کۆمیتەى ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە رایگەیاند، "سەرباری هێرشەکان ئێمە فێستیڤاڵەکە رێکدەخەین. داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین سەرباری هێرشەکان گۆڤەند و شایی و هەڵپەڕکێ بگێڕن".
فێستیڤاڵی گۆڤەندی شەهید رۆناهی باوەڕ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥ رێکخرا. ئەمساڵ ٥ هەمین فێستیڤاڵی گۆڤەندی شەهید رۆناهی باوەڕ لە رۆژی ٢٩ی تەممووز لە ناوەندی رۆشنبیریی سەردەم لە حەسەکە دەستپێدەکات. فێستیڤاڵەکە کولتوری پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە خۆ دەگرێت و گروپەکانی گۆڤەند و هەڵپەڕکێ بە رێکخستنی رێپێوانێک بە ناو شاردا دەست بە چالاکی هونەری و گۆڤەندەکانیان دەکەن.
فێستیڤاڵەکە ماوەی ٣ رۆژ دەخایەنێت و ٢٠ گروپی گۆڤەند لە شەهباوە تاوەکو دێرک لە پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سوریان، چەرکەز، تورکمەن و کەمە ئایینەکانی تر بەشداریی تیادا دەکەن. هاوکات گروپەکانی مۆسیقاش دەچنە سەر تەختە و هونەری خۆیان نمایش دەکەن.
کۆمیتەى ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە رایگەیاند، "لەبەر هێرشە داگیرکەرییەکان، کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بەردەوامییان هەیە، نەمانتوانی فێستیڤاڵەکەمان رێکبخەین، بەڵام ئەمساڵ سەرباری هەموو هێرشەکان فێستیڤاڵەکەمان بەڕێوەدەبەین. داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین سەرباری هەموو هێرشەکان وەرن و گۆڤەند و شایی و هەڵپەڕکێ بگرن".
ژ.ت