کۆمیتەی پەروەردەی کەژەکە بۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: زمانی دایک مافێکی کۆمەڵایەتییە، بۆیە بەربەست و رێگریی بەردەم خوێندن بە زمانی کوردی گەورەترین جینۆساید و پاکتاوکارییە.
کۆمیتەی پەروەردەی کەژەکە بەبۆنەی ڕۆژی ٢١ی شوبات رۆژی جیهانیی زمانی دایک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەسەڵاتداری پاکتاوکار لە تورکیا، لە دروشمەکانی "یەک نەتەوە" و "یەک زمان" و "یەک دەوڵەت"ەوە گەیشتووەتە ڕژێمی یەک کەس، لە دژی زمانی کوردی سیاسەتی پاکتاوکردن و جینۆسایدکردنی زمان بەڕێوەدەبات. ئەوەشی تیادا هاتووە، "بە بۆنەى رۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە، لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، لە هەر شوێنێکدا، کە گەلی ئێمەی تیادایە، سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە تێدەکۆشن زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردە و فێرکردن و خاوەنداری لە زمانی دایک دەکەن. بۆ ئەو هەڵوێستە شکۆمەندانەیان پیرۆزبایی لە هەموان دەکەین. ٢١ی شوبات، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە دژی سیستمی دەسەڵاتدار و نەتەوەپەرەست و شۆڤێنی، کە پشتبەستووە بە یەک عەقڵییەت، لە جیهانی فرەزمانیمان دا ئەوە نیشان دەدات، ئەو زمانەی، کە دەبێتە هۆی هەبوونی گەلێک، نابێت بە نەبوو بزانرێت و نکۆڵیی لێ بکرێت.
٢١ی شوبات ڕۆژی زمانی دایکە، ڕۆژی بزووتنەوەی زمانی دایکە. لە رووی مێژووییەوە ئەو ڕۆژەیە، کە گەلی بەنگلادیش نرخێکی قورسیان دا بۆ ئەوەی بتوانن بە زمانی دایک بخوێنن، لە ئەنجامی ئەو خەباتە سەختەدا سەرکەوتوو بوون. ئێمە بە ڕێزەوە یادی ئەو قوتابیانەی زانکۆی بەنگلادیش دەکەینەوە، کە لەگەڵ پۆلیسی بەنگلادیش شەڕیان کرد و کوژران. هەرچەندە ٢١ی شوبات لەلایەن یونسکۆوە بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ڕاگەیەندراوە، بەڵام بەپێی نەخشەى یونسکۆ بۆ زمانەکانی جیهان و ئەو زمانانەى لە ژێر مەترسیدان، لە تورکیا، کە یەکێکیکە لە ٢٠ وڵاتەکەى ئەندامی یونسکۆ ١٨ زمان لە ناوچوون، یان لە لێواری لەناوچووندان. دەبێت یونسکۆ بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە گوشار و سیاسەتی رێگریکردنی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە بهێنرێت، کە لە سەر زمان، خەباتکارانی زمان، رۆشنبیری و کولتور و چاپەمەنیی کوردی دایناوە، دەبێت یونسکۆ لەوەدا بە بەرپرسیاریی خۆی هەستێت.
بانگەوازی ئێمە بۆ یونسکۆ ئەوەیە، ئەو ڕێککەوتننامانەی، کە بڕیاری لێداون، بۆ ئەوەی تورکیا و وڵاتانی تری ئەندام جێبەجێی بکەن، گوشاریان لەسەر دروست بکات و وەک دامەزراوەیەک بە رۆڵی خۆی هەستێت تاوەکو زمانی گەلانی ئێستا، کە ماون، بۆ نمونە زمانی گەلی کورد ببێتە خاوەن پێگەیەکی سیاسی. لە تورکیا حکومەتی فاشیست و پاکتاوکار، کە لە دروشمەکانی 'یەک نەتەوە' و 'یەک زمان' و 'یەک دەوڵەت' گەیشتووە بە ڕژێمی یەک کەسی، ئەمڕۆ بە تایبەتی سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکردن لە دژی زمانی کوردی بەڕێوەدەبات. قبووڵکردنی زمانی کوردی وەک وانەیەکی هەڵبژێردراو لە چەند قوتابخانەیەکدا مانای ئەوە نییە، کە سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکردنی زمان لە تورکیا نەمابێت، چونکە هێشتا ئەندامانی چاپەمەنیی کوردی دەستگیر و زیندانی دەکرێن. زۆرێک لە ڕێکخراوەکان و خەباتکاران، کە بۆ کولتور و زمانی کوردی کار دەکەن، لە ژێر گوشاردان".
دەوڵەتانی سوریا، ئێران و عێراقیش زمانی کوردی قەدەغە دەکەن
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەهۆی گوشارەکانی ڕژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلی کورد لە پەروەردەی زمانی دایک بێبەشکراوە و راشیگەیاندووە: "مامۆستا زارا محەمەدی چەند هەفتەیەک پێش ئێستا بە تۆمەتی وتنەوەی وانە بە زمانی کوردی بۆ دەستەیەک لە منداڵانی کورد، بە پێنج ساڵ زیندانیکردنی سزا درا. بێگومان لە کەسایەتیی مامۆستا زارادا ئەوە ڕوون بوویەوە، کە دەوڵەتی ئێران چۆن سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکردنی زمان لە دژی گەلەکەمان پەیڕەو دەکات.
دەوڵەتی سوریا تا ئێستا زمانی کوردیی وەک زمانی فەرمی بەرامبەر بە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا قەبووڵ نەکردووە، کە بە ڕەنجێکی زۆرەوە و قوربانیدانی هەزاران شەهید بە دەست هاتووە.
حکومەتی عێراقیش سەرباری پێگەی کورد لەباشووری کوردستان، سیاسەتی قەدەغەکردنی زمانی کورد لە کەرکوک پەیڕەو دەکات، کە شارێکە زۆرینەى دانیشتوانەکەى کوردن. بە پاساوی جۆراوجۆر سیاسەتی قەدەغەکاری لەسەر زمانی کوردی بەڕێوەدەبات. ناوی کوردی لەسەر تابلۆکانی شارەکە لادەبات، قسەکردن بە کوردی لە دام و دەزگاکانی نەوت دا قەدەغە کردووە، دەرفەتی پەروەردە بۆ ئەو خوێندکارانە کەم دەکاتەوە، کە بەزمانی کوردی دەخوێنن و بەو شێوەیە هەوڵدەدات لە زمانی کوردی دووریان بخاتەوە. زمانی گەلێک هەبوون، جەستە و ئازادیی و بوونی ئەو گەلەیە. هەتا جەستەی کوردستان بەسەر چوار بەش دا دابەش کرابێت، تاوەکو هەبوون و ئازادی مسۆگەر و کەرەنتی نەکرێت، ژیان مانای نابێت".
زمانی دایک هەبوونی مرۆڤەکانە
لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "فێربوونی زمانی دایک، قسەکردن پێی و گەشەپێدانی، سروشتیترین و مانادارترین و کۆمەڵایەتیترین مافە. زمان هۆکاری هەبوونی مرۆڤەکانە. زمانی دایک ناسنامەی هەموو بوونەوەرێکە لەم گەردوونەدا، بۆیە بێبەشکردنی کورد لە خوێندن و پەروەردەکردن بە زمانی کوردی، کە گەلێکی ٤٠ ملیۆن کەسییە گەورەترین جینۆساید و پاکتاوکارییە. حکومەتی ئاکەپە - مەهەپە سیاسەتی ئاسیمیلکردن (تواندنەوە) و جینۆسایدکردنی زمان لەسەر زمان و گەلە جیاوازەکانی تورکیا پەیڕەو دەکات.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە سڵاو لە هەموو خەباتکاران و دامەزراوەکانی و رێکخراوەکانی زمانی دایک دەکەین، کە خەبات دەکەن بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و پێگەیی یاسایی هەبێت و ببێتە زمانی پەروەردە و فێرکردن. هەروەها داوا دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو کار و خەباتە بە هەمیشەیی ئەنجام بدرێت و راهێنراوی بەهێز پەروەردە بکرێن، جەخت و قورسایی بخەنە سەر کاری ئەکادیمی، دایکان و باوکانی کورد و هەموو گەلەکەمان خاوەنداری لە زمانی گەلەکەمان بکەن، بۆیە لە ماڵەوە، لە کارگەکان و لە هەموو شوێنێک دا بە کوردی قسە بکەن، منداڵەکانتان فێری خوێندن بە زمانی کوردی بکەن و بە کوردی بخوێنن، میلۆدیی کوردی زیاتر بکەن با لە هەموو شوێنێک دەنگ بداتەوە".
ژ.ت