریا، ڕەوشێکی سەختتر بۆ ژنان دەرکەوت. ڕەفتارەکانی وەک دەرکردنی ناوی کەسایەتییە مێژووییە ژنەکان لە کتێبەکانی پەروەردە و ستەمی سیستەماتیک لە ژنان، بەدی دەکرێت. زەنوبیا قارەمانێکی مەزنی مێژووە. هەوڵی دەرکردنی ناوی وی لە کتێبەکاندا، زیهنیەتی دژە ژن بە ڕوونی دەردەخات.

ئەو شۆڕشەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە، وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە تاریکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و جیهانیش دەبینرێت. به هۆی ڕێکخستنی ژنان و به شداریکردنیان له بەڕێوەبردن و خۆپاراستن و ئازادی، ئەم هەرێمە هەردەم ڕووبەڕووی هیرشی جیهادییەکان و دەسەڵاتداران بووەتەوە. شەڕی یەپەژە و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی ژنان بۆتە مایەی ئیلهام بۆ جیهان. شۆڕشی ژنان تەنها پێشکەوتنێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو سەرچاوەی هیوایە بۆ جیهان.

ڕاستییەک هەیە دەربارەی هەتەشە. ئەم هێزە دیمەشقی داگیرکرد و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت. بەمەیان گوت شۆڕش. بەڕاستی لێرە ڕەوشێکی جددی هەیە. هەتەشە لە گرووپی چەتەکان پێکهاتووە و هێنرایە سەر دەسەڵات. هەڵوێستێکی دیاریکراویان هەیە بەرامبەر بە ژنان. لە سوریا سامان و ئیرادەیەکی دەوڵەمەندی گەل هەیە. ئەمە نەک تەنها وشەیەک یان ناوێک نییە، بەڵکو وەک پێکهاتەیەکی مێژوویی و کولتووری ڕاستەقینە بوونی هەیە. گەلانی سوریا تایبەتمەندییەکی ناوازەیان هەیە لە پاراستنی کولتوورەکەیان. بەم مانایە گەلێکی بەرخۆدەرە. لەوانەیە ڕێکخستنیان نەبێت، بەڵام پێکهاتەی کولتوورییان بەرخۆدەرە. ژنانیش بەو شێوەیەن. ژنانی سوریا لە ژنانی هیچ جوگرافیایەکی تر ناچن. سوریا وەک ئەفغانستان نییە. سوریا تایبەتمەندی خۆی هەیە. بۆیە ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن ئەو "شۆڕش"ـەی لەگەڵ هاتنی هەتەشە ڕوویدا ئازادیەکان دەهێنێت، ڕاستییەکان نیشان نادات. ئەمە چیرۆکێکی ساختە و دەستکردە.

بنیاتنانەوەی سوریا لە ڕۆژەڤدایە. پێویستە ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ سوریا و هەم بۆ تورکیاش بکرێت. سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دادەڕێژرێنەوە. لەم پرۆسەیەدا کۆماری سوریا بەجۆرێک دامەزرا، وەک ئەوەی ئیرادەی ژنان بوونی نەبێت. بۆیە لە سوریا هەردەم کێشەی ژن هەبووە. ئێستە، لەڕێگەی هەتەشەوە تابلۆیەکی مەترسیدارتر پیشان دەدەن.

ئەزموونێکی گرنگ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە. لەلایەک شۆڕشی ژن هەیە، لەلایەک ڕاستییەکی جیاوازی بەڕێوەبردن هەیە. بۆیە دەبێت ئەم مۆدێلە لە تەواوی سوریا بڵاوببێتەوە و شۆڕشی ژنان تەواوی سوریا بگرێتەوە. دیموکراسیبوونی سوریا بەمە پێکدێت.

لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی بزووتنەوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەزموونی ١٢ ساڵیان هەیە. ئەمە شتێک نییە کە بە کەم سەیر بکرێت. مۆدێلێک دامەزراوە کە تێیدا ژنان لە سیاسەت، تەندروستی، پەروەردە، ئابووری، ئاسایش، و هەموو کایە کۆمەڵایەتییەکان بەشداری دەکەن. میکانیزمەکانی وەک سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و ئەنجومەنەکانی ژنان پەرەی پێدرا. پێویستە ئەم مۆدێلە لە هەموو سوریادا بڵاوبێتەوە.

پێویستە ئەم پرۆسەیە بە کۆبوونەوەی ژنان و ڕێکخستنی ژنان و دەسپێشخەریی و پلاتفۆرم پێکبێت و لە زەمینەیەکی بەرفراوانتر بڵاوبکرێتەوە. ئایندە بە دەستی ژنانە. پێویستە بە هۆشیارییەوە تێکۆشان بکەن و هەمیش بەشداری پرۆسەی بنیاتنانەوەی سوریا بکەن.

پاراستنی شۆڕشی ژنان بەرپرسیارێتی هاوبەشێ بزووتنەوەکانی ژنانی جیهانە

پشتگیری بزووتنەوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان زۆر گرنگە. شۆڕشی ژنان ڕاستییەکی مێژووییە. چونکە پرسی ژنان جیهانییە، چارەسەرەکەشی هەر وەهایە. شۆڕشی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرچاوەی ڕووناکییە بۆ هەموو ژنان. بەهایەکە کە ڕێگەی گەلان ڕۆشن دەکاتەوە. دەبێت بپارێزرێت. بۆیە پێویستە بزووتنەوەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا خاوەنداری لە شۆڕشی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن و بیپارێزن و پاڵپشتی بکەن. ئەمە تەنها پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پرسێکی جیهانی ژنانە. ٦٥٠ ژن لە ٥٠ وڵاتەوە بۆ پشتیوانی لەم شۆڕشە ڕاگەیاندراویان دا. ئەمەش هەنگاوێکی زۆر مانادار و گرنگ بوو. ئەم پشتگیرییە پێویستە فراوانتر بکرێت. پاراستنی شۆڕشی ژنان بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموو بزووتنەوەکانی ژنانە لە سەرانسەری جیهاندا.

لە ئێران سێدارەدانی ژنان ناوەستێنرێت. بەرامبەر بەشەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان لەسێدارەدان بەردەوامە. ژنە پێشەنگەکانی وەک پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی ڕۆڵی پێشەنگیان لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا گێڕاوە. کاتێک باس لە شۆڕشی ژنان دەکەین، باسی تێکۆشان ژنان و دەستکەوتەکانی ئەوانیش دەکەین. ئەم ژنانە پێشەنگ و بەرخۆدەرن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهاگەلێک هەن کە بە قوربانیدانی زۆر بەدەست هاتوون. سزای لەسێدارەدان خۆی لە خۆیدا کارێکی نامرۆڤانەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە بەرخۆدانی ژنان لە ئێراندا گرنگە.

پێویستە پیلانگێڕیی بە تەواوەتی پووچەڵ بکرێتەوە

پێ دەنێینە مانگی شوبات، شوبات ساڵیادی پیلانگێڕیی دژی ڕێبەرێتییە. واتە ٢٦ ساڵ تێپەڕی و گەیشتە ٢٧ ساڵ. بەم بۆنەیەوە دەبێت بزانرێت کە ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ٢٦ ساڵدا بەرخۆدانێکی مەزنی نیشاندا. ئەم بەرخۆدانە هێشتا بەردەوامە.

گرنگە لەم پرۆسەیەدا ڕێبەرێتی بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت. ئەگەر بە ڕاستی دەخوازرێت ئەم پرۆسەیە پێش بکەوێت، ئەگەر دەخوازرێت نزیکایەتی جدی و یەکگرتوو هەبێت، ئەمە بە مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی دێتەدی. رێبەر ئاپۆ لەم ڕووەوە هەردەم هەڵوێستێکی نەرمی نواندووە. بەبۆنەی ١٥ ی شوباتەوە بانگەواز لە گەلی کورد و بەتایبەت ژنانی کورد  و کۆمەڵگەی کوردی ئەوروپا و دۆستەکانمان لە جیهان دەکەین ئەم ساڵ بگۆڕن بۆ ساڵی لەناوبردنی پیلانگێڕیی و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتی.

لە تشرین مێژوو دەنووسرێتەوە

بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا و گەلی کۆبانێ و گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە. لە هێڵی تەل تەمر و هەرێمی سیرین هێرش بەردەوامە. ئەو چالاکییە ناڕەزایەتییانەی لە بەنداوی تشرین ئەنجام دەدرێن، دەکرێنە ئامانج. لە کۆبانێ هێرش دەکرێتە سەر گەل. ڕاستییەکەی، لە ڕۆژئاوا و بەتایبەت لە کۆبانێ شەڕێکی مەزن دژی داعش ئەنجامدرا، مێژوو نووسرایەوە. بەڵام دیسانەوە ئەم مێژووە لە تشرین دەنووسرێتەوە.

لە تشرین گەل بە بوێری و ئیرادە و یەکگرتنەوە خاکەکەی دەپارێزێت. بەنداوەکە لێرە تەنها سیمبولێکە؛ لە بنەڕەتدا گەل ئازادی و هەبوونی خۆی دەپارێزدەپارێزێت. ژنان ئازادی خۆیان دەپارێزن. هونەرمەندان خاوەنداری لە بەهاکانیان دەکەن. ئەم بەرخۆدانە نموونە و نیشانەی فیداکارییەکی مەزنە، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی جیهان. دەبێت بە مەزنکردنی ڕێکخستنمان، هیوای خۆمان بئافرێنین و ئایندەمان بنیات بنێین".