'گرنگە ژنان بەرهەمەکانیان خۆیان پیشانبدەن و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن'

ژنانی بەشداربوو فێستیڤاڵی پاییزەی کەلار وتیان، گرنگە ژنان پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و رایانگەیاند: "ژنان زۆر کاری دەستی جیاواز و جوان دروست دەکەن بۆیە گرنگە بەشداری بکەن لە فێستیڤاڵەکاندا بۆ ئەوەی پێویستیان بە کەس نەبێت."

فێستیڤاڵی پاییزە لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بەردەوامە، کە تیایدا ٥٠ فرۆشیاری بەرهەمە دەستکردەکان و خواردنە کوردەوارییەکان بەشدارن، هاوڵاتییان پێشوازییەکی گەرمیان لێکردووە زۆرینەی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەش ژنن، لەو بارەیەوە هەریەک لە بەشداربوان؛ گوڵناز ئەرجومەند و چرا تاهیر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

لە سەرەتایی قسەکانییدا گوڵناز ئەرجومەند باسی لەوەکرد کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووە بۆ بەشداریکردن لەم ڤیستیڤاڵەدا، وتی: "لەم فێستیڤاڵەدا بە هێنانی جلی کوردی و کاری دەستی، شیرینی کرماشان بەشدارییم کردووە، ئەم فێستیڤاڵانە زۆر باشن کە لە کوردستان دەکرێتەوە، بە تایبەت بۆ ژنان دەتوانن بەشداری بکەن بۆ پیشاندانی کارەکانیان و پشت بەستن بە تواناکانی خۆیان لە پەیداکردنی بژێوی ژیانیاندا بۆ ئەوەی پێویستیان بە کەسی تر نەبێت."

'ژنان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەشداری فێستیڤاڵەکان بکەن پێویستیان بە کەس نابێت'

لە کۆتایی قسەکانییدا گوڵناز ئەرجومەند باسی لەوەش کرد گەر لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە ژنان بەشداری فێستیڤاڵەکان بکەن، ئەوا هەرگیز پێویستیان بە کەس نابێت و بەمجۆرە بەردەوامبوو: "پێشتر شیرینیم زۆر دەهێنا بەڵام بەهۆی گەرماوە ئەمساڵ نەمهێناوە چونکە خراپ دەبوو. ئێستا بەشداریم کردووە بە هێنانی هێلەک و سەرپۆشی چنراو کە کاری دەستیین."

پاشان چرا تاهیر ئاماژەی بەوەکرد وەک گروپی چاوی سلێمانی هاتوونەتە کەلار، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی خۆیان بناسێنن و بەمجۆرە دوا: "بەرهەمەکانی ئێمە کاری دەستی و چنیین و کۆمەڵێک خواردنی وشکەیە، چەندین جۆر شتمان هێناوەتە ئێرە بۆ بەشداریکردن، ئەوەمان پێخۆشە کە خەڵکی زۆر بە گەرمییەوە پێشوازیمان لێدەکەن."

'گرنگە ژنان کارەکانی خۆیان پیشانبدەن و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن'

لە کۆتایی قسەکانییدا چرا تاهیر باسی لەوەکرد کە گرنگە ژنان کارەکانیان لە فێستیڤاڵەکان نمایش بکەن و نابێت تواناکانیان بشارنەوە، وتی: "زۆر بە گرنگی دەزانم ژنان ئەو کارانەی کە لە ماڵەوە دەیکەن، کە زۆر کاری جیاواز و جوان دەزانن دەتوانن لێرە پێشکەشی بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر پێیەکانی خۆیان بوەستن و بژێویی خۆیان پەیدا بکەن گرنگە بەشداری بکەن لە فێستیڤاڵێکی لەمجۆرەدا. خۆشحاڵم بەوەی ئەم ژنانە دەبینم لێرە کە کار دەکەین پێکەوە."