هونەرمەندانی باشوری کوردستان داوای هێورکردنەوەی دۆخی زینی وەرتێ دەکەن

هونەرمەندانی باشوری کوردستان لە ژێر ناوی"لە شەڕی ناوخۆدا کەس براوە نییە"، کەمپەینێکیان ڕاگەیاند و داوایانکرد، کە کۆتایی بە ناکۆکییەکانی زینی وەرتێ بهێنرێت، دەڵێن، پێویستە لایەنەکان نەبنە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی پیلانی داگیرکەران.

 

بە پێی هەواڵێکی رۆژ نیۆز، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندان لە گەلەری ئورفا لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، بە نوێنەرایەتی هونەرمەندانی باشوری کوردستان ناڕەزاییەتییان لە دژی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دەربڕی و داوای پێکەوەبوون و ڕێگرتن لە شەڕی ناوخۆیان کرد.

ئەم کەمپەینە لەلایەن ١٢٥ هونەرمەندی باشوری کوردستانەوە پێکهێندراوە، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا هەر یەک لە بابەکر دڕەیی بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی هونەر و ڕۆشنبیری سلێمانی و بەشێک لە هونەرمەندانی شانۆکار و موزیکژەن و گۆرانیبێژ داواکاریی کەمپەینەکەیان خستەڕوو.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا شوان قەرەداغی، هونەرمەند بەیاننامەی هونەرمەندانی خوێندەوە، کە تێیدا هاتووە: وەک دەزانین گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان لایەنەکان ماوەیەکە پەرەسەندووە و تا دێت زیاتر دەبێت، ئێمە دەزانین کە ئەگەر بەرژەوەندی حزبایەتی ڕۆڵی هەبێت ئەوا مسۆگر دەستێوەردانی داگیرکەرانی تێدایە، دڵنیاین لە پشت ئەم دۆخە ئاڵۆزە پیلانگێڕیی ترسناکی داگیرکەران دروست دەبێت و نەخشەکەش بریتیە لە سیاسەتی شەڕی ناوخۆیی.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: دوژمنانی داگیرکەری کوردستان، لە سەرووی هەموویانەوە ڕژێمی تورکیا و ئێران، ئامانجیان سەرلەنوێ ئەنفال کردن و لە ناوبردنی کورد و کلتور و هونەرەکەیەتی، ئەگەر دەستبەجێ ڕێگری لەم کۆمەڵکوژییە نەکرێت ئەوا گەلی کورد لە بەدەم قڕکردن و کۆمەڵکوژیی مەزندا دەبێت.

لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوەکەدا داوای یەکبوون لە لایەنەکان کرابوو، هاتبوو: ئێمە وەک هونەرمەندان هۆشداریی دەدەینە لایەنەکانی کوردستان کە پێویستە خۆ بەدوور بگرن لە ئاڵۆزکردنی ناوچەکە و دۆخە، با نەبینە ئامرازی جێبەجێکردنی پیلانی داگیرکەران، تاکە ڕێگای بەهێزبوونیش یەکگرتنی نەتەوەیی و لایەنە سیاسیەکانە، بەرژەوندی گەلان لە بەرچاو بگرن و ڕێز لە خوێنی شەهیدان بگرن و بە لۆژیک و عەقڵ بڕیار بدەن.

ز.ش