زیندانیانی ژن لە زیندانی ئێڤین دەستیان بە خۆپیشاندان کرد

زیندانیانی ژن لە زیندانی ژنانی ئێڤین لە تاران کە ئەو زیندانە بە ئەشکەنجەدانی زیندانیان بەناوبانگە، رایانگەیاند، بە مانگرتن لە خواردن پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی دەکەن کە بە بۆنەی دووەم ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' راگەیەندراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ژنها ئەو ژنانەی لە زیندانی ژنانی ئێڤینن شەوی رابردوو بە بۆنەی دووەم ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی کە دوابەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، لە حەوشەی زیندان کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. لە خۆپیشاندانەکەدا زیندانیان سەرپۆشەکانیان لادا و ئاگریان تێبەردان و دروشمیان وتەوە.

چالاکیەکە لە سەر هەژمارەکانی نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە و لەبارەوە راگەیەندراو، "بەبۆنەی دووەم ساڵیادی سەرهەڵدانی کن، ژیان،ئازادی کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، زیاتر لە ٢٥ی زیندانی سیاسی ژن لە حەوشەی زیندانی ئێڤین کۆبوونەوە، لە سەر کارتۆن و مقەبا دروشمیان نوسیەوە و بە دیوارەکانی زیندان هەڵیانواسین. لە رێڕەو و حەوشەی زیندان دروشمەکانی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان وتەوە. ناوی ئەو کەسانەیان خوێندەوە کە کوژراون و لەسێدارەدراون. زیندانیانی ژن بە ئامانجی شەرمەزارکردنی سیاسەتی سەرکوتی ژنان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، سەرپۆش و لەچکەکانیان لابرد و سوتاندیانن. ژنانی خۆڕاگر رایانگەیاند، ئەوان رۆژی یەکشەممە بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەری، مان لە خواردن دەگرن".