رێکخستنەکانی ژنان: لەیلا گوڤەن ئیرادەی ئێمەی ژنە

رێکخستنەکانی ژنان ناڕەزایەتیەکی توندیان دەربڕی لە بەرامبەر زیندانیکردنی لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و جەختیان کردەوە، لەیلا گوڤەن کە لە دژی نادادی و نایەکسانی وەستایەوە، ئیرادەی ئێمەی ژنە.

٩ لە رێکخستنەکانی ژنان لە راگەیێنراوێکیدا لە بارەی زیندانیکردنی لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری جۆلەمێرگ هەڵوێستێکی توندیان دەربڕی.

لە راگەیێنراوی رێکخستنەکانی ژناندا هاتووە:" ئێمە بە روونی ئاگامان لەوە هەیە، بەم بڕیارە کە لە کەسایەتی لەیلا گوڤەندا دەرکراوە، بە تایبەتی گەلی کورد و ژنان کە هەوڵی بەدیلگرتنی ئیرادەیان دەدرێت، دەیانەوێت بەو رێگایە لایەنی ئۆپۆزیسیۆن چاوترس بکەن، بەڵام ئێمە هیچ حوکمێکی ئەم بڕیارە قبوڵ ناکەین."

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەدا جەخت کرایەوە کە لەیلا گوڤەن هەموو ژیانی خۆی بۆ تێکۆشانی ژنان و گەلی کورد تەرخان کردووە و لەم رێگایەدا قوربانیەکی زۆری داوە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرا:"لەیلا گوڤەن کە لە دژی نادادی و نایەکسانی وەستایەوە، ئیرادەی ئێمەی ژنە. هیچ دەسەڵاتێکی فاشیست، نەیتوانی نە ئەو، نە ئێمە لە تێکۆشان و خۆڕاگری بوەستێنێت و نەیانتوانیوە هەنگاوێکیش بۆ دواوە بمانگێڕنەوە. ئەم هێرشانەی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەش بە هەمان شێوە ناتوانن لە بەردەم تێکۆشانی لەیلا گوڤەن ببن بە رێگری."

رێکخستنەکانی ژنان لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەیاند جەختیان کردەوە کە، وەکو لەیلا گوڤەن وتی، 'ئەو بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات، ئەم وڵاتە هی ئێمەیە و ئێمە سیاسەتی خۆمان بەڕێوە دەبەین، جا چی لە ناوەوە بێت یان لە دەروە'. هیچ سیاسەتێکی زوڵم و زۆرداری، هیچ دەستگیرکردن و زیندانیکردنیێک ناتوانێت لە تێکۆشان بمانوەستێنێت! لەو شوێنەی لەیلا بەجێی هێشت، ئەو لە زیندان، ئیمەش لە دەرەوە، لە هەموو ناوچەیەک تەنانەت بۆ ساتێکیش لە تێکۆشان ناوەستین. چونکە ئێمە هێزمان لە مافداری خۆمانەوە وەردەگرین. ئەوەی لەناو دەچێت، دەسەڵاتە سەردەست و رزیوەکەتانە."

لە کۆتایی راگەێنراوەکەشدا جەخت کرایەوە:"ئێمە لە بەرامبەر سیاسەتە دوژمنکارانەی ئێوە کە لە دژی کورد و بە تایبەت ژنان پەیرەوی دەکەن، سەرمان دانانوێنین."

ئەو رێکخستنانەی لەم راگەیێنراوەدا ناویان هاتووە بریتیە لە:

ئەنجومەنی ژنانی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک

ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی دیمۆکراتیکی گەلان

کۆمیسیۆنی ژنانی پارتی هەرێمە دیمۆکراتەکان

ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک

رزگاری ژنان

پلاتفۆرمی ژنانی سۆسیالیست

ئەنجومەنی ژنانی سۆسیالیست

ئەنجومەنی ژنانی پارتی دامەزراندنی نوێی سۆسیالیست

ژنانی چەپی سەوز

ز.ش