دەوڵەتی تورک ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵی لە جزیر دەستگیرکرد

پۆلیسەکانی دەوڵەی تورک لە ناوچەى جزیر لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵیان بە ناوی بەهار ماگی دەستگیرکرد.

پۆلیس لە جزیر هەڵیکوتایە سەر ماڵی بەهار ماگیی تەمەن ٥٠ ساڵ و دەستگیریان کرد.

بەهار ماگی پێشتر بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن و ئەنجامدانی تاوان بە ناوی رێکخستنەوە" دۆسیەى لە دژ کرابووە و دادگای باڵا لەسەر داوای داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک دۆسیەکەى پەسەند کرد و سزای ٣ ساڵ و مانگێک زیندانیان بەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاندبوو.

ئەمڕۆ پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک بە پاساوی ئەوەى بڕیاری زیندانیکردنی هەیە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەهار ماگی و دەستگیریانکرد و بردیان بۆ بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی جزیر و بەپێی زانیارییەکان، بەهار ماگی رەوانەى زیندانی جۆری ئەی شرنەخ دەکرێت.

ژ.ت