درامای تورکی..ئەو ژەهرەی کەناڵە کوردیەکان دەرخوارد بینەرانی دەدەن
"دراما تورکیەکان وەک ژەهرێکن کە کەناڵە کوردیەکان لە باشوور دەرخواردی بینەرانی دەدەن و بەم جۆرەش ئەو ئامانجە ئایدۆلۆژییە بەدیدێنن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵی بۆ دەدات".
"دراما تورکیەکان وەک ژەهرێکن کە کەناڵە کوردیەکان لە باشوور دەرخواردی بینەرانی دەدەن و بەم جۆرەش ئەو ئامانجە ئایدۆلۆژییە بەدیدێنن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵی بۆ دەدات".
دەوڵەتی داگیرکەری تورک وەک چۆن دەیەوێت لە ڕێگای سەربازیی و سیاسیی و ئابوورییەوە خاکی کوردستان داگیربکات، ئاواش هەوڵدەدات لە زنجیرە دراماکان و فیلم و میدیاوە ناسنامە و کولتوری کوردان هەڵبوەشێننەوە و هەستى نەتەوەیی تاکی کورد لاواز بکات، بەڵام کەناڵە ئاسمانى و ناوخۆییەکانی باشووری کوردستان جگە لەوەی بە پارەیەکی خەیاڵیی ئەم زنجیرەدراما و فیلمانە دەکڕن، بەبێ ئەوەی بیر لە دەرئەنجام و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی لەسەر کولتووری کۆمەڵگەی کوردیی بکەنەوە، وەک ژەهر درخواردی بینەران دەدەن، بەم جۆرەش ئەو ئامانجە ئایدۆلۆژییە بەدیدێنن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵی بۆ دەدات.
لە زنجیرە تەلەفزیۆنیی و فیلمەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا، جنێودان، سووکاتیکردن، توندوتیژی، قسەی ناشرین بوون بە شتێکی ئاسایی و باو، هانی بینەر دەدەن کە چۆن ژیانێک دابڕاو لە خێزان و کۆمەڵگە بژین، چۆن هاوژینەکان یەکتر فریوبدەن، چۆن پەیوەندیی خێزانیی تێکبدەن، چۆن توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجام بدن، چۆن دەمانچەیەک لە تەمەنێکی بچووکدا بەدەست بخەن و چۆن کەسێک بکوژن. بەم جۆرەش ئەم زنجیرەدرامایانە پێشەنگایەتی بۆ هەموو ئەو کارانە دەکەن کە تاک و خێزان و کۆمەڵگەی تەندرووست ناهێڵن.
موسلیم یوجەل نووسەری باکوری کوردستان لە پەرتووکی "کوردەکان لە سینەمای تورکییدا' تیشکی خستووەتە سەر پیشاندانی کارەکتەری کورد لە سینەمای تورکییدا و دەڵێت: دەرهێنەرە تورکەکان لە فیلمەکاندا هەرچی تایبەتمەندی خراپ هەیە بە کوردەوە دەبەستنەوە، وەک گەلێک کە تێکەڵی شارستانییەت نەبووە، وەک چەتە و مافیا، سەرپێچیکار، بێبەزەیی، پاشماوەی سەردەمی دەرەبەگایەتی، لە بەرامبەردا تورک وەک کەسێکی هاوچەرخ و قارەمان و داکۆکی لە بەها مرۆڤایەتییەکان وێناکراوە.
ئەوەی زیاتر جێی پرسیارە ئەم زنجیرەدرامایانە تەنیا لەباشوری کوردستان و هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەخش دەکرێن, تەنانەت دەوڵەتی تورکیا ڕێگە نادات لە میدیای ناوخۆی وڵاتەکەدا پەخش بکرێن، لە کاتێکدا کە خودی خۆی بەرهەمهێنەری ئەو ژەهرەیە.
بەڵام زۆربەی دامەزراوە میدیاکانی باشووری کوردستان لەبری ئەوەی ئامانجیان باشترکردنی کۆمەڵگا و درووستکردنی تاکێکی تەندرووست بێت کە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانییان بۆ درووست بکات، هاندەر بن بۆ ڕاستگۆیی، لێبوردەیی و بەخشندەیی لەناو تاکەکانی ناو کۆمەڵگەدا، دواجار بۆ پاراستنی خاک و نیشتیمان، کەچی بە پەخشکردنی زنجیرە تەلەفزیۆنیی و فیلمەکانی دەوڵەتی تورک ئەوە ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئەم دامەزراوە میدییانە هیچ بەرپرسیارێتییەکیان بەرامبەر ئەم پرسە نەتەوەییانە نییە و هیچ ئامانجێکی کۆمەڵایەتیان نییە، تاکە کاریان بووەتە سەرقاڵکردنی خەڵک و پەیداکردنی پارە و بەدیهێنانی مەرامە ئادیۆلۆژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.
لەو بارەیەوە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نامیلکەی "کولتوور و هونەر"دا هۆشداری دەدات لە بەرامبەر پەخشکردنی ئەم زنجیرەدرامایانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و دەڵێت: پێویستە وریابین، لە ئاگایی ئەوەدا بین کە ئەو زنجیرەدرامایانە چ کولتوور، شێوازێکی ژیان، پەیوەندیی و دەربڕینێکیان درووست کردووە، دەیانەوێت شێوە بە کۆمەڵگە و مرۆڤەکان بدەن، دەیانەوێت کەسایەتی و کۆمەڵگە بەپێی خۆیان بونیات بنێن و سەرقاڵییەکی شێواو لە کۆمەڵگەدا دروستبکەن.
لێرەوە دەردەکەوێت، ئەو میدیایانەی باشووری کوردستان کە ئەم زنجیرەدرامایانەی دەوڵەتی تورک پەخش دەکەن، میدیا وەک ئامانج و ئەرکی ئاراستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو چاکە نابینن، بەڵکو میدیایان کردووەتە ئامرازێک بۆ بەدەستخستنی سەرمایە لەڕێگەی پەخشکردنی ئەم زنجیرەدرامایانە و ڕیکلامەکانەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتانی پێشکەوتوو میدیا بەرپرسیار دەبینن بەرامبەر کاریگەریی لەسەر کەلتووری کۆمەڵگەی خۆیان، بە پێچەوانەوە وەک چۆن دەزگاکانی میدیا لە باشووری کوردستان ئەم بەرپرسیارییە هەڵناگرن، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیریش هیچ ڕێگری و سانسۆڕێکی بۆ ئەو درامە زیانبەخشە تورکییانە دانەناوە کە چووەنەتە ناو هەموو ماڵێکی کۆمەڵگەی کوردییەوە و بونەتە تێکدانی شیرازە و تەواوی بەها کۆمەڵایەتییەکان.
هـ . ب