سەربای کۆکلو پارێزەری رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان لە بارەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرنا و پەیوەندیار بە بارودۆخی بەندیخانەی ئیمراڵی قسەی کرد.
کۆکلو تیشکی خستە سەر سیستمی گۆشەگیری لە ئیمرالی کە ٢١ ساڵە بە سەر ئۆجالاندا چەسپێندراوە و وتی:"لە ماوەی ٢١ ساڵدا لە رووی ئایدۆلۆجی و سیاسی و فەلسەفیەوە فشار و هێرشی زۆر کرایە سەری. لە کەسایەتی بەرێز ئۆجالانیشدا لە دژی ئەوە فشار و هێرشانە، تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوە چوو."
'لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست هیچ زانیاریەک بڵاو نەکراوەتەوە'
کوکلو لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر مەترسیە جدیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان و وتی:"لەم بارودۆخەدا ئەو کەسانەی جەستەیان لاوازە مەترسیەکی زیاتر لەسەر ژیانیان هەیە. لە گرتووخانەکانیش زۆر هۆکار هەن کە ئەم مەترسیە زیاتر دەبێت. بۆیەش ژیانی زیندانیان لە مەترسیدایە.
بەڵام بە تایبەت لە بارەی بەندیخانەی ئیمرالی نە هیچ رێوشوێنێک و نە رێکارێکی وەکو گرتووخانەکانی دیکە نەگیراوەتە بەر. هەروەها هیچ زانیاریەکیش لەم بارەیەوە رانەگەیێندراوە. لەم رووەوە ئەوا ٢١ ساڵە لە ئیمرالی جیاکاری ئەنجام دەدرێت. رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ئیمرالی و دواتر رێگەپێدان بۆ سەردانی خانەوادەی ئۆجالان بۆ ئیمرالی، نمونەیەکی جیاوازمان بۆ ئاشکرا دەکات. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئاشکرا بوو کە بۆ ئەوەی بتوانرێت سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکریێت، دەبێت چالاکیەکانی وەکو مانگرتن لە خواردن یان هەر هۆکارێکی دیکە لە ئارادا هەبێت.
لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم بارودۆخە نەک تەنها بۆ خودی بەڕێز ئۆجالان مەترسیدارە، بەڵکو لە کەسایەتی ئەودا کە رێبەری گەلی کوردە، مەترسی لەسەر گشت گەلی کورد هەیە. لە راستیدا هەر رووداوێک لە ئیمرالی روو بدات، لە هەمان کاتدا لە دژی هەموو گەلی کوردە. هیچ یەکێک لەو رووداوانەی لە ئیمرالی روودەدەن، بە بێ مەبەست نیە. لە ئێستادا لە دوورگەی ئیمرالی گۆشەگیریەکی دژی یاسا و ئەخلاق بىڕێوە دەبرێت. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا پێویستە بەڕێز ئۆجالان بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ جەماوەر و رای گشتی قسە بکات."
'سەردانی بەرپرسانمان کرد'
پارێزەر کوکلو راشیگەیاند، بۆ ئەوەی هەموو گومانەکان بڕەوێنەوە، دەبێت پەیوەندی لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان ئەنجام بدرێت و وتی:" لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامین لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکان. دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا بڵاو بووەوە، ئێمە وەکو پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان سەردانی داواکاری گشتی بورسا و دادگای سزا قورسەکانی بورسا و وەزارەتی دادمان کرد.
بە گشتی داواکاریەکانمان ئەمانەن، پشکنینی ورد بۆ تەندروستی بریگرتەکانمان ئەنجام بدرێت، ئامێری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانە هەبێت، پشکنیان بە رێکوپێکی ئەنجام بدرێت، ئەنجامی پشکنینی تەندروستی بریگرتەکانمان رادەستی پارێزەران بکرێت، بریگرتەکانمان بە ئاسانی دەستیان بە مادەی پاککەرەوە و دەستکێش و دەمامک و پێداویستیەکانی دیکەی پاککەرەوە بگات، هەتا ئەگەر پێویست بکات خەرجیەکەی لە لایەن ئێمەوە دابین بکرێت، ئەو ژوورانەی تێیدا دەمێننەوە بەرفراون و گەورە بکرێن و بتوانن بە بەردەوامی هاتوچۆی دەرەوە بکەن، هەموو کارمەند و چاودێرانی بەندیخانەکە بە بەردەوامی پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت و هەر رێوشوێک دەگیرێتە بەر پێمان رابگەیێنرێت، هەروەها مافی بەکارهێنانی تەلەفۆن کە لە هەموو بەندیخانەکاندا بەکار دەهێنرێت، بە هەمان شێوە ئەم مافەی زیندانیان لە ئیمرالیش بەکار بهێنرێت."
'تا ئێستا هیچ زانیاریەک رانەگەیێندراوە'
پارێزەر کۆکلو لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، تا ئێستا لە بارەی گرتنەبەری رێوشوێنی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەی ئیمرالی هیچ زانیاریەک رانەگەیێندراوە و وتی:"سەرەڕای ئەم داوایەمان بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئیمرالی، بەڵام دادگای سزا قورسەکان ئەمەی رەد کردووەتەوە، ئەرکی دادوەری سزا قورسەکان ئەوەیە کە تەندروستی جەستەیی و رۆحی بریگرتەکانمان بپارێزێت و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات."
ز.ش