قەسەدە: داگیرکەران هێرشیان کردە سەر تشرین، قەرەقۆزاق و دێر حافر

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕایگەیاند؛ لە ٢٠ی شوباتدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین، قەرەقۆزاق و دێرحافر بەردەوام کرد.

قەسەدە لەو بارەیەوە ئەم زانیاریانەی لە ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چالاکییە وەڵامدانەوەکانی شەڕڤانان بڵاوکردەوە:

"دوێنێ (پێنجشەممە) دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بەردەوام بوون لە هێرشە دڕندەکانیان بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا؛ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەر لە بەیانییەوە هێرشێکی چڕیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین دەستپێکرد. لە هەمان کاتدا، ناوچەکەیان تۆپباران کرد. تۆپبارانەکان هەتا کاتژمێرەکانی دانی بەیانی هەینی بەردەوام بوو. لە ئەنجامدا زیانی ماددیی گەورە، بەتایبەتی لە شوێنی کرێکارانی بەنداوەکە کەوتووتەوە.

هێزەکانمان وەڵامی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەریان بۆ سەر لادێکانی باکووری بەنداوەکە دایەوە. لە ئەنجامدا ئەندامی چەتەکان کوژران و برینداریان لێکەوتەوە.

لە کاتی نیوەڕۆدا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناوچەی دەوروبەری شارۆچکەی شیوخی لە ڕۆژاوای کۆبانێیان بۆردومان کرد و کاتژمێر ١٧:٠٠ گوندی ئەحمەد مونیر کە بەشێکە لە شارۆچکەکە کردە ئامانج. هەروەها لەلایەن فڕۆکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە مووشەک ئاراستەی کێڵگە کشتوکاڵی ناوچەکە کرا و زیانی ماددی لێکەوتەوە. هاوکات لەگەڵ بۆردومانەکەدا گوندەکە تۆپباران کرا و زیانی ماددی بە ماڵ و موڵکی دانیشتووان گەیشت. جێی ئاماژەیە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە درێژایی ڕۆژ بە سەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.

هەروها سەرەڕای ئەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندی خەسەقیان لە نزیک پردی قەرەقۆزاق ٤ جاران بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا زیانێکی گەورەی ماددی بەر گوندەکە کەوتووە. گوندەکانی تینا، جادە، بیر حسۆ، دیکان، سنا و گردەکانی شەڤێ و قەرەقۆزاق بە زیاتر لە ٣٠ گولـلە هاوەن، تانک و موشەک کرانە ئامانج. لە ئەنجامدا زیانێکی ماددی زۆر بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی مەدەنی کەوت.

هەروەها لە بەرەی دێر حافر؛ چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر خاڵی هێزەکەمان، بەڵام شەڕڤانانمان وڵامی هێرشەکەیان دایەوە و لەدژی کۆبوونەوەکانیان چالاکیان ئەنجامدا. لە ئەنجامدا بەشێک لە ئەندامانی چەتەکان بریندار بوون، کە بەڕوونی هەژماریان نەزانراوە.

لە بەرەی عەین عیسا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە درێژایی ڕۆژ بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوورێنەوە.