هاووڵاتییانى ئەو سنوورە بە ئاژانسی ھەواڵی فورات (ANF)یان راگەیاند: "سوپای توركیا لە چیادێل بە ئێمەی گوندنشینانی ٦ گوندی سنووری برادۆست راگەیاندووە، کە نابێت شەوانە لە ناو گوندەکانى خۆماندا ھاتووچۆ بكەین".
ئەو قەدەغەکاری و زوڵم و ستەمەی سوپاى تورکی داگیرکەر بەسەر گوندەكانی خەلیفان، لێلكان، گورەشا، ناومێرگان، برەسەنان و بوزێنە دا سەپێنراوە.
سوپای توركی داگیرکەر بە هاووڵاتییانى ئەو گوندانەى راگەیاندوە، نابێت لە دوای كاتژمێر ١٠ شەوەوە لە ناو گوندەكانی خۆیاندا ھاتووچۆ بكەن. نابێت بەھیچ شێوەیەك ئۆتۆمبێل لە ناو گوندەکانی خۆیاندا بەكاربھێنن، تەنها کاتێک دەتوانن ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن، کە كارێكی زۆر گرینگ روویدابێت، یان كەسێك نەخۆش بێت و حالەتی فریاكەوتنی هەبێت.
هاووڵاتییانى ئەو گوندانە رایگەیاند، ھەموو ڕۆژێك ئەو ھێزە داگیركەرە بڕیار لە دژی ئێمە دەردەكات و ژیانمانی کردووەتە دۆزەخ و دەیەوێت ژیانی گوندنشینان لەناو دەبات و زوڵم و زۆرداری بەسەرماندا بسەپێنێت.
بەپێى زانیارییەکان، لە ھەر گوندێكدا ئەو بڕیارەی سوپای توركی داگیرکەر جێبەجێ نەكرێت هاووڵاتییانى ئەو گوندە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەکرێتەوە و بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
سوپاى تورکی داگیرکەر پێشتریش کردنەوەى ئاگری نەورۆزی لە هاووڵاتییانى ئەو ٦ گوندە قەدەغەکردبوو!.
سوپاى تورکی داگیرکەر، کە لە ساڵی رابردووە ئەو ناوچانەى داگیرکردووە تاوەکو ئێستا چەندینجار سنووری ئەو گوندانە و ناو گوندەکانى بۆردومانکردووە و زیانێکى زۆری بە هاووڵاتییانى ئەو گوندانە گەیاندووە.
*****
****
*****
*****
****
ر.م