ئەنگین: ڕێگا نادەین کەس خۆی لەسەر خوێنى گەل و شەهیدان بژییەنێت

ئەنگین رایگەیاند، ئەو کەسانەى بەشداریی داگیرکردنى عەفرینیان کردووە دەبێت بە قورسی باجەکەى بدەن و وتیشى "ڕێگا نادەین کەس لەسەر خوێنى گەل و شەهیدان خۆى بژییەنێت".

ئەنگین رایگەیاند، ئەو کەسانەى بەشداریی داگیرکردنى عەفرینیان کردووە دەبێت بە قورسی باجەکەى بدەن و وتیشى "ڕێگا نادەین کەس لەسەر خوێنى گەل و شەهیدان خۆى بژییەنێت".

قاسم ئەنگین ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى پەکەکە بە ڕادیۆ دەنگى وڵاتى رایگەیاند "سەربارى هەموو هێرش و گوشارەکان، گەلەکەمان بە ئاهەنگ و شایى پێشوازیى لە ٤ى نیسان / ١٥ى خاکەلێوە کرد. ئەو پێشوازییە وەڵامدەرەوەى ئەو راستییە بوو، کە رێبەر ئاپۆ و مێژووی گەلەکەمان ئاوێتەى یەکتر بوون. ماوەیەکى دوور و درێژە کوشتار و کۆمەڵکوژیى گەورەى بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام دەدرێت. لەبەرامبەر ئەو پاکتاوکارییەدا تێکۆشانى بێ هاوتاى رێبەر ئاپۆ لە ئارادایە. ئەو تێکۆشانە کە رێبەر ئاپۆ دەستپیپێکردووە نەک تەنها تێکۆشانە بۆ رزگاربوونى گەلی کورد، بەڵکو تێکۆشانیشە بۆ مانەوە و سەلماندنى بوونى گەلێک. لەبەر ئەوەش گەلەکەمان رۆژى ٤ى نیسانى بۆ خۆى کردووەتە رۆژى ژیانەوە و وەک رۆژی سەرلەنوێ لە دایکبوونەوە پێشوازیى لێدەکات".

رێککەوتنى رووسیا، ئێران و تورکیا کاتییە

ئەنگین لەبارەى دانیشتنى لوتکەى رووسیا، ئێران و تورکیاوە وتى، ئەستەمە رێککەوتنێکى ستراتیژی و درێژخایەن لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا ئەنجام بدرێت و وتیشى "بە تایبەتى ئەوە بۆ ئێران زیاتر روونە. ئێران ئێستا لەسەر بنەماى دوژمنایەتیکردنى کورد پشتیوانى لە تورکیا دەکات، بەڵام تەنها ئەو پشتیوانى و هاوبەشیکردنە بەشى ئەوە ناکات کە لەم ناوچەیەدا ئەو دوو دەوڵەتە پێکەوە سیاسەتى هاوبەشی درێژخایەن بەڕێوە ببەن. تاوەکو دێت ناکۆکییەکان قوڵتر دەبنەوە. تایبەتمەندیى سیاسەتى هاوچەرخیش بۆ ڕێککەوتنێکى لەو شێوەیە لەبار و گونجاو نییە. رووسیا بە باشى لەو راستییە تێگەیشتووە. ئەو دوو لایەنەش (رووسیا و ئێران) دەیانەوێت تورکیا بۆ بەرژەوەندیى خۆیان بەکاربهێنن، بەڵام ئەوەش تاوەکو شوێنێک بڕ دەکات. ئەردۆغانیش دەیەوێت ئەو رێککەوتنە بۆ ناوخۆى تورکیا بەکاربهێنێت".

بۆ دژایەتیکردنى فاشیزم، یەکێتیى گەلی کورد و بندەستەکان پێویستە

 ئەنگین سەرنجى خستەسەر هیرشى فاشیانەى دەوڵەتى تورک لە دژى عەلەوییەکان، ڕێکخراو و ڕێکخستنە جۆراجۆروەکان لە تورکیا و لەو بارەیەوە وتى "رژێمى تورکیا رژێمێکى فاشیستە. هێرش دەکاتە سەر هەموو ڕێکخراو و رێکخستنەکانى کۆمەڵگە. بێهەڵوێستى بەرامبەر بە فاشیزم و فاشیەتە، دەبێتە هەڵەیەکى مێژوویى. سەیرکەن، هێرشیان کردە سەر عەفرین و هێرشیشیان کردە سەر بەڕێوەبەرایەتیى باشوور، کە گوایە باشترین دۆست و هاوپەیمانیان بوو. ئێستا بە ئاشکرا هێرش دەکەنە سەر عەلەوییەکان. تاوەکو لە دژى ئەو هێرشانە تێکۆشانێکى بەهێز نەخرێتەروو، ئەو دۆخەى ئێستا بەردەوام دەبێت. فاشیزم ئێستا کار بۆ خۆڵقاندنى یەکێتیى نێوان فاشییەکان و یەکگرتووکردنیان دەکات، بۆیە پێویستە لە دژى ئەو فاشیزمە یەکێتیى بندەستەکان، یەکێتیى گەلی کورد و یەکێتیى گەلان بەهێز بکرێت".

فەرمانى رێبەر ئاپۆ

ئەنگین لە درێژەى وتەکانیدا باسى ئەوەیکرد، داگیرکەران بڕیارى کوشتارکردن و کۆمەڵکوژکردنى کوردیان داوە و بۆ ئەوەش وتى "دەوڵەتى فاشیست و کوشتارکارى تورکیا پێشەنگایەتى و رابەرایەتیى ئەو کۆمەڵکوژی و پاکتاوکارییە دەکات. گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا، تێکۆشکانێکى بێسنوور ئەنجام دەدات، بەڵام پێویستە ئەو تێکۆشانە بەرفراوانتر بکرێت. پێویستیشە گەلی کورد بەرامبەر بە هەموو هەڕەشەکان خۆى بەپێى راستیى گەلێکى شەڕکەر ئامادە بکات. ئێمە لە بەرخۆدانى سەردەم لە عەفرین ئەوەمان بینى، کە دۆخەکە ئەو فەرمانەمان پێدەکات و ئەوەى لێمان دەوێت. لە هەمان کاتدا ئەوەش بۆ ئێمە فەرمانى رێبەر ئاپۆیە".

دەبێت باجەکەى بدەن

ئەنگین لەبارەى پلانى چەپەڵى دوژمن لەسەر عەفرین هۆشداریى دا و ئەوەى خستەڕوو "ئەوانەى بەشداربوون لە داگیرکردنى عەفریندا، پێویستە ئەوە بزانن کە دەبێت باجەکەى بە قورسی بدەن. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت و بەپێى ئەوەش بجوڵێتەوە. ئێمە ڕێگا نادەین لەسەر خوێنى گەل و شەهیدان کەس خۆى بژییەنێت. با باش ئەوە بزانرێت، کە بە دڵنیاییەوە بەرخۆدان گوڕتر دەکرێت و یەکەم مستەکۆڵەش بەر خائینەکان دەکەوێت".

ر.م