ئەنگین؛ ئەوەی ئێستا لە عەفرین بەڕێوە دەچێت، ئەنفالێکی دیکەیە.

قاسم ئەنگین، بەبۆنەی ٣٠هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی 'ئەنفال'، سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی یادی قوربانیانی ئەو کارەساتە مرۆڤییە، وتی؛ ئەوەی ئێستا لە عەفرین بەڕێوە دەچێت، ئەنفالێکی دیکەیە.

قاسم ئەنگین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی وەڵات، ڕایگەیاند: ئێستا-ش لە دژی عەفرین هەروەک کاتی پڕۆسەی ئەنفاڵ لە باشووری کوردستان، دەسەڵاتدارانی تورکیا بەنێوی ئایین و کتێبی پیرۆزی قورئانەوە، بڕیاری کۆمەڵکوژی گەلی عەفرین-یان داوە، کە ئەوە تاوانێکی زۆر گەورەیە.

پشتیوانی گەلی باشوور لە عەفرین، هێز و ورەی شەڕڤانان و گەلی عەفرین زیاتر دەکات

ئەنگین، ئاشکرای دەکات کە گەلی باشووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی عەفرین لەسەر شەقامەکاندان و لە ئاستی هەرەبەرزی وڵاتپاریزیدا خاوەنداریەتی لە عەفرین دەکات. ئەنگین، وتی: ''گەلی ئێمە لە باشوور ٣٠ساڵ پێش ئێستا، ڕۆژانێکی پڕ ئازار و نەهامەتیان چەشت. لە گەرمیانەوە بگرە هەتا هەڵەبجەی شەهید، لە ڕاپەڕینەوە بگرە هەتا بارزان، لەهەمبەر زۆرداری سەریان نەتەواند. ئەوڕۆش بە پشتیوانییەکانی خۆیان لە عەفرین، هەمان هەڵوێستی شکۆمەندیان جارێکی دیکە دووپات کردۆتەوە. گەلی عەفرین و خۆڕاگرییە سەربەرزانەکەی، لە پشتیوانی گەلی باشوور هێز وەردەگریت. ئێمە بەهۆی ئەو هەڵوێستە هێژا و نیشتیمان‌پەروەرییەوە، ڕێز و سلاوی خۆمان دەگەیەنینە گەلی خۆمان لە باشوور و هەموو ئەو کەسانەی چالاکانە بەشداری لە چالاکییەکاندا دەکەن".

قاسم ئەنگین، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ''عەفرین بستێک خاکە کە لە بەرانبەر سەدان تانک، تۆپ، فڕۆکە و بە سەدان هەزار سەرباز و چەتە، خۆڕاگری دەکات. ماوەی ٤٠ڕۆژە داستانێکی بێ‌وێنە لە عەفرین دەنووسرێتەوە. بەرخۆدانی 'قەڵای دمدم' ئەمرۆ بە پێشەنگایەتی 'ئاڤێستا خابوور'ەکان لە عەفرین درێژەی پێدەدریت. لە سەدەی ٢١دا تێکنۆلۆژیا لە بەرانبەر ئیرادەی کچان و کوڕانی عەفرین ناچار بە شکستە. چەکی میلیاڕان دۆلاری لە ئاست نەبەردی و ورەی پۆڵایینی شەڕڤانانی عەفرین، بێ‌نرخ بووە. بێ گومان گەلی عەفرین دەزانێ کە بەوتەی دایکانی عەفرین 'ئەو مریشک دزانە'، بێ‌نرخترینن".

لێکدانەوەکانیان هەڵە بوو...

ئەنگین، ڕەخنەی لە بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان گرت و وتی: ''ئیدی هیچ هێزێک ناتوانێ لە بەرانبەر ئەو بەرخۆدانەی هاتۆتە ئاراوە بێدەنگ بێ و گویی خۆی لێ بخەوێنێت. نە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا-ئەردۆغان و نە هێزە نێودەوڵەتییەکان، چاوەڕوانی بەرخۆدانێکی بەو شێوەیەیان لە گەلی عەفرین و شەڕڤانان نەدەکرد. ئێمە دەتوانین بڵێین هەموو لێکدانەوە چەپەڵەکانیان دەربارەی عەفرین بێ‌ئەنجام بوون و رووبەڕووی تووڕەیی دار زەیتوونەکان و چاوی منداڵانی عەفرین بوونەوە".

سیاسەتی دژە کورد، مەحکوومی لەناوچوونە

قاسم ئەنگین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، ئاماژەی بە دەرکەوتنی مێژوویی فاشیزمی هیتلەر کرد و وتی: ''هیتلەر بە پشتیوانی ئەورووپا، فاشیزمی خۆی بنیاتنا و بە میلیۆنان مرۆڤی کوشت و هەموو شوێنێکی کردە گۆمی خوێن. ئەگەر ئەوڕۆش هەمان پشتگیری بدەنە ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر کوردانی عەفرین، بێ‌گومان ئەوە دووپات کردنەوەی هەڵەیەکی گەورەی مێژووییە. لە کەسێتی ئەردۆغاندا، نە ئەورووپا و نەهیچ هێزێکی دیکە بە پشتیوانیکردن لە ئەردۆغان، ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن و تەنانەت ناتوانن خۆ لە بەر ئەو ئەنجامانەش بگرن کە دێنە ئاراوە. ئیدی ئەو حیساب و سیاسەتانەی کە لەسەر بنەمای لەناوبردنی کوردان داڕێژراون، هیچ نرخێکیان نەماوە. هەرکەسیک لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست دەیەوێ ببێتە خاوەنی هێز، ئیدی دەبێ حیساب بۆ کوردانیش بکات. ئەو بۆ رووسیا-ش راستە. لەراستیدا بەرخۆدانی عەفرین ئەو حەقیقەتەی پێشانی هەموو کەس داوە و ئەو بەرخۆدانە ڕۆژبەڕۆژ هەر گەشتر و گەورەتریش دەبێتەوە''.