باشووری کوردستان و قۆناغێکی مەترسیداری سیاسی

بێدەنگیی بەرانبەر ئەم دۆخە تاوانێکە و هەر بۆیە مافی ئەو تێکۆشانەیە کە حساب لە هەر کەس وەربگرێت وا بە بێدەنگییەکەی بەشێک بووە لە داگیرکاریی و لەشکرکێشییەکان.

ئەم بێدەنگیییەی باشووری کوردستان لە بەرانبەر لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا، تەنیا دۆخێکی سادە و ڕاگوزەر نییە، بەڵكوو دەرکەوتەکانی دەستپێکردنی سەردەمێکی تەواو ترسناک و مەترسیدارە. سەردەمێک هەمووان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوویی. سەردەمێک دەڕسکێت کە ئیدی بەها و ئینتیما و هەستوسۆزی نەتەوەیی گرێدراو بە خاک و مێژوو و جوگرافیا هیچ گرنگییەکی نامێنێت. ئیدی مرۆڤی ئێمە ژیانێکی تەواو ڕووت بە واتا هەرە سادەکەی بەسەر دەبات. ژیانی ڕووت لەم دۆخەدا واتا، ڕۆژانە کاتەکانت بەسەر بەرە؛ خواردن، خواردنەوە و گەڕان و خەوتن و چوونەسەر کار و ئێوارانیش نانخواردن لە ڕێستۆرانتە تورکییەکان و شەوانیش پێش خەوتن تەماشای درامایەکی تورکیی و بەو شێوەیە ڕۆژەکە بەسەر دەبەیت. لە بەرانبەریشدا ڕۆژانە بادینان ئەنفال دەکرێت و لەسەدا پەنجای خاکەکەی داگیر کراوە، هاوکات ڕۆشنبیر و نووسەرەکانیش وەک پیشەی هەمیشەییان لە خەون و خەیاڵاتی خۆیاندا و پێیان شەرمە ئەم بێدەنگییە بشكێنن، چونکە ئارام ئارام لەنێو زەلکاوی بەرژەوەندییەکانیاندا لە چەشنی بۆقی سەر قەوزەکان پاڵیان داوەتەوە و هیچ دەنگێکیان لێوە نایەت.

ئەم بێدەنگییە ناکرێت تەنیا وەک بێدەنگییەکی فیزیکی لێی بڕوانین، بەڵكوو پێویستە لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسیی و کەلتوورییەوە تەماشای بکەین. لێرەدا بێدەنگییەکی دەستەکۆیی دەبینین، واتا تەواوی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێککەوتنێکی شاراوەدا یەکیان گرتووە و نائاگایانە و هەندێک جار ئاگایانە بێدەنگیی و پەسەندکردنی ڕەوشەکەیان بە بنەما بۆ خۆیان وەرگرتووە. میدیا، خێزان، حکومڕانی، شەقام، زانکۆ و تەواوی پانتایی گشتیی لەو ڕێککەوتنە شاراوەیەدا پێکەوە لە ئەرکدان، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو شەڕە تایبەت، کەلتووریی و زیهنییەیە، وا بەدرێژاییی چەند دەیەی ڕابردوو لەسەر زیهنییەتی تاکی باشووری کوردستان کاری لەسەر کراوە. دوو دەیە لەمەوبەر داگیرکاریی تورکیا بەم شێوەیە قبووڵ نەدەکرا و دیمەن و بەڵگە هەیە کە تەواوی هاوڵاتییان لەسەر شەقامەکان بوون و دۆخەکەیان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام هەنووکە نەوەک بێدەنگی بەڵکوو دەبینین کە تەنانەت پشتگیرییش دەکرێن و بیانوو و پاساو بۆ ئەو داگیرکارییانە دەهێنرێتەوە.

هاوکات، ئەم دۆخە پەیوەندی بە درووستبوونی ئاگایی سیاسیی و مێژووییشەوە هەیە. ئەم دۆخەی ئێستا دەرئەنجامی چەند ساڵێک و چەند دەیەک نییە. بەڵکوو ئەنجامی مێژووی چەند هەزار ساڵەی دیرۆکی زاگۆرسەوە هەیە، هەروەها پەیوەندیدارە بە ناوەڕۆکی کەلتووری زاگرۆس و شێوەژیانی زاگرۆسیی. ئەم خاکە لە نیولیتیکەوە تاوەکوو ئێستا خەڵكەکەی و دانیشتووانەکەی هاوردەکراو نەبوون بۆی، بەڵكوو ئەوە ئەوانی دیکە بوون کە هاوردەکراو بوون، هەر ئەو پێواژۆی هاوردەکردنەشە کە لەسەرەتادا داگیرکاریی دەهێنێتە بوون، ئەم خاکە دەستپێکی ڕسکانی یەکەمین چرکەساتەکانی بەکۆمەڵگەبوونی مرۆییە، یەکەمین شوێنگەی نمایشی شانۆی داگیرکاریی و شەڕ و کاولکاریی سامییەکان بووە، ئەو جوگرافیایە بووە کە بۆ یەکەمین جار، جووەکانی بۆ ڕادەگوازرێت، خاکێکە هەزاران ساڵە دەپارێزرێت و خوێنی لێ دەچۆڕێت، بەڵام کۆڵ نادا و هیچ داگیرکەرێک نەیتوانیوە بۆ هەمیشە بیکاتە موڵکی خۆی، هەر بۆیە لەدوای لەدایکبوونی خۆری ئازادیی لە ئامارای باکووری کوردستانەوە، و ڕسکانی ئەو بزووتنەوە سیاسییەی وا ٥٠ ساڵە لەبەرانبەر سیستم بە ڕادیکاڵترین شێوە بەرخۆ دەدات، تێدەگەین ئەم شەڕە، شەڕی تەنیا کورد و تورک نییە، بەڵكوو شەڕی ژیار و شارستانییەتە، شەڕی دوو کەلتوور و دوو تێگەیشتنی جیاوازە، شەڕی نێوان ئەڤینداری ئازادیی و تاریکپەرستەکانە، شەڕی نێوان مۆدێرنیتەی دیموکراتیی و  مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. دواجار شەڕی پەیامهێنەرەکەی ئازادیی و خوداوەندە بێدەمامک و پاشا ڕووتەکانە، کە دواجار یەکلابوونەوەی شەڕەکەش وا لەنێو لەپی پرۆمیتۆسە گۆشەگیرکراوەکەی نێو تاشەبەردەکەی ئیمڕاڵی.

دواجار، ڕۆژانی ئێستا، ڕۆژانێکی دیرۆکییە. بەدڵنیاییەوە لەنێو لاپەڕەکانی مێژوودا بە گرنگییەوە تۆمار دەکرێت، بێدەنگیش لەبەرانبەر ئەم دۆخە هەستیارە، بەدەر لەوەی درێژکردنەوەی جۆرێک لە سیستمی گەمژەیەتیی سیاسیی ئەمڕۆیە بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا، هاوکات تاوان و خیانەتێکە کە لە بیر ناکرێت، جگە لەمە با ئاشکرا هەر کەس بزانێت، تەڤگەری ئازادیی کوردستان لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا بە دەیان دۆخی لەو چەشنەی تێپەڕاندووە و، بە سەرکەووتوویی مێژووی ڕێکخستنی سیاسیی و ئایدۆلۆژی خۆی نووسیوەتەوە و، هاوشێوەی شەنگال و مەخموور، ئەمجاریش باشووری کوردستان دەپارێزێت، بەڵام با هەر کەس لای ڕوون بێت، بێدەنگییش لەبەرانبەر ئەم دۆخە تاوانێکە و هەر بۆیە مافی ئەو تێکۆشانەیە کە حساب لە هەر کەس وەربگرێت وا بە بێدەنگییەکەی بەشێک بووە لە داگیرکاریی و لەشکرکێشییەکان.