ڕێژوان فواد: تا خۆت لە بوارێکدا نەدۆزیتەوە، ناتوانی بەرهەمدار بی

ڕێژوان فواد، گەنجێکی هونەرمەندی شاری سلێمانییە و لەبارەی بەرهەمداربوونی گەنجانەوە وتی: "تا خۆت لە بوارێکدا نەدۆزیتەوە، ناتوانی بەرهەمداربی."

 ڕێژوان فواد گەنجێکی تەمەن 23 ساڵانە، لەدایکبووی شاری سلێمانییە، ئەو جگە لە سەرقاڵی بە کاری ڕۆژانی خۆیەوە، خولیای بۆ ئامێری گیتار و شانۆ هەیە و تا ئێستا بەشداری کۆمەڵێک کۆنسێرت و شانۆگەرییەک بووە و بە وتەی خۆی، ئەو خۆیی لەناو هونەردا دۆزیوەتەوە.

 لەبارەی چوونە ناو هونەرەوە، لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "زۆر گرنگە گەنجان لەبوارێکدا خۆیان بدۆزنەوە، تا وانەکەن ناتوانن بەرهەمدار بن، چونکە حەزیان بۆ پیشەکەیان نییە، من ماویەکی زۆرە دەخوێنمەوە، لەڕێگەی خوێندنەوە و مەعریفەوە بوو توانیم هونەر هەڵبژێرم، هونەر بۆمن خولیا و حەزێکە کە دەتوانم لەسەری بەردەوام بم ."

 ئەو لەبارەی ئەزموونی ئامێری گیتار و ژەنینی خۆیەوە وتی: "گیتار بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەم، زۆربەی کاتەکانی ڕۆژانەم لەگەڵ ژەنینی ئامێری گیتار بەسەردەبەم، جیا لەوەش ڕاهێنان بۆ شانۆ دەکەم، بەتەنیا ئەزموونی گیتارەکە شەرت نییە، بەڵکو ئەو ژینگەیەی کە دەیدۆزیتەوە و ئەو کەسانەی کە دەیانناسی بەهۆی ئەو ئەزموونەوە زۆر گرنگە، من لەگەڵ ئەم ئەزموونە زۆر ئاسوودەم."

 هەروەها ئاماژەی بەوەدا ئەو جۆرە موزیکەی کە دەیژنێت، کە بەوتەی خۆی پێیدەڵێن "فلامێنکۆ" موزیکێکی سروشتییە و وتیشی: فلامێنکۆ موزیکێکی سروشتیە و لە دەنگەکانی ناو ژینگە و بەتایبەت دەنگی جووڵەی پێی فلامێنگۆکانەوە نزیکە، من کە ئەو موزیکە دەژەنم، هەست بەوە دەکەم لەناو دڵی سروشتدام."

هـ . ب