فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) پەیوەست بە چەتەکانی داعش کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ شەڕی دژی گەریلا ناردوویەتی بۆ باشووری کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەپەژە سۆزدار دێرک، وتەبێژی یەپەژە ڕوکسەن محەمەد و هاوسەرۆکی دەستەی پاراستنی کانتۆنی ڕەقە سەمیرە ئەحمەد ئامادەبوون کە لە چوارڕیانی ئەلنەعیم لە شاری ڕەقە بەڕێوەچوو.
سۆزدار دێرک ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ئاماژەی کرد بە سیاسەتەکانی نکۆڵی و پاکتاو کە جیهانی گرتۆتەوە، جەختی کردەوە مرۆڤایەتی بە قەیرانێکی سەختدا تێدەپەڕێت، لەبەرامبەر ئەو گەلانەی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری دەخوازن، بەرەیەکی فراوانی قڕکردن و دەستدرێژی و توندوتیژی کراوەتەوە.
سۆزدار دێرک جەختی کردەوە داعش لەم بەرەیەدایە، تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژییەکانی داعش لە سوریا و عێراق و سوریا و شەنگال و کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا.
تیشکی خستەسەر تێکۆشانی یەپەژە دژی داعش و گوتی: "هەزاران هەڤاڵمان فیداکارانە شەهیدبوون، بەڵام پێداگریمان لەسەر شەڕ کرد، بەرخۆدانمان کرد، تا داعشمان لەسەر جوگرافیاکەمان لەناوبرد و ئارامیمان بۆ گەلەکەمان فەراهەم کرد".
سۆزدار دێرک ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک چەتەکانی داعش دەباتە باشووری کوردستان تا شەڕی گەریلا بکەن و خاکی باشوور داگیر بکات، گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە سەربازەکانی خۆی و چەتەکانی داعش و هاوکاری بنەماڵەی خائینی بارزانی، لەگەڵ چەتەکانی گوڵان و زێرەڤانی دەیەوێت خاکی باشووری کوردستان داگیر بکات".
ئاماژەی بەوە کرد چەتەکانی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوا و سوریا، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە مەشقیان پێ دەکرێت و پارەدار دەکرێن و بۆ تەواوی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەواوی جیهان بڵاودەکرێنەوە، گوتی: "بردنی داعش بۆ باشووری کوردستان تەنها بۆ لکاندن و داگیرکردن و کۆچبەرکردن و کۆمەڵکوژیی نوێیە".
ئاماژەی بەوە کرد گەریلاکانی ئازادی کوردستان باشووری کوردستانیان لە دڕندەیی داعش پاراست، هەمووان بیریانە بارزانی خۆی بانگەوازی لە گەریلا کرد بۆ پاراستنی هەولێر، گوتی: "ئەمڕۆ بە چ ڕوویەکەوە داعش دەهێننە باشووری کوردستان و بۆ شەڕی گەریلا بەکاریان دەهێنن.
چەندین ساڵ ساڵانێک پێشمەرگە شکۆمەندەکان بۆ پاراستنی خاکەکەیان دژی فاشیزم و دیکتاتۆریەتی سەدام شەڕیان کرد. پێویستە هێزی پێشمەرگە بزانێت شەڕی ئەمڕۆش بۆ هەمان ئامانج دەکرێت و هاوکاری ماڵی بارزانی و پەدەکە قبوڵ نەکەن کە میوانداری چەتەکانی داعش دەکەن. ئەمە بابەتی شکۆیە، گەلی باشوور و بەتایبەت ژنان و گەنجان نابێت ئەم خیانەت و هاوکارییە قبوڵ بکەن. ئێمە لە کۆبانێ لەگەڵ پێشمەرگە و شۆڕشگێڕە ئەنتەرناسیۆنالیستەکان پێکەوە شەڕی داعشمان کرد و شکستمان پێهێنا، ئەمڕۆ دەبێت بە هەمان ڕۆح کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان بپارێزین".
تیشکی خستەسەر ناڕەزایەتی پارتەکانی کوردستان و عێراق و عەشیرەتە عەرەبەکانی عێراق دژی داگیرکاری، دووپاتی کردەوە دەبێت ئەم ناڕەزایەتیە ببێتە هەڵوێستێک بۆ ڕێگری لە ژیاندنەوەی دڕندەیی داعش، هەروەها شکستهێنان بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک. داوای لە حکومەتی عێراق و باشووری کوردستان کرد ڕێگە نەدەن چەتەکانی داعش بێنە ناو خاکەکەیان و نەبنە هاوکاری ئەم تاوانە.
دووپاتی کردەوە پێویستە جیهان بزانێت هێرشەکانی داعش لە ئێران و ڕوسیا و پاریس و ئەڵمانیا و ئەفریقا و ئەوروپا لە ئەنقەرە ڕێکخراون، بە هەماهەنگی ئەردۆگان و میت ئەنجامدراون. گوتی: "ئەم سیاسەتی داگیرکردن و قڕکردنەوەی ئەردۆگان دەری دەخات زیهنیەتی ئەردۆگان هەمان زیهنیەتی داعشە. ئەردۆگان داعش وەک بەرەیەکی مەترسیدار و ستراتیژی دژی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان بەکاردەهێنێت. بۆ ئەوەش پێویستە هەموو جیهان لەگەڵ گەریلاکانی ئازادی کوردستان بێت. چونکە گەریلا لە شەنگال و ڕۆژئاوا و کەرکوک و مەخمور و هەولێر ڕێگرییان لە کۆمەڵکوژی بەرفراوان کرد. بێدەنگ بوون بەرامبەر ئەم شەڕە بە واتای پەسەندکردنی دڕندەیی و قڕکردنی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەواوی جیهانە".
سۆزداری دێرک دژی هێرشی و داگیرکاری بە ٧ خاڵ بانگەوازی لە ژنان و گەلان و هێزە نێونەتەوەییەکان و پێشمەرگە کرد:
- بانگەواز لە هەموو گەلی عێراق، بەتایبەت گەلی باشووری کوردستان دەکەین هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان نیشان بدەن، تا دوورخستنەوەی داعش و فاشیزمی تورک لە خاکی خۆیان، بەرخۆدان و تێکۆشان بکەن.
-هەروەها بانگەواز لە هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی شکۆمەند دەکەین دژی کۆمەڵکوژیی داعش و لکاندنی تورکیا بوەستنەوە و لە بەرەکانی پێشەوەی بەرخۆدان جێگەی خۆیان بگرن.
- دیسان بانگەواز لە حکومەتی ناوەندیی عێراق و باشووری کوردستان دەکەین دەستبەجێ ئەم داگیرکارییە ڕابگرن.
- سەرەتا گەلی عەرەب و کورد و تورکمان، وە هەموو گەلانی هەرێمەکە کە پێکەوە دەژین، پێویستە بە ئیرادەیەکی مەزن دژی سیاسەتی نیو عوسمانیی ئەردۆگان بوەستنەوە.
- هەموو گەلانی جیهان، بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە، پێویستە بە ئەرکی ویژدانی و مرۆیی خۆیان هەستن دژی داعش و فاشیزمی ئەردۆگان و بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ و ڕوون هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن.
-هەروەها بانگەواز لە هەموو ڕێکخراو و هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەین کە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە هێرشەکانی داعش و فاشیزمی تورکی قڕکەر و ڕێگە نەدەن مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دڕندەیی داعش و ئەردۆگانی قڕکەر ببێتەوە.
-بەرەی سەرەکی دژ بە هەموو جۆرە داگیرکاری و قڕکردنێک، بەرەی ژنانە. بۆ ئەوەش پێش هەموو شتێک ژنانی باشووری کوردستان و عێراق، بانگەواز لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین بە یەک ڕۆح و یەک دەنگ لە دژی هەموو جۆرەکانی داگیرکاری و قڕکردن بوەستنەوە".
لە کۆتاییدا سەمیرە ئەحمەد ڕایگەیاند وەک یەپەژە ڕێگە بە گەڕانەوەی داعش نادەن، بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانەوە لە هەر کوێ داعش هەبێت تێکۆشان دەکەن، گوتی: "ئەمڕۆش بۆ پاراستنی ژن و گەلی باشووری کوردستانمان، هەروەها هەر جێگەیەک هێرشی داعشی لێ بێت، بە ڕۆحی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز شەڕ و بەرخۆدان دەکەین. ئێمە لەسەر هێڵی پاراستنی ڕەوا، لە هەر کوێیەک مەترسی لەسەر هەبوونی ژنان و گەلەکەمان هەبێت، بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ درێژە بە تێکۆشان دەدەین".