ئەنجومەنی کۆنگرە ستار بە بۆنەی ١٠ هەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی سەر کۆمەڵگەی ئێزیدی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە شەنگال ئەنجامدرا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بانگەوازی بۆ ئەنجامدانی چالاکی بەرفراوانکرد.
لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیەکە دەکاتەوە و هاتووە: "شەڕڤان و میلیتانان کە بەرخۆدانی مێژوویان بەرامبەر چەتەکانی داعش لە شەنگال بەڕێوەبرد یاد دەکەینەوە و بەڵێنی پێکهێنانی خەونی شەهیدان دەدەین."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و کارە قێزەونەکانی پەدەکە دەکات لە دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی و هاتووە: "دەوڵەتی تورک هەموو جۆرە ڕێبازێکی شەڕ بەکاردێنێت و هەوڵەدات گەلی شەنگالمان لە ناوبەرێت. پەدەکە هەموو ڕۆژێک درۆ و پاگەندەی ناوزڕاندی ئێزیدییەکان دەکات و هەڕەشە دەکات، بەدەستی پەدەکە داگیرکاری سەر باشووی کوردستان بەرفراوانتربووە، ئەمەش کاریگەری لە سەر ژیانی ژنان دەکات، ڕێگە لەبەر کۆچبەری و قڕکردن دەکاتەوە.
ئەو ڕاستیەیی هێشتا کوشتنی ژنان وەک تاوان لە دژی مرۆڤایەتی نابینرێت، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە دەوڵەت و دیکتاتۆرەکان کە بە سیاسەتەکانی قڕکردنی ژنانەوە هەوڵی مانەوەی خۆیان دەدەن، لە دادگایکردنی ئەم تاوان و شەڕانەیان نەترسن."
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا کۆنگرە ستار ئاماژە بەوەدەکات لە بەرامبەر هەموو جۆرە توندی، داگیرکاری و قڕکردنێک بێدەنگ نامێننەوە و پشتگیری دەدات بە ژنانی ئێزیدی و دەڵێت: "دەنگی ژنانی ئێزیدی دەنگی هەموومانە، وەک ژنانی شۆڕشگێڕ پشتگیری لە ژنانی شەنگال، ئەڤغانستان، ڕۆژهەڵات و هەموو ژنانی تێکۆشانی ئازادی دەکەین."
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی ئەنجامدانی چالاکی دەکات و دەڵێت: "بانگەوازی لە هەموو ژنانی ئازدیخواز، ڕۆشنبیر، هونەرمەند، تێکۆشەر دەکەین، پێکەوە تێکۆشانی ئازادیمان بەرفراوان بکەین و بڕژێینە گۆڕەپانەکان."