گەریلاکانى هەپەگە: دوژمن ناتوانێت بە پێى پەتیش رابکات

گەریلاکانى هەپەگە رایانگەیاند، چوونەتە قۆناغی هێرشبردنەوە و سوپاى تورکیایان لە داگیرکەری و لەشکرکێشییەکەى پەشیمان کردووەتەوە. راشیانگەیاند "تەکنەلۆژیا چەند پێش بکەوێت، گەریلاش بەو رادەیە تاکتیکى خۆى پێشدەخات".

گەریلاکانى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) رایانگەیاند، دەوڵەتى تورکیا دەیەوێت باشووری کوردستان داگیربکات و چاوەڕێ دەکەن گەلی باشووری کوردستان هەڵوێستێکى هاوشێوەى ساڵی ٢٠٠٧ لە دژى داگیرکەریى تورکیا بخاتەڕوو. گەریلاکانى هەپەگە راشیانگەیاند "بە بەرخۆدانى گەل و گەریلا بەسەر داگیرکەرانى ئەم خاکەدا سەردەکەون".

گەریلاکانى هەپەگە لەسەر شەڕ لە باشووری کوردستان بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوان.

ئێمە لە بەرخۆدانەوە پەڕیوینەتەوە بۆ هێرشبردن

خەرزان بەدلیس گەریلاى هەپەگە رایگەیاند، هەم لە باکوور و هەم لە باشووری کوردستان شەڕێکى قورس لە ئارادایە. لە چەندین ناوچەدا هێرشێکى قورسی فاشیزمى تورک لە دژى گەریلا هەیە. لە لێلیکان و برادۆست گوشار لە گەل دەکەن و هەوڵ دەدەن گەل لەو ناوچانە رابگوێزن.

خەرزان بەدلیس راشیگەیاند، ئێمەش ئاگاداری مێژووى بەرخۆدانین، کاتێک هەوڵیاندا بچنە زاپ، نەک نەیانتوانى بچنە زاپ، بەڵکو بە خێرایى رایانکرد. بەڵام ئەمجارە ناتوانن بە پێى پەتیش رابکەن. ئەوە ماوەى چەند مانگێکە ناتوانن لە لێلیکان خۆیان سەقامگیر بکەن. هەموو رۆژێک کۆپتەرى سکۆرسکی هەڵدەست و دەستدەکات بە گواستنەوەى تەرمەکانیان. ناچارن هەموو رۆژێک هێزەکانیان نوێ بکەنەوە و بیانگۆڕن.

ئەو گەریلایەى هەپەگە ئەوەشى وت، سەربازانى تورک ئەوەندە دەترسن کە ناوێرن فیشەکێکیش بتەقێنن. ئێمە لە چالاکییەکانیدا ئەوەمان بینی. رادەکەن و هەموو شتێک بەجێدەهێڵن. بەرخۆدانى گەریلا رۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت. ئێمە ئیتر دەمانەوێت لە قۆناغى بەرخۆدانەوە بپەڕێینەوە بۆ قۆناغی هێرشکردن و دوژمن لەناو ببەین. دوژمن لە ئێستادا چەند هێرش دەکات با بیکات، بەڵام ناتوانێت هیچ بکات. بێگومان شەڕەکەى ئێمە سەردەکەوێت. پلانەکانیان تێکدەکەشێنین و بەسەر خۆیاندا دەیشکێنینەوە.

لە هاتنى خۆیان پەشیمان بوونەتەوە

زاگرۆس ئاراز گەریلایەکى ترى هەپەگە رایگەیاند، دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر هەوڵ دەدات لە باشووری کوردستان بە هاوکاریى چەند دەوڵەتێک ئۆپراسیۆن ئەنجام بدات. ئەو ئۆپراسیۆنەش ئۆپراسیۆنى داگیرکردنى باشووری کوردستانە. گەریلا شەڕێکى گەورە ئەنجام دەدات. دەوڵەتى تورک لە بەرامبەر بەرخۆدانى گەریلادا تێکچووە. لەو شوێنانەى کە خۆیان تیادا جێگیرکردووە، هەموو ٢ رۆژ جارێک چالاکیی گەریلا لە دژیان ئەنجام دەدرێت. تەنانەت فریا ناکەون تەرمەکانیان کۆبکەنەوە و بیانگوێزنەوە. تاکیتکەکانى گەریلا هەموو تەکنۆلۆژیاى دوژمنى بێکاریگەر و سڕ کردووە. دەوڵەتى تورک دەیەوێت لەو شوێنانەدا بکشێتەوە، بەڵام گەریلا رێگاى پێنادات. ئێمە ئەوان لە هاتنەکەیان پەشیمان دەکەینەوە.

زاگرۆس ئاراز راشیگەیاند، من خۆم خەڵکى باشووری کوردستانم، گەلی بامەڕنی و ئامێدی هەر چۆن ساڵی ٢٠٠٧ خۆیان کردە قەڵغانی زیندوو و پێشیان لە ئۆپراسیۆنى سوپاى تورکیا گرت، ئێستاش دەتوانن بە هەمان شێوە بکەونە جوڵە. بەرخۆدانى گەل و گەریلا داگیرکەرانى سەر ئەم خاکە تێکدەشکێنێت و گەل و گەریلا سەردەکەون.

ئەم شەڕە شەڕی کەرامەت و شەرەفە

ئازاد گارزان گەریلایەکى ترى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) رایگەیاند، ساڵی ٢٠١٨ بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو. شەڕی ئێمە لە دژى داگیرکەریى تورک گەیشتە ئاستێکى گەورە. دەوڵەتى تورک ئەوەى بۆ خۆی وەک شەڕی مان و نەمان پێناسە دەکرد.

ئازاد گارزان وتیشی، دەوڵەتى تورک ناتوانێت لە بەرامبەر بەرخۆدانى گەریلادا خۆى رابگرێت. ناتوانێت لە بەرامبەر بەرخۆدانى گەریلادا شەڕ بکات، چونکە شەڕی زەمینیى پێناکرێت و تەنها لە ئاسمانەوە هێرش دەکات. تەکنەلۆژیا چەند پێشبکەوێت، گەریلاش بەو ئەندازەیە تاکتیکى خۆى پێشدەخات.

ئەوەشى وت، گەریلا بۆ تۆڵەکردنەوەى شەهیدان هێرشى زۆر گەورە ئەنجام دەدات. ئێمە بەسەر دوژمندا سەردەکەوین. داواش لە هەموو گەنجانى کوردستان دەکەم، کە بێنە ناو ریزەکانى گەریلا، چونکە ئەم شەڕە شەڕی کەرامەت و شەرەفە.

ر.م