بافڵ تاڵەبانی: سەردەمی سەپاندنی ئیرادە کۆتایی هات
سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتایی هات و قۆناغێکی نوێ لە پڕۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەست پێ دەکات".
سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتایی هات و قۆناغێکی نوێ لە پڕۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەست پێ دەکات".
پاش ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی دەنگدانی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بافڵ تاڵەبانی سوپاسی جەماوەر دەکات و دەڵێت خۆمان بە قەرزارتان دەزانین، دەڵێت: "دڵنیاشتان دەکەین هەنگاوەکانمان بەرەو راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی چالاکتر دەکەین".
بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات لەم هەڵبژاردنە نزیکەی ٢٠٠ هەزار دەنگ زیادیان کردووە، دەڵێت: "شانازی دەکەین لە سەرەتاوە بەشێکی گرنگی ئەو هەوڵانە بووین بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانێکی بێگەرد و دوور لە دەستتێوەردان، بەپێچەوانەی ئەو هەوڵە شکستخواردووانەوە کە ئامانجەکەی بۆ دواخستن و پەکخستنی پرۆسەکە بوو".
لە درێژەدا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات و قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەستپێدەکات، دواجار ویستی نوێبوونەوە و دادپەروەری سەرکەوت و ئەرکە گرنگەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات کە ئەویش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، زامنکردنی مووچە و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە".