لە کۆنسێرتی پاریسدا بانگەواز بۆ یەکگرتوویی راگەیەندرا
لە پاریس بە دروشمی "تێکۆشانی ئینترناسیۆناڵ لە دژی پیلانگێری نێونەتەوەیی" کۆنسێرتێک سازکرا. لە کۆنسێرتەکەدا داوا لە هەموان کرا کە لە ژێر چەتری کۆنفێدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا یەکبگرن.
لە پاریس بە دروشمی "تێکۆشانی ئینترناسیۆناڵ لە دژی پیلانگێری نێونەتەوەیی" کۆنسێرتێک سازکرا. لە کۆنسێرتەکەدا داوا لە هەموان کرا کە لە ژێر چەتری کۆنفێدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا یەکبگرن.
گەلی کورد و دۆستانی لە ئەوروپا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" بە چالاکی جیاجیای هونەری، رێپێوان و چالاکی فرەڕەنگ دەستیان بە دووەم ساڵی هەڵمەتەکە کردووە. لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا دوێنێ لە پاریس "کۆنسێرتی پشتیونای لە عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی کورد" سازکرا.
کۆنسێرتەکە بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (جەدەکە-فە)، بزوتنەوەی ژنانی کورد لە فەرەنسا (تەژەکە-فە)، کۆمیتەی ژنۆلۆژی، کۆمەڵەی کولتوریی کوردستان، فەرەنسا-کوردستان، سەندیکای هاوپشتی، دامەزراوەی دانیەل میتێران، بزوتنەوەی دۆستایەتی نێوان گەلان لە دژی نەژادپەرستی، بزوتنەوەی ئاشتی، نابۆ نەژادپەرستی، ماڵی تامیل ئەلام، گوندی کۆمەڵە کولتورییەکان، یەکگرتنی لاڤیرۆ، کورد ئینالکۆ، ئینترناسیۆناڵیست، کۆمەڵەی کولتوری کرێکاران کۆچبەری تورکیا و یەکێتی کۆمۆنیستە ئازادیخوازەکان لە کۆشکی کۆنگرەی مۆنتریاڵ سازکرا.
کۆنسێرتەکە بە وتاری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی کوردی دیموکراتیک لە فەرەنسا (جەدەکە-فە) بێریڤان فورات و باران کارا کرایەوە و بە خوێندنەوەی پەیامی هاوبەشی ئامادەکارانی کۆنسێرتەکە دەستیپێکرد.
لە پەیامە هاوبەشەکەدا ئاماژە بە گۆشەگیری رەهای سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی سیستمی ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمراڵی کرابوو.
لە پەیامەکەدا باس لە گرنگی تێکۆشانی ئینترناسیۆناڵ لەپێناو هەڵگرتنی سیستمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قڕکردن لە ئیمراڵی کرابوو و ئەوەشخرابووەڕوو کە ئەو هەڵمەتەی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرابوو، تادێت گەورەتر دەبێت و دەنگ دەداتەوە، ئەوەش لە سایە تێکۆشانی هاوبەش هاتووەتەدی.
هەرلە پەیامەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، کە ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەرکی سەرەکی و بنچینەیی بندەستانە و راگەیەندراوە، "ئازادی ئەو ئازادی ئێمەیە". داواش کرا سەرجەم ئەو چین وتوێژانەی لەلایەن سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دەچەوسێندرێنەوە لە ژێر چەتری "کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک"دا یەکبگرن.
عومەر گونەش پارێزەری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشداری لە چالاکییەکەدا کرد و باسی لەوەکرد کە عەبدوڵا ئۆجالان ٢٦ ساڵە لە ئیمرآڵی لە ژێر گۆشەگیر دژواردایە و وتی، نزیکەی ٤ ساڵە بە هیچ جۆرێک رێگە نادرێت دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی ئەنجام بدات. گونەش وتیشی، "گۆشەگیری لە ئیمرآڵی ئەشکەنجەیە و تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی". باسی لەوەشکرد کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئەوروپا لە بەرامبەر ئەو ئەشکەنجەدانە بێدەنگن و وتی، لەپێناو ناچارکردنیان بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان دیپلۆماسی گەل گرنگە.
دوای وتارەکان مائوس و حەکیم، رۆدێڵف بورگێر، سۆفیانە سەعیدی، مەهدی حەداب، فرمێسک، خەلیل خەمگین، حەکیم سەفکان و هۆزان جۆمەرد هاتنە سەر ستەیج و گۆرانیان پێشکەش کرد.