هاوکاری تەنها بۆ لایەنگرانی ئاکەپەیە!

هاوکاریەکان کە لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکاندا لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەکرێتەوە، بە تەنها بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێت کە ئەندامی رێکخستنەکانی شار و ناوچەکانی ئاکەپەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک ڕایگەیاندبوو، هاوکاری مادی بەسەر نزیکەی ٢ ملیۆن کەس دابەشدەکرێت، بەڵام لە شاری وان بە هەزاران خانەوادەی هەژار و کەمدەرامەت هەن کە هیچ هاوکاریەکیان وەرنەگرتووە.

دوای ئەوەی ئەردۆغان وتی، 'خێزانە کەمدەرامەت و هەژارەکان دەتوانن سەردانی پارێزگا و قایمقامیەتەکان بکەن و هاوکاری وەربگرن'، بە هەزاران کەس سەردانی ئەو ناوەندانەیان کرد، بەڵام هیچ هاوکاریەکیان وەرنەگرت. ئەو کەسانەی سەردانی پارێزگا و قایمقامیەتەکانیان کرد، لە لایەن پاسەوانەکان دوورخرانەوە و زۆربەی هاوکاریەکانیش پێشکەش بەو کەسانە کرا کە ئەندامی ڕێکخستنەکانی ئاکەپەن.

کەسێک کە لەناو ٨ سەرخێران بە تەنها کاری دەکرد و لە ئێستادا بێکارماوە ڕایگەیاند، ئێمە لە دۆخێکی خرابداین. بۆ سوودوەرگرتن لە هاوکاریەکە سەردانی قایمقامیەتم کرد بەڵام پێیان وتم، "ئێمە پەیوەندیمان بەو شتەوە نییە" و منیان گەڕاندەوە. هاوکاری کەسانی کەمدەرامەت و هەژار ناکەن. ئەو کەسانەی کە لەناو ئاکەپەدان و ناویان نووسراوە، ئەوانە سوودمەند دەبن. هاوکاریەکە بەسەر خزم و ئەندامانی بەڕێوەبەرانی ئاکەپە لە ناوچە و شارەکان دابەشدەکرێت."

ف.ق