کەرکوک، یادی هونەرمەندی گەورەی مەقامبێژی شکور خەیات بەرزڕاگیرا
لە چالاکییەکدا لە شاری کەرکوک، یادی چلەی ماتەمینی کۆچکردنی هونەرمەند و مامۆستای مەقامبێژی شوکر خەیات بەرزڕاگیرا.
لە چالاکییەکدا لە شاری کەرکوک، یادی چلەی ماتەمینی کۆچکردنی هونەرمەند و مامۆستای مەقامبێژی شوکر خەیات بەرزڕاگیرا.
شوکر محەمەد قادر ناسراو بە (شوکر خەیات) مامۆستای مەقامی کوردی و یەکێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٠ لەدایکبووە، وە لە ساڵی ١٩٥٣ چووەتە دونیای هونەری کوردییەوە و دەستی بە وتنی بەستە و مەقامات کردووە، شوکر خەیات لە ١٩٥٥ یەکەم بەرهەمی هونەری خۆی لەسەر دەستی مامۆستا عەلی مەردان تۆمار کرد و وەک یەکێک لە هونەرزانانی بواری مەقام ناسرا و پاشان نازناوی سەدای ئەنفالی پێوە لکێندرا و تا دوا هەناسەکانی ژیانیشی لە خزمەت ئاواز و گۆرانی رەسەنی کوردی بوو.
شوکر خەیات لەپاڵ هونەرەکەیدا لە ساڵی ١٩٥٧وە کاری خەیاتی دەکات، چونکە نەیتوانیوە بە کاری هونەری بژێوی ژیانی دابین بکات، چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان گەڕاوە و چەند ساڵێکیش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر بردووە، دوای مانەوەی ١١ ڕۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشییەوە لە ڕێکەوتی ١٨/٨/٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد.
بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو خزمەتەی کە هونەرمەند کردوویەتی بە هونەری ڕەسەنی کوردەواری، ئێوارەی ئەمرۆ سێ-شەممە لە سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک لە مەراسیمێکی تایبەتدا یادی چلەی کۆچکردنی ئەو کەڵە هونەرمەندە بەڕێوەچوو.
لە یادکردنەوەکە رۆشنبیران و هونەردۆستانی تەواوی شارەکانی باشوری کوردستان و هەروەها کەسایەتییەکان و لایەنە سیاسیەکانی شاری کەرکوک ئامادهبوون لە یادکردنەوەکە.
سەبارەت بە مەڕاسیمی چلەی ماتەمینی ئەو هونەرمەندە، نەژاد نەجم هونەرمەندی دیاری شاری کەرکوک و باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) گوتی: "ئەمرۆ لەم چالاکییەدا یادی چلەی هونەرمەندێکی گەورەی گەلی کورد و کەرکوک و گەرمیان بەڕێوەدەچێت، وە شوکر خەیات یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە دووبارە نابنەوە، ئێمەش وەکو هونەرمەندانی شاری کەرکوک بە پێویستمان زانی بۆ ڕێزگرتن و بەرزڕاگرتنی یادی ئەم هونەرمەندە مەڕاسیمی چلانەیەکی شایستەی بۆ ئەنجام بدەین".
هەروەها نەژاد نەجم لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات((ANFەوە پەیامێکی ئاڕاستەی هونەرمەندان کرد و گوتی: "هونەرمەندانی سەرجەم بوارە جیاوازەکانی هونەر، پێویستە جێگای دەستمان دیار بێت لە هونەرەکانمان بۆ ڕێزگرتن و بەرزڕاگرتنی یادی ئەو گەورە هونەرمەندانەی کە کۆچیان کردووە".