شەریفە محەمەدی: هێزەکانی ئێران ئەشکەنجەیان دام

زیندانیکراوی سیاسی شەریفە محەمەدی کە لەزیندانی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ڕایگەیاند هێزەکانی ئێران ئەشکەنجەیان داوە و گوتی: "نابێت مرۆڤ لەنێو خەم و پەژارەدا بژی و چۆک دابدات، دەبێت مرۆڤ بەهیواوە بژی".

زیندانیکراوی سیاسی شەریفە محەمەدی کە لە زیندانی لاکانی ئێران ڕاگیراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، دەربارەی پرۆسەی دادگاییکردنی خۆی و نزیکایەتیی دەوڵەتی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە.

شەریفە محەمەدی ڕایگەیاند بەرپرسانی زیندانی لاکان لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا سزای لەسێدارەدانەکەیان پێی ڕاگەیاندووە، دەڵێت: " لە کاتی لێپرسینەوە لە ژێر ئەشکەنجە ویستیان دانپێدانانی زۆرەملێ واژۆ بکەم، بەڵام قبووڵم نەکرد، بەو هۆیەوە زیاتر ئەشکەنجەدرام و دەمووچاوم زیانی پێگەشت".

لە درێژەدا دەڵێت: " لەدوای ئەشکەنجەدانم و شین بوونەوەی دەمووچاوم بۆ ماوەی سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسی زیندانیی کرام و تێکەڵ بە ژنان نەکرام، لەو ماوەیەدا سێ کیلۆ لە کێشم دابەزی. هۆکاری سزادانم ئەوەیەو کە زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەندامی کۆمیتەی هەماهەنگی یارمەتیدان لە دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووم و بە ئاشکرا چالاکییەکانم ئەنجامداوە."

لەکۆتاییدا دەڵێت: " هێشتا نازانم چ تاوانێکم ئەنجامداوە، کە شایەنی سزایەکی نادادپەروەرانە بم، بەڵام جارێکی دیكە بەهار هاتەوە و هیچ زستانێک بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت، نابێت مرۆڤ لە خەم و پەژارەدا بژی و چۆک دابدات، دەبێت بە هیواوە بژی".