بۆچوونی پارتی مرۆڤ و ئازادی بۆ پێوەری یەکێتیی نەتەوەیی...

ئەحمەد کایا جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی مرۆڤ و ئازادی لەسەر بنەمای تیۆریی هاوپەیمانیی نەتەوەیی رایگەیاند، "هاوپەیمانی و یەکێتیی نەتەوەیی دەبێت وەک پاستەى بازرگانی سەیر نەکرێت".

کاتێک کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد شیکاریی بۆ بکرێت، ئەوە دەبینرێت، بەبێ یەکێتیی نەتەوەیی نابێت. بە تایبەتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە هەر چوارلای کوردستانەوە هۆشمەندی و پێویستیی یەکێتیی نەتەوەیمان بە شێوەیەکی روون بۆ دەخاتە بەرچاو. لەم ساڵانەى دوایدا لە باکووری کوردستان بۆ یەکێتی هەنگاوی گرنگ نراون. فراکسیۆنە سیاسییەکان لە باکوور و لە دەوری ئامانجە دیاریکراوەکان کۆبوونەوە. لە کۆتایدا لەسەر هاوپەیمانی ستراتیژی بڕیاریان دا.

یەکێک لەو هێزانە، کە لەو بڕیارەدا بەشدارە، پارتی مرۆڤ و ئازادییە. ئەحمەد کایا جێگری سەرۆکی پارتی مرۆڤ وئازادی لەسەر بنەمای تیۆریی یەکێتیی نەتەوەیی کوردان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

کایا رایگەیاند، یەکێتیی نەتەوەیی کورد بۆ کورد پێویستییەکی گرنگترە لە ژیان و راشیگەیاند، کورد ناچارن پێکەوە بڕیار بدەن و بە هاوکاری یەکتر ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکەن. ئەوەشی راگەیاند، لەم سەردەمەدا هەم بۆ پێویستیی ناوخۆیی و هەم لە دژی هێرشەکان لە دەرەوە دەبێت بە لۆژیکی هەمیشەیی یەکێتی بئافرێنرێت.

پێکهاتەکان دەبێت بە یەکتر پشتبەستبوو بن

کایا رایگەیاند، دەبێت بناغەى سیاسیی کوردان پشتبەستوو بن بە یەکتر و متمانە بە یەکتر بکەن و وتی، "لە بنەڕەتدا موحافیزکارانی کورد لەوە نیگەرانن، لە ناو چەپەکاندا کە زۆرینەن، وەک پێویست ناتوانن نوێنەرایەتی بکرێن. یانی ئەگەر قسەکە لە جێدا بێت، لەوە نیگەرانن کە لە ناو ئەواندا ناسنامەکەیان بتوێتەوە و ناچار ببن بە بەردەوامی باج بدەن و سازش بکەن و نەتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن، چونکە لە رژێمی کۆماریشدا هەمان کێشە روویدا. کاتێک شۆڕشی کەمالیست روویدا، گوشار لە پێکهاتە ئایینییەکانی کورد و تورک کرا و نوێنەرایەتیکردنی مافەکانیان پەسەند نەکرا. لە دۆخی ئێستاشدا کوردە موحافیزکارەکان هەمان نیگەرانییان هەیە، کە لە بەڕێوەبردنی یەکێتیی نەتەوەییدا بکەونەوە هەمان دۆخ. ترس و نیگەرانیی خۆیان بۆ خۆیان هەڵدەگرن و بۆ مرۆڤەکانی دەورووبەری خۆیشیانی باس ناکەن، چونکە دیالۆگ لە بەرزترین ئاستدا پچڕاوە. هەموو کەسەکانی وەک ئێمە، کە لە گەڕەکە جیاجیاکانەوە هاتوون، دەبێت ئەو ئازایەتییە بە هەموو کەس بدات، دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و میکانیزمێک کە نوێنەرایەتیی هەموان بکات دروست بکرێت".  

یەکێتیی نەتەوەیی بابەتی بازرگانی نییە

کایا ئاماژەی بەوەکرد، تایبەتمەندی لە نەتەوەی تەکپەرەست (یەک ئاڵا، یەک ئایین، یەک زمان، یەک نەتەوە)دا نییە و وتی، "هیچ نەتەوەیەک بە تەنها یەک ئایینی نییە. تەنها یەک ئایدۆلۆژیای نییە، بەڵکو ژمارەیەک ئایین و ئایدۆلۆژیای جیاجیا و فرەرەنگیان تیادایە. بۆیە ئەو رێکخستنانەى، کە یەکێتیی نەتەوەی بەدیدەهێنن، دەبێت بەو راستگۆییەوە لە یەکتر نزیک ببنەوە. پێش هەموو شتێک  دەبێت لە پەیوەندییەکاندا زمانمان بونیاتنەر بێت. دەبێت ئێمە کەموکوڕی و هەڵەکانی خۆمان بزانین و بە زمانێکی ساف و دروست باسی بکەین و ئازایانە بتوانین رەخنە لە یەکتر بگرین. کاتێک ئێمە باسی کەموکوڕییەکانی خۆمان کرد ئەوا دەبێت باس لە نیازی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییانەش بکەین. ئەگەر زمان و رێبازمان بونیاتنەر بێت ئەو کاتە نیازی نێوان رێکخستنەکانیش دەبێتە هۆی لێپرسینەوە. هەروەها، یەکێتی و هاوپەیمانیی نەتەوەیی دەبێت وەک بابەتێکی بازرگانی سەیر نەکرێت. لە شوێنێکدا مرۆڤەکان دوای پارە بکەون و بیانەوێت بە پاستاوە بازرگانی بکەن، ئەوا دەبێت ئامانجەکەیان ئەوە بێت کە پاستاکەیان گەورە بکەن".

کایا ئەوەشی وت، "دوا پێوەر ئەوەیە، کە هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی بە تەنها خۆی ماتەوزە و توانایی ئەوەى تیادا نییە، کە نوێنەرایەتیی هەموو نەتەوە بکات. بێگومان ئەوەش بە گوشار و زۆرداری بەدی نایەت. ئەوەش بەو مانایە نییە، کە هەموو رەنگەکانی کۆمەڵگە نیشاندراون... بەڵام دەبێت هەر یەک لە ئێمە دەستبەرداری هەبوونی یەکتر نەبین. دەبێت ئەوە بزانرێت ئەگەر یەکێک نەبێت ئەوا بەشەکانی تر کەمیی تێدەکەوێت. دەبێت ئێمە پشتیوانی لە لایەنێک بکەین، کە لاواز کراوە. ئەگەر ئێمە سەرنجمان بخەینە سەر ئەو سێ بابەتە، ئەو کاتە هاوپەیمانیی ئێمە هەمیشەى دەبێت".

ژ.ت