'له ‌ئێستادا ژن له‌ هه‌موو شوێنێك پێشه‌نگه‌'

گوڵستان گولۆ هێشتا ته‌مه‌نی ٩ ساڵ بوو رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالانی ناسی، ئێستا له‌ سه‌ر ئه‌و خاكه‌ی تیایدا له‌دایكبووه‌، پێشه‌نگی تێكۆشانی ژنانه.

گوڵستان گولۆ ساڵی ١٩٨٢ له‌ گه‌ڕه‌كی خه‌لیلیه‌ی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان له‌دایكبووه‌. هاوسه‌رگیری كردووه‌ و دایكی چوار منداڵه‌.

وه‌ك هه‌موو ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌ی گولۆ ئه‌ویش په‌یوه‌ندیی به‌ تێكۆشانی ئازادیی كورده‌وه‌ هه‌بووە و له‌و پێناوه‌دا تێكۆشاوه‌.

ئێستاش له‌ شاری قامیشلۆ له‌ ژێر چه‌تری كاره‌كانی كۆنگره‌ی ستاردا پێشه‌نگایه‌تی بۆ تێكۆشانی ژنی ئازاد ده‌كات. له‌ ساڵی ٢٠١١ به‌دواوه‌ كاره‌كانی كۆنگره‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات.

گوڵستان له‌ ١٥ی ئابی ١٩٩١ ئه‌و كاته‌ی هێشتا ته‌مه‌نی ٩ ساڵ بوو، له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی چوون بۆ دۆڵی بیقاع و عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌ری گه‌لی كوردی ناسی.

به‌م جۆره‌ باسی ئه‌و كاته‌‌ ده‌كات، "من له‌و كاته‌دا هێشتا منداڵبووم، به‌ڵام هێزێكی به‌ چوارده‌وری ده‌به‌خشی، كه‌ ئه‌و هێزه‌ تائێستاش ته‌واو نه‌بووه‌... رامانه‌كانی نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نیا هێزی به‌ گه‌لی كورد به‌خشی، به‌ڵكو بۆ پێكهاته‌ی هه‌موو گه‌لانیش سه‌رچاوه‌ی هێزبوو. له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌م، له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌م هه‌موو كه‌س ده‌چوونه‌ سه‌ردانی. من بیستم له‌ كوردستان ژن بۆ گه‌لێكی ئازاد، بۆ كوردستانێكی ئازاد ده‌چنه‌ ناو تێكۆشانی ئازادییه‌وه‌".

'ئه‌و ژنانه‌ی له‌ ماڵدا به‌ند ده‌كران، ئیتر له‌ ده‌ره‌وه‌ بوون'

گوڵستان باسی له‌ به‌شداریی خۆی له‌ كاره‌كانی به‌ره‌ی شۆڕش و تێكۆشان كرد: "هێشتا سێهه‌م منداڵی من له‌ دایكنه‌ببوو. له‌و بڕوایه‌دابووم، كه‌ ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی كارا به‌شداری چالاكی ببم. به‌ڵام هێشتا منداڵه‌كانم بچووك بوون، ده‌بوایه‌ به‌خێوم بكردنایه‌، گه‌وره‌م بكردنایه‌. ساڵی ٢٠١٠ دوای ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی چالاكانه‌ به‌شداری كار بووم، گوشاره‌كانی رژیمی به‌عس له‌ دژی بنه‌ماڵه‌كه‌م زیاتر بوو. ساڵی ٢٠١١ دوای ئه‌وه‌ی كۆنگره‌ی بزوتنه‌وه‌ی ژنی كۆنگره‌ی ستار له‌ عه‌فرین به‌ڕێوه‌چوو، من بڕیارمدا به‌شداری له‌ تێكۆشانی ئازادیی ژندا بكه‌م. دوای كۆنگره‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رێكی كۆنگره‌ له‌ قامیشلۆ به‌شداری كاره‌كان بووم".

گوڵستان گولۆ وتی، "قۆناغێكی زۆر دژواربوو. له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گوشارێكی قورسی رژێم هه‌بوو. رژێم ببوه‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م رێكخستنی ژنان. واته‌ کارکردن وه‌ك ئێستا نه‌بوو. له‌ لایه‌كه‌وه‌ ژن نه‌یده‌توانی له‌ ماڵ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و لەلایەکی تریشەوە گوشارەکانی رژێم. ئێستا دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌. ژن له‌ هه‌موو شوێنێك ده‌توانن كار بكه‌ن و تێبكۆشن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ شۆڕشی رۆژئاوا به‌و جۆره‌ ده‌بینین، كه‌ كاتێك ژنان له‌ ماڵ هاتنه‌ده‌ر، شۆڕش دروست بوو".

ژنانی عه‌ره‌ب شتی زۆر گه‌وره‌ سه‌رده‌خه‌ن

گوڵستان گولۆ رایگه‌یاند، له‌ ساڵی ٢٠١١دا له‌ رێگه‌ی شۆڕشه‌وه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ كاره‌كانی ئازادی هاته‌ ئاراوه‌ و وتی، "له‌ دژی گوشاره‌كانی رژێم، گه‌ل راپه‌ڕینی كرد. ئێمه‌ تێگه‌یشتین، كه‌ له ‌ئێستا به‌دواوه‌ ده‌بێت زیاتر تێبكۆشین و باشترینه‌كان ئه‌نجام بده‌ین".

گوڵستان گولۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد،‌ ئه‌وان له‌ گه‌ڕه‌كی خه‌لیلیه‌ ده‌ستیان به‌ كاره‌كانی كۆنگره‌ی ستار كرد، "لقی ژنانی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات (مه‌سه‌ده‌) كه‌ لە ساڵی ٢٠١٥ دامه‌زرا، له‌ ژێر چه‌تری خۆیدا نه‌ك هه‌ر ژنانی كورد، بەڵکو ژنانی هه‌موو پێكهاته‌کان و  گه‌لانی ناوچه‌كه‌ی تێدابوو.

به‌ بێ جیاوازی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌كان، خزمه‌تی هه‌مووان ده‌كات. ژنانی عه‌ره‌بیش مۆری خۆیان له‌ بن سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ داوه‌. له‌ ناوه‌نده‌ ئازاده‌كان زۆر باشتر كار ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تێڕوانینه‌ی گوشار تێكبشكێنرێت. له‌ بری روانگه‌ و بیركردنه‌وه‌ی زۆرداری، رامانی ئازاد و دیموكراتیكی رێبه‌ر ئۆجالان له‌و شوێنانه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات".

' ئێمه‌ منداڵه‌كانمان بۆ تێكۆشان گه‌وره‌ ده‌كه‌ین'

گوڵستان به‌ بیریهێنایه‌وه،‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ ساڵانی ١٩٨٠ه‌وه‌ له‌ ریزی تێكۆشانی ئازادیدان، له‌و پێناوه‌دا به‌ ده‌یان شه‌هیدیان داوه‌ و باسی له‌وه‌كرد،‌ ئه‌وان هێزی درێژه‌دان به‌و تێكۆشانه‌ له‌ شه‌هیدانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن و وتی، "زۆر شه‌هیدمان هه‌یه‌، كه‌ پێشه‌نگایه‌تیان بۆ ئه‌م  تێكۆشانه‌ كرد. ئێمه‌ له‌ قۆناغی شۆڕشی رۆژئاواشدا زۆر شه‌هیدمان به‌خشی. له‌ ٩ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢١دا مامم یوسف گولۆ و دوو نه‌وه‌ی شه‌هید بوون. مامه‌ یوسفم زیاتر له‌ ٤٠ ساڵ خزمه‌تی كوردایه‌تی كرد. بۆ ئه‌وه‌ش ژن له‌ ژێر گوشار و به‌ندكردن رزگار بكرێت، یه‌كێك بوو له‌ تێكۆشه‌ره‌ یه‌كەمەکان. پێشه‌نگایه‌تیی بۆ ئێمه‌ و بۆ كۆمه‌ڵگا ده‌كرد. ئێمه‌ به‌ڵێنمان به‌ شه‌هیدانمان داوه‌. له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی كوردستان ژیانێكی ئازاد بونیات ده‌نێین و تا ئه‌و كاته‌ش ئێمه‌ تێده‌كۆشین. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ئێمه‌ منداڵانی خۆمان گه‌وره‌ ده‌كه‌ین".

ژ.ت