پێشەنگ و سەرۆکی شۆڕشی ساڵی ١٩٢٥ شێخ سەعید لە ساڵی ١٨٦٥ لە ناوچەی پالووی شاری خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. شێخ سەعید لە ناوچەی خنسی ئەرزەڕۆم پەروەردەی ئایینی تەواو کردووە.
عەبدوڵلا ئۆجالان ڕیبەری گەلی کورد لەبارەی شێخ سەعیدەوە دەڵێت، "یەکێک لە پێشەنگە کاریگەرەکانی تەریقەتی نەقشبەندییە. لە هەمانکاتدا کاریگەریی شێخ سەعید لەسەر بازرگانی مەڕوماڵات لە چەبەخچوورەوە تا حەلەب هەبووە و خاوەن کارەکتەرێکی گرنگ بووە."
ئامادەکاریی شۆڕش
ئامادەکاریی ڕاپەرین بە پێشەنگایەتیی شێخ سەعید کە لە مێژووی کوردستاندا خاوەن رۆڵێکی پیرۆز و گرنگە لە ساڵی ١٩٢٠ دەستپێکرا. کەسایەتییە دیارەکانی کورد لە ساڵی ١٩٢٣ لەناو رێکخستنێک بە ناوی کۆمەڵەی کوردستان 'کۆمیتەی ئازادی کوردستان' کۆبوونەوە. سەرۆکی کۆمەڵەکە خالید بەگی جبرانی بوو. جبرانی لە قۆتابخانەی هۆزەکاندا خوێندنی تەواو کردبوو و یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی سوارەکانی حەمیدیە بوو. خالید بەگی جبرانی لەو ماوەیەدا پەیوەندیی بە سەرۆک هۆزە کوردەکانەوە کردبوو و کۆمیتەی کوردستانی لەناو سوپادا رێکخست و ژمارەیەک فەرماندەی کوردی ناو سوپای ڕازی کرد کە کاری لەگەڵ بکەن. کۆمەڵەی ئازادی بۆ ئەوەی کەسایەتی، ئاغا و شێخە ولاتپارێزەکان لەدەوری یەکتری کۆبکاتەوە کاری دەکرد. یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەکە یوسف زیا بەگە کە لە هەرێمەکە ڕێزێکی زۆری هەبووە و لە ساڵی ١٩٢٣ دا سەردانی شێخ سەعید دەکات. شێخ سەعید کە ئەو کاتە لە خنسێ بووە، پشتگیری خۆی بۆ بزوتنەوەی کورد و ڕاپەڕین دەردەبڕێت.
کار و خەباتی کۆمەڵەی ئازادی
کار و خەباتی کۆمەڵەی ئازادی فراوان دەبێت و سەرنجی دەسەڵاتدارە تورکەکان ڕادەکێشێت. بە فەرمانی مستەفا کەمال لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٤ یوسف زیا و لە کانونی دووەمی هەمان ساڵ خالید بەگی جبرانی دەستگیر دەکرێن و لە زیندانی بەدلیس بەند دەکرێن. دوای ئەوە حاجی موسا بەگ یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی ئازادیش دەستگیر دەکرێت و دەوڵەت بەدوای ئەندامانی تری کۆمەڵەکەدا دەگەڕێت. کاتێک سەرکردە کوردەکان دەستگیردەکرێن، بزوتنەوەکە بێ سەرۆک دەمێنێتەوە. لەسەر ڕاسپاردەی خالید بەگی جبرانی، شێخ سەعید وەک سەرۆکی کۆمەڵەی ئازادی هەڵدەبژێردرێت. لەگەڵ سەرۆکایەتیی شێخ سەعید بزوتنەوەکە بڕیاری ڕاپەرینی سەرتاسەری و ئازادکردنی زیندانیان دەدات. بەر لەوەی خالید بەگ دەستگیر بکرێت، عەلی ڕەزای کوڕێ شێخ سەعید بۆ ڕێکخستنی ڕاپەڕین سەردانی حەلەبی کردبوو. لە حەلەب کۆنگرەیەکی سازکردبوو و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی کورد لە تورکیا، سوریا و عێراق بەشدارییان تێدا کردبوو. لە کۆنگرەکەدا دۆخی باکووری کوردستان بە گشتی گفتوگۆی لەسەرکرابوو. لە کۆنگرەکەدا ٢١ی ئازار ڕۆژی نەورۆز وەک ڕۆژی دەستپێکردنی ڕاپەرینەکە دیاریکرابوو.
پەیوەندییان بە عەلەویەکانەوە
شێخ سەعید هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی ڕاپەرینەکە خستەگەڕ. لەگەڵ کوردە عەلەوییەکانی دەرسیمیش پەیوەندیی دروستکرد. لە چاوپێکەوتنەکاندا لەگەڵ رەوشەنبیرە عەلەویەکاندا کەسایەتیی وەک عەلی شێر و دکتور نوری دەرسیمیش بەشدارییان کردبوو. ناکۆکیی مەزهەبی و خراپەکارییەکانی کوردانی سونی لە کاتی سوارەکانی حەمیدیەدا کاریگەریی خرابی لەسەر چاوپیکەوتنەکان دروست کردبوو. کوردانی دەرسیم پشتگیریی زۆریان بۆ شۆڕش دەرنەبڕی، بەڵام بەڵێنی ئەوەیان دابوو ڕێگە لە شۆڕش نەگرن.
ڕاپەڕین لە هەموو شارەکانی کوردستان بڵاوبووەوە
ئامادەکاری ڕاپەرینێکی فراوان لە ناو ناوچە و شارە کوردییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبوون. شێخ سەعید بەردەوامیی بە سەردان و چاوپێکەوتنەکانی دەدا. لە هەموو گوند و شارەکان بە خۆشحاڵی و بەڕێزەوە پێشوازییان لێدەکرد. بە سەدان شەڕڤانی کورد بەشدارییان لە هیزەکەیدا کرد. شێخ سەعید لە ٥ی شوباتی ١٩٢٥ لەگەڵ کۆمەڵێک سەرۆک هۆز و بەسەدان سەربازەوە دەچێتە گوندی پیرانی سەر بە ناوچەی ئەرخەنی ئامەد. لەوێ لە ماڵی شێخ عەبدولڕەحیمی برای دەبێتە میوان.
سیخۆڕی
دەوڵەتی تورک لە سەرەتای ئامادەکارییەکانی ڕاپەرینەکە تا کۆتایی لە ڕێگەی سیخوڕێکەوە بە ناوی قاسمی جبرانی زانیاریی بەدەست دەهێنا. قاسم یەکێک لە فەرماندەکانی سوارەکانی حەمیدیە بوو و ئاوەڵزاوای شێخ سەعید بوو. هێشتا ئامادەکاریی شۆڕش تەواو نەببوو، هێزەکانی دەوڵەتی تورک دەستوەردانیان کرد. بۆیە ژمارەیەک سەربازی تورک هەمان شەو چوونە ماڵی برای شێخ سەعید. فەرماندەی سەربازەکان داوای ڕادەستکردنی ١٠ کەسی خەڵکی گوندەکەی کرد، بەڵام شێخ سەعید داواکاریی سەربازەکانی ڕەتکردەوە. لەبەرئەوەش لەنێوان هەردوولادا شەڕ دروستبوو. سەربازێک کوژرا و ئەوانەی تریش بەدیل گیران. ئەو ڕووداوە کە ١٩٢٥ ڕوویدا، گورزێکی خراپی لە پلانی ڕاپەرینەکەدا.
ئۆجالان: ڕاپەڕینەکە تێکدرا
عەبدوڵلا ئۆجلان رێبەری گەلی کورد لەبارەی ڕووداوەکە دەڵێت، "نەتەوەپارێزی تورکی سپی لە ژێر باڵی ڕژێمی دیکتاتۆریی وشکدا، بەردەوامیدانە بە هەردوو نەتەوەپارێزییەکە. لێرە، لە کاتی شەڕی رزگاریی نەتەوەیدا چەپ، ئیسلامی و کوردەکان لە کلتور و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا یەکیان گرت، بەڵام بە پیلانگێڕی لەناوبران. پیلانگێڕیی ناوخۆیی بە شێوەیەکی سەخت و بێڕەحمانە بەڕێوەبراوە. وەک ئامانج کورد بەئامنجگیراون. ڕاپەرینەکە تێکدراوە (گروپێکی بچووکی جەندرمە دەنێرنە سەر شێخ سەعید لە پیران و لە شەڕدا دوو سەرباز دەکوژرێن و ئەو ڕووداوە بە تەواوی هەوڵێکی تێکدەرانەیە) و لە ئەنجامدا بە ڕێبازێک کە بە قڕکردنی کورد بگەن، کورد لە سیستمەکەدا پاکتاوکران و لە چوارچێوەی 'یاسای نیین'دا حسابیان بۆ نەکراوە."
شارە کوردییەکان کەوتنە دەستی راپەڕیوان
کاتێک تاهیر باری شێخ سەعید ئەو رووداوە لە گوندی سەردی دەبیستێت دەچێتە سەر پۆستەخانی لیجە و دەستی بەسەر کەلوپەلەکاندا دەگرێت و لەوێ ٢٠٠ سەربازی کورد دەچنە لای شێخ سەعید. ئەو رووداوانە دەبنە هۆی راپەڕینێکى ناوەخت و نوێ لە دژی داگیرکەریی تورک. کوردە راپەڕیوەکان لە ماوەى چەند رۆژدا دەچنە ناوچەى دارا هێنێ، راپەڕینەکە لە ماوەیەکى کورتدا بە ناوچەیەکى فراواندا بڵاودەبێتەوە. ١٤ شار و ناوچەی کوردستان دەکەونە دەست راپەڕیوان. شێخ سەعید لە ٢٨ی شوباتدا بارەگای سەربازیی گواستەوە بۆ پالۆ. لەو کاتەدا شێخ سەعید ٢٠ هەزار سەربازی ئامادەى هەبوو. بارودۆخی شەڕ لەو بارەگاییەوە چاودێری دەکرا. پێشڕەوی و سەرکەوتنی سەربازانی کورد بەشێوەیەکى سروشتی لە گەشەدا بوو. جەماوەری گەلیش بە هیوای رزگاربوون لە داگیرکەرانى تورک بە هەموو توانای خۆیانەوە بەشداریی راپەڕینەکەیان دەکرد. هەر شوێنێک رزگار دەکرا، دەستە بە دەستە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری ناو ریزی هێزەکانى شێخ سەعید دەبوون.
درێژەى هەیە