بە دروشمی (کەرکوک دەخوێنێتەوە) یەکەمین پێشانگای کتێب لە کەرکوک کرایەوە

بڕیارە چالاکییەکانی پێشانگاکە بۆماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام بێت، وە دەیان کتێبخانە و چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی شارەکە و دەرەکی تێیدا بەشدارن.

 ئێوارەی دوێنێ لە تایم سەنتەر مۆڵ لە گەرەکی ڕەحیماوەی شاری کەرکوک، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران، شاعير و نووسەرانی شاری کەرکوک، لەژێر دروشمی "کەرکوک دەخوێنێتەوە" یەکەمین پێشانگای کتێب و دیداری شاعیران دەستی بە چالاکییەکانی کرد، بڕیارە چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی پێشانگاکە ماوەی ١٠ رۆژ بخایەنێت،

جێگای ئاماژەیە، لە پێشەنگاکەدا هەریەکە لە ناوەندەکانی (دیالۆگ، ئەدیبان، جەمال عیرفان و ڕەهەند) و چەند ناوەندێکی دیکەی ناوخۆیی شارەکە بەشداربوونە، وە پێشانگاکە جگە لە بەرچاوخستنی کتێب و بەرهەمە ئەدەبییەکان چالاکی هونەری و ئەدەبی هەمە ڕەنگییش لەخۆدەگرێت.

 لەلایەن (ڕەژاک)ەوە دەیان کتێبی ڕێبەر ئۆجەلان پێشکەش بە پێشانگاکە کرا

 جێگای باسە لە پێشانگاکەدا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک) سەردانی پێشانگاکەیان کرد و لە مینانەی سەردانەکەیان بەناوی (ڕەژاک)ەوە دەیان کتێبی رێبەری گەلی کورد ڕێبەر (عەبدوڵا ئۆجەلان)یان پێشکەش بە پێشەنگایەکە کرد وەکو پاڵپشتییەک بۆ زیاتر گرنگی دان بەکەرتی ڕۆشنبیری و دونیای نووسین و ئەدەب لە پێشانگاکە و شارەکە.

 لە کەرکوک هونەر لە تەواوی بوارەکان زۆر گەشەی کردووە

 سکاڵا نازام  کەسایەتییەکی هونەری شاری کەرکوکە، کە مامۆستای منداڵانە و لەهەمان کاتدا دەرهێنەری شانۆ و کورتە فیلمی بواری مندالانە، سکاڵا وەکو کتێب خوێنەرێک سەردانی پێشانگاکەی کردبوو و سەبارەت بە پێشانگاکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بەم شێوەیە دوا: "زۆر بەپێویستم زانی لەم پێشانگایە ئامادەبم، چونکە شاری کەرکوک جگە لە بلێسەی ئاگرەکەی هونەر و هونەردۆست و ئەدیبانی زۆر گرنگی بە بواری ڕۆشنبیری دەدەن بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوو هونەر لە تەواوی بوارەکان بەگشتی و لەبواری خوێندنەوە بەتایبەتی زۆر گەشەی کردووە کە ئەمەش وائەکات ئەم جۆرە پێشەنگایانە گرنگییەکی زۆری هەبێت".

 لەڕێگەی هونەرەکانەوە شۆرشگێری نەتەوەکەمان نیشان دەدەین

 هەروەها سکاڵا نازم باسی لە گرنگی ڕۆشنبیری کرد بۆ کەرکوکییەکان و ووتی: "جێگای خۆشحاڵییە بۆ گەنجانی کەرکوک کە ئەم جۆرە چالاکییە ڕۆشنبیرییانە ماوەی چەندین ڕۆژ دەخایەنێت کە ئەمەش سودی هەیە و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت، شاری کەرکوک جگە لە شۆرشگێری و نەتەوایەتی، هونەردۆستێکی زۆری هەیە و لەڕێگەی هونەرەکانەوە شۆرشگێری نەتەوەکەمان نیشان دەدەین، هەرچەندە شارەکەمان بێ نازە لەڕووی هونەری و ڕۆشنبیرییەوە بەڵام زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی لە باشوری کوردستان کە جێی دەستیان دیارە خەڵکی کەرکوکن و لە کەرکوکەوە پەرەیان بەکارەکانیان داوە کە ئەمەش بۆ ئێمەی کەرکوکی جێگای دڵخۆشییە".

لە کتێب خوێندنەوەدا مرۆڤ دەتوانێت خۆی بدۆزێتەوە

 لە کۆتایدا سکاڵا نازم وەکو کچە خوێنەرێکی شارەکە پەیامێکی ئاڕاستەی گەنجان کرد و ووتی: "خوێندنەوەی کتێب یەکێکە لەو ڕوحە گرنگانەی کە مرۆڤ دەتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوە و ئەو بوارانەی کە خۆی تیدا نوقم نەبووە بیدۆزێتەوە ئەمەش لایەنێکی گرنگە بۆ هەموو خوێنەران منیش بەم شێوەیە زۆر سودم لە کتێب خوێندنەوە بینوە".

 هەنگاوێکی باشە بۆ کردنەوەی پێشەنگای گەورەتر

 لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، شاعری دیاری باشوری کوردستان و شاری کەرکوک، دانا عەسکەر ئاماژەی بەوەدا "ئەمە یەکەمین پێشانگای لەم جۆرەیە کە ئەنجام بدرێت هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت هاوشێوەی پێشەنگا گەورەکانی بەغدا، هەولێر و سلێمانی، بتوانین لە کەرکوکیش پێشەنگای گەورە ئەنجام بدەین، بەو پێەی هەندێک شار ناوەندی ڕۆشنبیری و دامودەزگای ڕۆشنبیری گەورەتری لیە بۆیە بەردەوام پێشانگای گەورەی لێ سازدەکرێت".

 ئەمانەش هۆکارن بۆ بەرەوپێشچوونی بواری رۆشنبیری لە کەرکوک

 هەروەها شاعیری شاری کەرکوک دانا عەسکەر، سەبارەت بە هەنگاوەکانی بۆ پەرەو پێشچوونی ڕۆشنبیری لە کەرکوک ڕایگەیاند: "هەرچەندە دامودەزگای کەم بەشداربوونە لەم پێشانگایە بەڵام هەنگاوێکی ئەرێنیە و سەرەتایەکە بۆ ڕێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی دامودەزگا و ناوەندە رۆشنبیرییەکان لە شارەکانی دیکەوە بێنە کەرکوک و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن، بەڵام کردنەوەی پێشەنگای گەورە پەیوەندی بە دۆخی ئابوری و شارستانیەتی شارەوە هەیە، لە چەند ساڵی ڕابردوو بەشێکی زۆر لە دەزگا ڕۆشنبیرییەکان بەردەوام کۆڕ و سیمینار دەگێرن وە خەڵکێکی زۆر بەشدار دەبن ئەمانەش هەمووی هۆکارن بۆ بەرەوپێشچوونی بواری رۆشنبیری لە شارەکە ئەمەش مایەی دەستخۆشییە، لە رۆژانی داهاتووش پێشەنگاکە گەورەتر دەبێت و لە شارەکانی دیکەوە بەشداری تێدا دەکرێت".

 لەڕابردوودا کەرکوک پێشەنگ بووە لە بواری ڕۆشنبیری

 لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو شاعیرەی شاری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "شاری کەرکوک لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو پێشەنگ بووە لە بابەتی رۆشنبیری بە حوکمی ئەوەی یەکێک لە چوار کەناڵەکانی عێراق لە کەرکوک بووە، بەڵام ئەوەی کەرکوکی لەو بواردا پاشخستووە لایەنی سیاسی بووە".

هـ . ب