زیندانی ژنانی ئامەد کراوە بە "ماڵی زوڵم و پێشێلکاری"

ژنانی زیندانیکراو لە زیندانی ژنانی ئامەد لەبارەى ئاستی پێشێلکارییەکانەوە رایانگەیاند، "تەنانەت دەیانەوێت بە پاساوی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەهۆی رۆتیناتەوە رێگری لە هەواگۆڕکێشمان بکەن". لە مانگێکدا ٣١٣.٧٤ لیرەی تورکی وەسڵی کارەبایان بۆ بڕیونەتەوە.

پێشێلکردنی مافەکان لە کاتی پەتای کۆرۆنا لە زیندانی ژنانی ئامەد زیاتر بووە و تەنانەت وەسڵی کارەباشیان بۆ زیندانیان بڕیوەتەوە. ژنان ئەو پێشێلکارییانەیان لە رێگەى نامەیەکەوە بۆ ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) نووسیوە و رایانگەیاندووە، لە مانگی تشرینی دووەم دا لە هۆڵی ئەی – ١٢ دا بڕی ٣١٣.٧٤ لیرەی تورکی وەسڵی کارەبایان بۆ بڕیونەتەوە. نامەکە ئیمزای ١١ ژنی زیندانیکراوی لەسەرە و ئاماژەیان بەوەکردوە، بە تایبەتی لە کاتی بڵاوبونەوەى پەتای کۆرۆنادا ئەوەى بەرامبەر بە زیندانیان دەکرێت هیچی کەمتر نییە لە پێشێلکاری و سەرکوتکارییەکانی سەردەمی ١٢ی ئەیلول.

"دەیانەوێت بە پاساوی پەتای کۆرۆنا رێگری لە هەواگۆڕکێشمان بکەن"

زیندانیانی ژنی لە زیندانی ژنانی ئامەد رایانگەیاند، بە ناوی رێوشوێنەکانەوە شکۆی مرۆڤەکان دەشکێنن و هیچ حسابێک بۆ مافەکانیان ناکەن و وتویانە، "دەیانەوێت بە پاساوی پەتای کۆرۆنا و بە شێوازی رۆتینات رێگری لە هەواگۆڕکێمان بکەن. چەندین مانگە شوێنە هاوبەشە گشتییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان  قەدەغە کراون. چاوپێکەوتنی زیندانیان دابەزاندووە بۆ یەک کەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران لە زیندانەکاندا گوێی لێدەگیرێت.

زیندانیان لە نامەکەیاندا نووسیویانە:

هەفتەیەک رۆژێک دکتۆر هەیە

"بە پاساوی کۆرۆنا یەک بە یەک مافەکانمان زەوت دەکرێن. سەرباری ئەوەى زۆرێک لە هەڤاڵەکانمان نەخۆشیی قورسیان هەیە، بەڵام هەفتەیەک رۆژێک دکتۆر لێرەیە. لە حاڵەتی بەپەلەدا و کاتێک داوای هێڵی خێرای ١١٢ دەکەین و سەرباری ئەوەى بینای نەخۆشخانەی فریاکەتنەکەیان ٥ خولەک لە بینای زیندانەکەوە دوورە، بەڵام ٣٠ بۆ ٤٠ خولەک دوای پەیوەندییەکە دێن.

کاتێک بۆ نەخۆشخانە و دادگا دەگوێزرێنەوە ٢ کەلەپچە بەکار دەهێنن. هەر دوو دەست کەلەپچە دەکرێن و دواتریش دوو مرۆڤ دوو مرۆڤ بە یەکترەوە کەلەپچە دەکرێن. ئەوەش بەو ئەندازەیەی شکاندنی شکۆیە، هاوکاتیش پێشێلکردنی رێوشوێنەکانی دژ بە پەتای کۆرۆنایە. بەهۆی ئەو رەفتارانەوە نزیکەى ساڵێکە ناڕۆین بۆ نەخۆشخانە و دادگا. زۆر جار هەڤاڵانمان دەخەنە نا ئۆتۆمبێلە داخراوە بچووکەکانیان، کە وەک تابوت وایە و بەهۆی نەبوونی هەوا هەڤاڵەکانمان دوای ماوەیەک لە ئۆتۆمبێلەکاندا دەبورێنەوە و لەسەر هۆش دەچن و بەبێ ئەوەى بیانبەن بۆ دادگا دەیانگەڕێننەوە.

٢٤ کاتژمێر چاودێری دەکەن

٢٤ کاتژمێری چاودێری دەکەن. ئێمەی ژنان ٢٤ کاتژمێر چاودێری دەکرێن و بەوەش پەلامار و هێرش دەکەنە سەر هەموو جومگەکانی ژیانی تایبەتمان. سەرباری ئەوەش لە ناوەڕاستی هەفتەدا هەڵدەکوتنە سەر هۆڵەکان و دەست بە پشکنین دەکەن.

لە کاتی هاتنە ناو زینداندا، پشکنین بە رووتی بەسەر هەڤاڵەکانماندا دەسەپێنرێت. لە کاتی سەرەتای قەرەنتینەدا ئێمە نەمادەتوانی زۆرێک لە پێداویستییەکانمان دابین بکەین. تەنانەت دەستەیەک لە هاوڕێیانمان بەهۆی پێنەدانی سەنتییەوە ناچاربوون چارشێو و جلەکانی خۆیان بەکار بهێنن.

هەروەها ئەو دایکانەى منداڵەکانیان لەگەڵدایە لە زینداندا ناچار بوون لەگەڵ منداڵەکانیاندا بۆ ماوەى ١٥ رۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا بمێننەوە.

کتێب قەدەغەیە

لەم سەردەمی پەتایەدا، کە تاکە چالاکیمان کتێب خوێندنەوە بوو، بەڵام لە ماوەى ٢ مانگ دا بۆ هەر یەکێکمان تەنها رێگا بە وەرگرتنی ١٠ کتێب دەدرا و هەندێک کتێبیش بە پاساوی ئەوەى مەترسیدارن پێیان نەدەداین. هەروەها جگە لە میدیا و راگەیاندنەکانی نزیک لە خۆیان هەموو رۆژنامە، گۆڤار، خشتەى یەکتر بڕ و کتێبکی تر لە ئێمە قەدەغەیە. هەروەها بۆ منداڵان کەلوپەلی وەک، بۆیاخ، ماجیک، کاغەز، قەڵەم و بە تایبەت ئەو قەڵەمانەى سەرەکانیان ئەستوورن وەک ئامێری کونکەر دەستیان بەسەردا دەگیرێت و ئەوانەشیان لە منداڵان قەدەغە کردووە.  

زیندانیان پارەی کارەبایان لێوەردەگیرێت

جگە لەو جلوبەرگە سنووردارانەى لە بەریان دەکەین، رێگا نادرێت پێداویستییەکانمان لە دەرەوە دابین بکەین. مرۆڤ ناچار دەکرێت پێداویستییە کەسی و ژیانییەکانی خۆی لە فرۆشگەى ناو زیندانەکەدا بکڕێت. زۆرێک لە پێداویستییەکانی ئێمە لەو فرۆشگایانەدا نییە و ئەوەشی هەیە زۆر باش نییە و زۆریش گرانن. ئێمە ناچار دەکەن کاتێک پارەی کارەبا زۆر بێت، پارەی کارەبا بدەین.

هەروەها چەندین مانگە لە زیندانەکاندا رێگا بە دایکان نادرێت چاویان بە منداڵەکانیان بکەوێت. ئەو دۆخە خراپە کاریگەریی خراپ لەسەر دایک و منداڵەکان دروست کردووە. هەروەها هەر پەیوەندییەکی تەلەفونیی ١٠ خولەکی لە زیندانەوە بۆ دەرەوە و بۆ رێکخراوەکان، بەلانیکەمەوە ٨ – ٩ جار دەبڕدرێت".

ژ.ت