یەرەکە: بە رێنماییەکانی هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی توانیمان گەلێک دەسکەوتی بە نرخ بەدەست بخەین

فەرماندەیی (یەرەکە) بە بۆنەی کۆچی دوایی هەڤاڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "لە بونیادنانی یەرەکەوە هەتا ئەمڕۆ بە رێنماییەکانی هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی توانیمان گەلێک دەسکەوتی بە نرخ بەدەست بخەین."

ڕاگەیەندراوی یەرەکە

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی هەڤاڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی وەهایە:

"لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕێکی قورس و هەمەلایەنە لە گۆڕێ دایە، کەڵکوەرگرتن لە ئەزموون و لێزانینی کەسایەتیێک وەک هەڤاڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی کە زیاتر لە نیوسەدەی ژیانی پڕ بەنرخی خۆی تەرخانی شۆڕشی ئازادی کوردستان کردبوو، بێ گومان لە هاوکێشە سیاسی و دیپلۆماتیکەکاندا قورساییێکی تایبەتی بۆمان دەڕەخساند. بەڵام زۆر بەداخەوە تێکۆشەر، شۆڕشگێڕ، سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەری هێژا و دڵسۆزی گەلەکەمان هەڤاڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی لە رێگای شۆڕشی ئازادی و دێموکراتیکی کوردستاندا لە ڕێکەوتی٢٠٢٥/٣/١٨ کۆچی دوایی کرد.

سەرەتا سەرەخۆشیمان ئاراستەی رێبەر ئاپۆ و هەموو گەلەکەمان بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو هەڤاڵانمان دەکەین. بەڵێن دەدەین هەتا وەدیهاتنی خەیاڵ و ئامانجەکانی بۆ کوردستانێکی ئازاد و دێموکراتیک تێکۆشانمان بەردەوام بکەین.

هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی بە درێژایی تەمەنی خەباتی بێ وچان و بێ راوەستان لە رێگای ئازادی کوردستان دا بەرێوەبرد و بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە هەرە ناسراوەکانی رۆژهەڵات و کوردستان بە گشتی. ئەو کەسایەتیەی کە لە کاتی دەسەڵاتداری شای ئێران دەستی بە تێکۆشان کرد و بەشداری ناو ریزەکانی تێکۆشانی شکۆمەندانەی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و بەردەوام بوو. دوای ئەوەی کە تەڤگەری ئاپۆیی ناسی هەتا ئەمرۆ وەک شۆڕشگێڕی تامەزرۆی ئازادی لە بەرەی هەرە پێشەوەی سەنگەری ئازادی و دێموکراسی کوردستان دا پێشەنگانە خەباتی بەرێوە برد و بوو بە نموونەی تێکۆشەری و گیانفەدایی بوون.

ئێمە وەکوو یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی بونیادنانی (ی رک)وە هەتا ئەمڕۆ بە رێنمایی هەڤاڵ حاجی توانیمان گەلێک دەسکەوتی بە نرخ بەدەست بخەین. بە تایبەت ئەزموون و لێهاتوویی و ناسینی رۆژهەڵات لە هەر هەڵ و مەرجێکدا بۆ هەموو هەڤاڵانمان سەرچاوەی هێز و مۆرال بوو.

بۆ بەرز راگرتنی یادەوەریەکانی شۆڕشگێری بێ وێنەی کوردستان، هەتا بەدیهاتنی خەیاڵ و ئامانجی هەڤاڵ حاجی پەرە بە تێکۆشانمان دەدەین و جارێکی تر پەیمانمان لە گەڵ هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و دێموکراسی کوردستان دووپات دەکەینەوە.

یادی هەر بەرز بێت و رۆحی شاد

شەهید نامرن.

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان(یەرەکە)."