هەموو دەنگ و چریكە و سۆزو سەدایەک هاوارێكە لە مرۆڤ بوون یان هاوارێکە بۆ ئازارەکانى نەتەوە و کۆمەڵگەکەی، یەکێک بە شێعر دەری دەبڕێت و یەکێکی تر بە میوزیک و گۆرانی، یەکێک بە سیاسەت و یەکێکی دیکەش بە نووسین و داهێنان، بێگومان ڕێگەی دیکەش هەیە بۆ گەیاندنی ئەو هاوارە، حەسەن زیرەک یەکێک لەو مرۆڤانەى کە هاواری خۆی و نەتەوەکەی بە گۆرانی دەردەبڕی.
ئەمڕۆ لە مێژووی هونەری کوردیدا ڕۆژێکی خەمناک و ئازار بەخشە، ڕۆژێک نەکەس بیری دەچێتەوە و نە هونەری ئەو هونەرمەندە لێدەگەڕێ ئەو ڕۆژە بیر بچێتەوە، ئەویش هونەرمەند حەسەن زیرەکە کە ٥٣ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٢٦ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧١ کۆچی دوایی کرد.
حەسەن زیرەک دەنگێکی ئەفسووناویی و هەرە دەگمەنى ناو هەمبانە دەوڵەمەندەکەی هونەری کوردییە، زیرەک خۆی بەتەنیا سامانێکی هونەریییە، لە یەک کاتدا خۆی مامۆستای بەستەی کوردیی و پارێزەری فۆلکۆر و زیندووکەرەوەى فۆلکلۆریشە، هەر خۆشی داهێنەری ئاوازو هۆنراوەی کوردییە.
زیرەک لە ڕۆژی ٢ـی تشرینی دووەمی ساڵی ۱۹۲۱ لە گوندی هەرمێلەی سەر بە شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بەهۆی هەژاری بنەماڵەکەیەوە نەیتوانیوە بخوێنێت و هەر لە منداڵییەوە ملی بە کارکردنەوە ناوە، بۆیە منداڵی ئەو هونەرمەندە جێگای بەخیلی نییە و چیرۆکەکەی ناخهەژێنە.
بە هۆی هەژارییەوە زیرەک وەک مەلێکی بێلانە هەر دەمە و لە شارێک و لە گوندێک بوو، لە تارانەوە تا بەغدا وەک گەڕیدەیەک دەگەڕاو بە گەرووی پڕ سۆزی خۆی و بە دڵێکی شکاوەوە هونەرەکەی پێشکەش دەکرد، ئەگەر سەیری هونەری حەسەن زیرەک بکەی ئەو دڵشکاوی و بێ لانەییەی بە ئاشکرا دەبیندرێت و هەستى پێدەکرێت.
زیرەک یەکەم گۆرانى ساڵی ۱۹٥۳ یەکەم گۆرانیی خۆی لەوێ تۆمار دەکات و دەنگی بە سەر شەپۆلە ڕادیۆیییەکاندا سنوورەکان دەبەزێنێت و لەو ماوەیەدا لە بەغدا نزیک بە ۷٥ گۆرانی کوردیی تۆمار دەکات و ئیدی ناوبانگی حەسەن زیرەک بە هەموو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە.
دوای ساڵی ۱۹٥۸دەگەڕێتەوە ئێران و دەڕواتە ڕادیۆی کوردیی تاران لە ساڵی ١٩٦٢پەیوەندی بە ڕادیۆی کرماشانەوە دەکات و ۸۳ گۆرانی تۆمار دەکات، کە باشترین بەرهەمەکانی ئەوانەن لە ماوەی ئەو دووساڵەدا لە ئۆرکێسترای کرماشان بە سەرپەرشتی مامۆستا موجتەبا میرزادە تۆمار کراون.
میرزادە لەبارەی ئەو قۆناغەوە وتوویەتی گەر ١٥٠ گۆرانیمان لە ڕادیۆی کرماشان تۆمار کردبێت، ئەوا نزیکەی ١٠٠ دانەیان زیرەک هەر لە ستۆدیۆ لە پڕ بڕیاری لێ داوە بیچڕێت.
زیرەک سەدان گۆرانی لە کۆڕو دانیشتن و ڕۆیشتنى ناو ئۆتۆمبێل و لە کاروانى ڕێگادا وتووە کە تۆمار نەکراون و هەر ئەو کاتە ئاواز و هۆنراوەکەى بۆ هاتووە و جارێکی دیکە نەیتووەتەوە و لەدەست دەرچووە، هەرچەندە بەشێک لە هونەرمەندان باس لەوە دەکەن، حەسەن زیرەک لە ماوەی تەمەنیدا نزیکەی هەزار و ٥۰۰ گۆرانیی تۆمار کردوە، بەڵام گۆرانییەکانى زۆرینەى فەوتاون و لەناوچوون، ئەو بۆ بەشێک لە گۆرانییەکانی لە شیعری شاعیرانی وەک: نالی، وەفایی، ئیمامی، کوردی، هەردی، پیرەمێرد، هێمن و خۆی و فولکلۆر کەڵکی وەرگرتووە.
بەرهەمەکانی لە وێستگەکانی ڕادیۆی بەغداد، تاران، کرماشان، تەورێز، کەرکوک، موسڵ، مهاباد و هەروەها ئەو گۆرانیانەی کە لە مەجلیسییەکانی بۆکان، بانە، مهاباد، سلێمانی، هەولێر، موسڵ، بەغدا، کەرکووک، دەیان گۆند و سەیرانگا دەڵێ و تۆماریان دەکا.
زیرەک کە خۆی ئارامی دڵی هەموو کوردێک بوو، بەڵام خۆی دڵێکی شکاوی هەبوو، ئەوەش نەشاردووەتەوە و لە تۆمارێکی دەنگیدا دەڵێت: هونەر لەنێو كوردا بایەخی نییە و قەدری نەما، هونەر بۆ من بەهرەیەكی نەدا، بۆ من كارێكی نەكرد كە بە شوێنیا بچم، چوون كوردم و بەزمانی كوردی قسە دەكەم.
یەکێک لە هۆکارەکانی دڵی شکاوی زیرەک، قەدر نەزانینی بوو لەلایەن کوردەوە، بۆیە خەڵکی بە چاوێکی کەمەوە سەیریان کردوە و زۆر جاریش ئازار و ئەشکەنجەیان داوە و دەردەسەری و چەرمەسەری زۆری لە کاتی ڕێبواریدا لەم شار بۆ ئەو شار بینیوە، بەڵام ئەو هەرگیز لە هونەرەکەی ساردی نەکردوەتەوە، ئەو بەم چەند دێڕە شێعرە گوزارشت لە ژیانى تاڵ و تفتى خۆی دەکات ودەڵێت:
قەت لەدونیادا نەبوو بێجگە لەناخۆشی بەشم
ئەی خودا چەند بەد بەخت و چەند چارە ڕەشم
سەردەمێك ئاوارە بووم و مودەتێكیش دەربەدەر
قەت نەمدی ڕووی ئاسوودەگی هەر تووشی گێرەو قەر قەشم
زیرەك لە نەتەوەیەكی بن دەست و وڵاتێکی داگیرکراو و لەهەلومەرجێكی ناهەمواری پڕ لەستەم و نادادی كۆمەڵایەتی ژیا، بۆیە وەک هونەرمەند و کەسایەتییەکانى نەتەوەکانى دیکە قەدری نەگیرا و جگە لە ئازاردان و زیندانیکردن و پەراوێزخستن و دەربەدەرکردنى، هونەرەکەشی بەشی زۆری لەناوچوو، ئێستاش وەک پێویست گرنگی بە هونەرەکەی نەدراوە و بەرهەمەکانى هەمووی کۆنەکراونەتەوە.
هونەری ئەو هونەرمەندە کوردە تەنیا لەناو کورددا نەماوەتەوە، بەڵکو هونەرێکی کیشوەربڕی هەیە و نەتەوەکانى وەک فارس و ئازەر و تورک و عەرەب و یۆنانییەکان و ئەرمەنەکانیش گۆرانییەکانى ئەویان وتووەتەوە، هەندێکیان ئاماژەیان بەناوی حەسەن زیرەک کردوە و هەندێکیشیان وەک هونەری خۆیان ناویان بردووە.
خەمی کوردستان و نەتەوەکەی هەمیشە لای زیرەک خەمێکی قوڵ بووە، بۆیە بەردەوام ناوی کوردستان و کورد لەناو هونەرە باڵاکەیدا ڕەنگی داوەتەوە.
حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٧١ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبێت و لە دوای ساڵێک ململانێ لە گەڵ نەخۆشییەکەی لە ٢٦ـی حوزەیرانی ١٩٧٢کۆچی دوایی کرد، لە سەر داوکاری خۆی لە کێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ بە خاک دەسپێردرێت.
هـ . ب