عه‌بادی بۆ تورکیا: هیچ وڵاتێك له‌ كاریگه‌رییه‌كانی پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق ده‌ربازی نابێت

‌حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەلێت ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورک پێشەڵکردنی سەروەری عێراقە و لەم بارەیەوە هۆشداریدا بە دەوڵەتی تورک.

دوێنێ چوارشەممە ئیئتلافی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی توركیای بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان كرد و ئیتئلافه‌كه‌ هێرشه‌كه‌ی تورکیای به‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی عیراق له‌قه‌ڵه‌مداوه.‌

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئیئتلافی نه‌سر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "پێشێلكردنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی تورکیا بۆ سەر سه‌روه‌ریی عیراق ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌ك ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی وڵاتانی دراوسێ."

ئیئتلافی ناوبراو داواشی له‌ حكومه‌تی عیراق كردوه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری و كه‌رامه‌تی عیراق به‌كاربهێنێت.

ئیئتلافی نه‌سر جه‌ختیشی كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ پێشێلكارییانه‌ گرژی و ناسه‌قامگیری له‌ناوچه‌كه‌دا زیاد ده‌كات و ده‌ڵێت: "هیچ وڵاتێك له‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ئه‌م پێشیِلكارییانه‌ ده‌ربازی نابێت و ئه‌و ره‌فتارانه‌ كار له‌ ئاسایش و سه‌روه‌ریی خۆشیانده‌كات."

ز.ش