تورکیاى داگیرکەر کوشتنی جەمیلەشی کرد بە 'ڕووداوی بکەر نادیار'

تورکیای داگیرکەر دۆسیەی کوشتنی جەمیلە چاگرگاشی تەمەن ١٠ ساڵی خستە ناو ئەو دۆسیانەوە کە بە رووداوی 'بکەر نادیار' ناودەبرێن. دادگای تورکیا بڕیاری 'لێکۆڵینەوەی هەمیشەیی' لەسەر دۆسیەى کوشتنى جەمیلە دەرکرد.

هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کاتی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریدا لە ناوچەی جزیری شرنەخ جەمیلە چاگرگای تەمەن ١٠ ساڵانیان تیرۆر کرد. چەندین ڕۆژیش ڕێگەیان بە خانەوادەکەی نەدا کە تەرمەکەی بنێژن. بۆیە خانەوادەکەی تەرمی ڕۆڵەکەیان خستبوویە ناو ساردکەرەوەوە و چەندین ڕۆژ تەرمی کچەکەیان لە ئامێری ساردکەرەوەی ماڵەکەیاندا هەڵگرتبوو.

دادگای تورکیا، لە دۆسیەی جەمیلە دا گەیشتبوویە ئەو بڕوایەی کە تیرۆرکردنی ئەو کچە منداڵە 'کردارێکى نەبینراو بووە' و بڕیاریاندا کە بۆ هەمیشە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئەو کچە بکرێت. بەو شێوەیەش دۆسیەی تیرۆری جەمیلە دەشارنەوە.

دایکی جەمیلە کە ناوی ئامینە چاگرگایە، ناڕەزایەتی تووندی نیشاندا لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی دادگادا. دایکی جەمیلە جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو بڕیارەی دادگا دۆسیەی کچەکەی، کە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیاندا تیرۆر کراوە، دەخاتە ناو دۆسیە نادیارەکانەوە و وەک دۆسیەی ساڵانی نەوەد تەماشای دۆسیەی کچەکەی دەکرێت.

"هەر ڕۆژێک دێت کە دادپەروەریی بەدی بێت"

دایکە ئامینە چاگرگا وتیشی "سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی سێ ساڵ بەسەر ئەو تیرۆرەدا تێپەڕیوە، بەڵام ئاگری دڵی بەردەوامە و ناکوژێتەوە".

چاگرگا وتیشی "ساڵی سێیەمی تیرۆری کچەکەم کۆتایی هات و پێ دەنێینە ساڵی چوارەمیەوە. هەتا ئێستا یەک هەنگاوی ئیجابیانە لەبارەی دۆسیەی کچە کوژراوەکەمەوە نەنراوە. کوشتنی کچەکەمیان خستووەتە ناو دۆسیەی 'ڕووداوی نادیار'ەوە. ئێمە هەر دەمانزانی کە نابێت چاوەڕیی دادپەروەریی لە دەوڵەت بکەین. بەڵام ئێمە چی بکەین. دەسەڵاتمان نییە. ئەوەی ئێمە لە دەستمان دێت تەنها ئەوەیە کە بە هیوا بین. دەکرێت کە من بە تەمەنی خۆم نەیبینم، بەڵام دەبێت هەر ڕۆژێک بێت کە دادپەروریی هەبێت. دەنگی کچەکەم تا ئێستاش لە گوێمدا دەزرنگێتەوە و بە دەنگی ئەو لە خەو دادەچڵەکێم".

دایکە چاگرگا دەستنیشانیشی کرد، هەتا ئەو ساغ بێ، بەدوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کچەکەیدا دەچێت و وتیشی "ئەگەر ئێمە بشمرین، وەسیەتی ئێمە ئەوەیە بۆ نەوەکانمان، دراوسێ و خزمەکانمان ئەوەیە کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی کچەکەم پشتگوێ نەخەن. دەوڵەت باش دەزانێت کە کێ بکوژی کچەکەمە و ئێمەش ئەو ڕاستییە دەزانین. بەڵام ئەوەی کە دەبێت باش بزانرێت ئەوەیە کە دەوڵەت بەرپرسە لە دۆسیەی کوشتنی کچەکەم".

ر.م