ئاهەنگی ژنان لە ئیستەنبوڵ: خۆپاراستنمان بە خۆڕێکخستنمان دەبێت

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو لە ئاهەنگی ژنان لە ئیستەنبوڵ قسەی کرد، تیشکی خستەسەر گرنگی یەکێتی و یەکگرتن دژی سیاسەتەکانی شەڕی دەسەڵات، گوتی: "خۆپاراستنمان بە خۆڕێکخستنمان دەبێت".

مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە درووشمی "پێداگرین لەسەر ژیانی ئازاد و یەکسان، دژی قووڵکردنەوەی هەژاریی ژنانین"، لە گۆڕەپانێکی کراوەی گەڕەکی کارتالی ئیستەنبوڵ ئاهەنگێکی ئەنجامدا. ژنان بە جلوبەرگی هەرێمییەوە بەشداربوون و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

"هەژاری ژنان، پرسێکی دیموکراسییە"

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند پرسی ژن یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی تورکیا، تیشکی خستەسەر هەژاریی ژنان، جەختی کردەوە بەبێ ئازادی و یەکسانی ژنان، کەس ئازاد نابێت، چونکە ژنان ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتن، گوتی: "پرسی ژنان، پرسێکی دیموکراسییە لەم وڵاتەدا. لە هەموو جێیەک گەل دژی شەڕ و کرێخۆری دەسەڵات سەرهەڵدان دەکات. کرێکار و گوندنشینان بۆ ڕەنجی خۆیان سەرهەڵدان دەکەن. هەژاری شتێکی لەم جۆرەیە، لەلایەک هێرش دەکەنە سەر مافەکانمان، لەلایەن هێرش دەکەنە سەر خۆمان. ژنانیان بە برسێتی جێهێشت. ئەوانەی دزی لە ئێمە دەکەن. ناتوانن بە دزینی ڕزقی ئێمە بمێننەوە".

"بە سەرهەڵدانی خۆمان دەمێنینەوە"

خالیدە تیشکی خستەسەر توندوتیژی و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی دەسەڵات دژی ژنان و مناڵان، جەختی کردەوە تێکۆشانی هاوبەش دژی ئەم نزیکایەتیەی دەسەڵات گرنگە، ئاماژەی بەوە کرد هەموو کێشەکان گرێدراون بە پرسی کورد و پێداگری لەسەر سیاسەتی شەڕ و دەستبەسەراگرتنی ئیرادە، گوتی: "ئەوانەی لە سەدەی ٢١ نکۆڵی لە ئێمە دەکەن، ئێمەش نکۆڵی لەوان دەکەین. ئێمە هەین، بەڵام وەک خۆمان دەبین. ئێمەی ژنان بە سەرهەڵدانی خۆمان دەمێنینەوە. ئەمە واتای یەکێتی و یەکگرتنە دژی شەڕ. ئێمەی ژنان و تێکۆشەران و گەل و کرێکاران باش دەزانین، بە بەرخۆدان سەردەکەوین. ئێمە لە هەموو بوارێکی ژیان و لە هەموو جێیەک گوتومانە؛ خۆپاراستنمان بە خۆڕێکخستنمان دەبێت".

ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ و چەپڵە و بەرزکردنەوەی درووشـمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.